ڕه‌نگه له سه‌رده‌می ئێسته و له‌م چركه‌ساته‌دا سه‌ختترین شت بۆ نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ندێك ئه‌وه بێت قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر "هیوا" بكات، ئه‌ویش قسه‌كردنێك نه‌ك له فه‌زایه‌ك كه به‌ناو فه‌زای كۆرۆنا ناوزه‌د ده‌كرێت، به‌ڵكو له فه‌زای پێش كۆرۆناش ئه‌م حاڵه‌تی ئه‌سته‌مبوونه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر هیوا و ماناداركردنی هیوا و ده‌ستنیشانكردنی ده‌لاله‌ته‌كانی هه‌ر ئاماده‌یه.
له تێڕوانینی گشتیدا هیوا به‌ره‌وپیری ژیان ده‌چێت و له ناو ژیان و ده‌ركه‌وته‌كانیدا مانا وه‌رده‌گرێت، بابه‌ت و چه‌مكێكه پێوه‌ست به ڕزگاریی مرۆڤ به هه‌موو ماناكانیه‌وه، ڕه‌نگه هیوا تاقه چه‌مكی هاوبه‌شی نێوان زۆرینه‌ی ئاینه‌كان و ئایدۆلۆجیا و فه‌لسه‌فه‌كان بێت، بۆیه ده‌شێت بڵێین خواستی هیوا بابه‌تێكی ئۆنتۆلۆجیكه كه له بوون و ژینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ته‌نیا له هه‌مبه‌ر مه‌رگیش ناوه‌ستێته‌وه و له‌و شوێنگه‌ی واتا وه‌رناگرێت، به‌ڵكو له هه‌مبه‌ر شێوه ناكارا و لاره‌كانی ژیاندا زیاتر هه‌ڵوێست و خۆنواندنی ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه هیوا نابێ ته‌نیا كورت بكرێته‌وه بۆ سه‌رده‌می قه‌یرانه گه‌وره‌كان و جه‌نگه‌كان و كاره‌سات و نه‌خۆشییه بێ چاره‌سه‌ره‌كان.
واته هیوا به‌ر له‌وه‌ی پاڵنه‌ر یان لێخۆڕێك (Driver) بێت له هه‌مبه‌ر و دژ به مه‌رگ و نیشانێك بێت له نه‌مری خۆئاوێزانكردن و ده‌ستهاوێشتنێكه بۆ ژیانێكی دروستتر و شیاوتر و یه‌كسانتر. هیوا له كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌رگدا ده‌كرێت به ڕۆحی ئێرۆس و خواستی ژیان ناوزه‌دی بكه‌ین كه بێگومان جیا و به‌ده‌ر نییه له خواستی گۆڕانكاریی پێش هاتنی مه‌رگ، هه‌روه‌ها ئاره‌زووی دروستكردنی ژیانێكی باش به مانا كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مرۆییه‌كه‌ی.
له پانتای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا هیوا هه‌میشه ئاماده بووه، به‌ڵام بێگومان ده‌لاله‌ته‌كانی له گۆڕانی به‌رده‌وامدا بوون. هیوا چه‌مكێكه به ڕووداوه‌كان و شوێن و ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌وره ده‌درێت، ده‌كه‌وێته ناو كایه‌یه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و له ئه‌ده‌بدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه و له هونه‌ردا پێشان ده‌درێت و ده‌نوێنرێته‌وه. ته‌نانه‌ت له تێڕوانین و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی نیهیلیستیشدا هیوا له فۆرمی غیاب و ونبووندا به‌رده‌وام ئاماده‌یه. ئه‌گه‌ر له ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی و ئابووریدا ئێمه له كۆمه‌ڵگایه‌كی نادادپه‌روه‌ر و سه‌رمایه‌داردا هه‌وڵمان دۆزینه‌وه‌ی ئیش و كارێك بێت كه ژیان بپارێزێت له برسێتی و هه‌ژاری، لێره‌دا هیوا به واسیته و ناونجییه‌كی ئۆبژه‌كتیڤ و به‌رهه‌ست به ناوی "كار" زه‌ق بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ناو گێڕانه‌وه و نواندندا هیوا به‌م شێوه به‌رهه‌ست و دیاره زه‌ق نابێته‌وه له نامه گۆڕینه‌وه‌كانی نێوان ڤاڵته‌ر بنیامین و گێرشۆم شالۆمدا بنیامین، باس له "جوانیناسیی شكست"1 ده‌كات كه لایه‌نی دره‌وشاوه و دانسقه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی پێك دێنن! ئه‌م تێڕوانینه باس له دنیایه‌كی به‌تاڵ له هیوا ناكات، به‌ڵكو باس له جۆرێكی تر له فامكردنی ژیان ده‌كات.
شكست و تاریكی و مه‌رگ و.. ئه‌م حاڵه‌تانه له‌وانه‌ن كه هیوا ڕه‌گئاژۆ ده‌بێت تێیاندا و چه‌كه‌ره ده‌كاته‌وه، ئه‌م تێڕوانینه واقیع به شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێت، ده‌یگێڕێته‌وه، ده‌ینوێنێته‌وه و بژارده‌یه‌ك ده‌خاته به‌رده‌ممان یان هیوای ژیان یان بابه‌تی پووچ! كه له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌مدیس ژیان به‌تاڵ نابێت له هیوا، وه‌ك كافكا ده‌ڵێت: ته‌نیا به هۆی بێ هیواكانه‌وه‌یه كه هیوا هاتووه!2 ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕسته‌یه هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی تره، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم كه هیوا و بێ هیوایی پێكه‌وه له ناو كایه‌یه‌ك ئاماده‌ن كه ژیان و مه‌رگ ئاماده‌یه، واته بێ هیوایی هه‌ڵوێستێكه كه ماناداربوونی خۆی له هیواوه وه‌رده‌گرێت، وه‌ك چۆن مه‌رگ له هه‌مبه‌ر ژیاندا مانا وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م هێڵه كۆی فیكر و گێڕانه‌وه‌ی كه‌سێكی وه‌ك كامۆی پێكهێناوه، ئه‌و هه‌موو بێده‌نگی و بێ ده‌ره‌وستی و ناخاوه‌ندارێتییه‌ك له هه‌ستی و بووندا ده‌بینێت، بۆیه دۆزینه‌وه و كه‌شفی پووچی به گرینگ و هیوابه‌خشی ده‌زانێت، چوون ڕێی بژاردن و گرتنه‌به‌ری ئاراسته‌یه‌ك ده‌خاته ڕوو به‌ره‌و هیوایه‌ك.. هیوای جیهانێكی ئه‌خلاقی.. هیوای دنیایه‌كی كه‌متر زامدار و كه‌متر نه‌خۆش.. جیهانێك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه پووچه، ده‌شێت ئه‌خلاقیش بێت و به‌رگریی له نه‌فره‌تلێكراوان و چاوه‌قووڵكه (تاعوونیان) بكرێت3...كێ بیكات؟ ئه‌وانه‌ی هیوایان به ئینسان و ژیان ماوه! هیوا لێره‌دا پێویستییه‌كی ئه‌خلاقیی و له هه‌مان كاتدا ئۆنتۆلۆژیكیشه.. نموونه‌ی درامایی و سینه‌مایی ئه‌م گوزاره‌یه له زۆر له فیلمه ئاخر زه‌مانییه‌كاندا ده‌بینین.
له‌وانه زنجیره درامای مردووانی پیاسه‌كه‌ر (Walking dead) یان په‌سڵانی مردووان له ده‌رهێنانی فرانك دارابوونت و.. یان له فیلمی "ئه‌سپی توورین" له ده‌رهێنانی بلاتار و هاوسه‌ره‌كه‌ی "ئه‌گنێس هیرانیتسكی"دا به شێوه‌ی زه‌ق هیوا و ئیرۆس (خواستی ژیان) ئاماده‌یه و له هه‌مبه‌ر ڕه‌شایی و تاناتۆس ده‌وه‌ستێته‌وه.. هونه‌ری بلاتار ئه‌وه‌یه باس و ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆی نییه.. ئه‌وه‌ی هه‌یه له جۆرێك له بێگه‌ردی و خلووسی نواندندا به كه‌مترین دیالۆگ پێشانی ده‌دا.. هیوا ئاماده‌یه چوون مه‌رگ نزیكه.. هیوا ئاماده‌یه چوون ژیان ئه‌زموون كراوه و مه‌رگ سامناكه.. نه‌ناسراوه.. كۆرۆنایه.. جه‌نگه.. برسێتی و قڕبوونه و.. له ئه‌سپی توورین هیوا به قه‌درگرتنی ژیان و ژینگه و ئه‌سپ و فرمێسكێكی نیچه‌یی ده‌خرێته ڕوو.. لێره‌دا هیوا ئه‌و ئاره‌زووه ئۆنتۆلۆجییه‌یه كه كوڕ یان كچی ئیرۆسه و بێگومان ئیرۆس و تاناتوسیش ئه‌وه‌نده‌ی كه لێك دوور و دژن، ئه‌وه‌نده‌ش نێزیك و عاشقی یه‌كن.. كه‌واته هیوا بابه‌تێكی ئۆنتۆلۆجیكه كه له ناو كه‌وانه‌ی مه‌رگ و ژیان به‌شێوه‌ی ژێره‌وانكێ كایه ده‌كات.
ئێسته له ڕووبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پێوه‌ندیی و ژینگه‌یی و مرۆییه‌وه هیوا له ژێر چڕنووكی مه‌رگدا كه‌وتووه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه ناسینی ئه‌م دۆخه‌ی هیوایه.. گێڕانه‌وه‌ی هه‌ناسه‌بڕكێ و فرمێسك و حوزنه‌كانێتی له ژێر داس و ته‌وری عیزرائیلدا.. ئه‌گه‌رچی به بوێرییه‌وه ده‌توانم بڵێم هیوا ئێسته و لای زۆربه‌مان و له‌م ده‌قه‌شدا وه‌ك وانوێنراو و وشه و وێنه و كایه‌یه‌كی زمانییه و ده‌مێكه له كیسمان داوه.. سیستمی ده‌سه‌ڵات و بازاڕ و سه‌رمایه‌داری و به‌ریه‌ككه‌وتنی سوننه‌ت و دنیای مۆدێرن و پاش مۆدێرن و ئه‌گه‌ری جه‌نگی گه‌وره و .. هیوای له مرۆڤی ئێمه سڕیوه‌ته‌وه.. سیاسه‌ت و كایه‌كانی.. وشه‌ش خه‌ریكه ڕه‌سه‌نایه‌تی و بوونگه‌رێتیی خۆی ده‌دۆڕێنێت.
ڕه‌نگه ده‌بێ هیوایه‌كی گه‌وره هه‌بێت ئه‌م هه‌موو هیواكوژانه قه‌ڵب و سه‌ره‌ونوخن و نوقمه‌سار بكات.. پێ ده‌چێت ئه‌و هیوایه وشه‌یه‌ك.. وێنه‌یه‌ك.. خه‌یاڵێكی غه‌ریب.. نیگایه‌ك بێت له دنیایه‌كی بچووك و بێ ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ ڕزگارییه‌كی گه‌وره، به‌ڵام ئێسته كه له دنیای گه‌وره و ڕزگاریخوازانه‌ی بچووك و نزمی بچووكی سه‌رمایه‌داریدا، وشه و وێنه و خه‌یاڵیش وه‌ك فۆرم یان بیره‌وه‌رییه‌ك ماوه‌ته‌وه هه‌ر جێی هیوا و دڵخۆشییه.. وه‌ك چۆن ده‌ڵێن سه‌ره‌تا وشه بوو.. كۆتاییش ڕه‌نگه هه‌ر وشه سه‌ره‌تایه‌كی تر دروست بكاته‌وه.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
١-خاگرات ڤلمت: درباره‌ی سه اندیشگر مكتب فرانكفورت والتر بنیامین، ماكس هوركهایمر، تئودور ێدورنو/ بابك احمدی، تهران، نشر مركز، ١٣٧٦ ص ٩
٢-پیشین ص ٦١
٣-فلسفه‌ی كامو، ریچارد كمبر، ترجمه‌ی خشایار دیهیمی، تهران، گرح ن‌و، ١٣٨٥، بخش ٥ كاموی اخلاق پرداز ص ١٤٩