مه‌لا كرێكار چییه؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م پرسیاره به‌ر له‌وه‌ی به "كێیه؟" بكرێت، ده‌بێت به "چییه" بكرێت، چوون ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی ئاسایی و تێپه‌ڕی ناو دنیای ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگا و مێژوو نییه، ئه‌و كه‌سێكی پڕزانیارییه له باره‌ی زۆر بابه‌تی وه‌ك شه‌رع، سیاسه‌ت، كۆمۆنیزم، مێژوو، كۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت جیۆگرافیاش، به‌ڵام شتێك كه ئه‌و له قه‌واره‌ی سووژه (كێیهتی) ده‌ردێنێت و ده‌یكات به ئۆبژه(چییه‌تی)، هه‌موو نیاز و ئیراده‌ی به‌ره‌و خودا به‌و مانا شه‌رعییه‌ی خۆی پێی وایه دروست و تاكانه لێی تێی گه‌یشتووه، واته ئه‌و سووژه‌یه‌ك نییه كه به‌شێوه‌ی دیارده‌ناسانه (Phenomenological) پێیه‌كی له‌ناو ئه‌گه‌ره‌كانی دنیای واقیعدا بێت و پێیه‌كی به‌ند بێت به وزه و هێزی عه‌قڵ و مه‌عریفه و پێڕه‌وی له فۆرمێكی لۆجیكیی دیارده‌ناسانه وه‌ك ئه‌م و ئه‌وێتی/ فرهئهوێتی(Identity/manifold)، ئاماده‌یی و نائاماده‌یی/ گشت و پاژ وه‌ك سێ پێكهاتی گشتیی لۆژدجیكیی بۆ به‌ره‌وپیری دنیاچوون(Intentionality) بكات، بۆیه ئه‌و لێره‌دا به‌تاڵه له هێز و توانستی عه‌قڵ بۆ ته‌فسیری دنیا و دێته پله‌ی ئۆبژه، ئه‌ویش نه‌ك ئۆبژه‌یه‌كی ئاسایی، به‌ڵكو ئۆبژه‌یه‌ك كه ده‌توانێ بكوژێت، ئۆبژه و شتێك وه‌ك بۆمب و نارنجۆك!به‌ڵام كایه‌ی ئۆبژه جووڵێنراوهكانی له چه‌شنی مه‌لا كرێكار به باشی نمایشێكی فه‌لسه‌فی و عه‌قڵی وه‌ك نواندنی وه‌فا بۆ حه‌قیقه‌تێكی نه‌مر ده‌كه‌ن.
وه‌ك ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه زۆر ڕووخساری ئاینی و كاریزمای ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه له خۆیانی نمایش ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر دیارده‌ناسی به لۆجیكێكی عه‌قڵیی به‌ره‌وپیر شتێك ده‌چێت بۆ ناسینی و گریمانه‌ی وایه كه شته‌كان هه‌ن و به‌ره‌وپیرچوونی ئێمه بۆیان "گۆشه و لاپاڵ و نومایان" ده‌رده‌خات، له‌م پێوه‌ندییه‌دا حه‌قیقه‌تێك ده‌بینرێته‌وه كه ده‌رهاوێشته‌ی ئاسمان نییه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌تێكه له ناو كه‌وانه‌ی سه‌یرووره و هه‌بوون و ململانێی به‌رده‌وام و له كه‌وانه و ناو "ئوپۆخه"كانی سووژه له‌گه‌ڵ دنیادایه، چه‌شن و سیماكانی ئه‌كته‌رانی وه‌ك مه‌لا كرێكار ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ن. ئه‌وان ته‌نیا به لۆجیكی ئیمان، واته لۆجیكێكی ڕه‌ها و جێگیر كه حه‌قانییه‌ت و ڕه‌وابوونی ئه‌زه‌لیی خۆی له بڕیاره ئه‌زه‌لی و تاههتاییهكانی ده‌قی پیرۆز و ته‌ئویلاتی ئه‌و ده‌قه‌وه وه‌رده‌گرێت، "به‌ره‌وپیری شته‌كان" دێت. ڕاستییه‌كه‌ی ئیمانی له‌م چه‌شنه له ڕێی ئه‌خلاق و تایبه‌تمه‌ندییه كولتووری و نهرێتییهكانهوه، لۆجیكی سووژه ده‌خه‌ڵه‌تێنێت، هه‌رچی هه‌یه لۆجیك له فه‌لسه‌فه‌دا یاسای وشك و ئه‌ندازه‌یی عه‌قڵه پێش هیچ بڕیار و مه‌عریفه و ئیمانێك.
لۆجیك له شه‌ڕی عه‌قڵ له‌گه‌ڵ دیارده‌كانی دنیادا دروست ده‌بێت و بیچمبه‌ندی ده‌كرێت، به‌ڵام ئیمان له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ لۆجیكانی تر كه لۆجیكی ئیماندارانه‌ی ئه‌م په‌سه‌ندیان ناكات ڕه‌وایی وه‌رده‌گرن. لێره‌دا جیاوازیی نییه ئێمه چه‌نده ئیبنی ئه‌سیر یان ئیبنی ته‌یمییه یان سه‌حیحی بوخاری و موسلیم و ته‌نانه‌ت ئه‌ره‌ستۆ و ئه‌فلاتوون و ماركس و ئیبنی سینا و ده‌یان مانیفێستی شه‌رعی و ئاینی و ئه‌خلاقی و دژه‌باو و فه‌لسه‌فی و دژهئاینی و ئاینیمان خوێندبێته‌وه و مێشكمان هه‌نبار كردبێت له گوزاره ڕه‌نگاڵه‌یی و جیاوازه‌كانیان، به‌ڵكو گرینگ ئه‌وه‌یه كه چه‌نده ده‌توانین له‌گه‌ڵ ئه‌و لۆجیكه ئیمانزهدهیه بكه‌وینه شه‌ڕ و ململانێی مه‌عریفی و پرسیارئامێز بكه‌ین، شتێك كه له دنیای به‌شێكی زۆری فیكری ئیسلامی هێشتا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌وه و ویستوویه‌تی فه‌لسه‌فه و عه‌قڵ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ت و ئیمان بگونجێنێت و ڕێكی كات: یان ده‌بێ فه‌لسفه له سه‌ر ته‌خته‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی ئیمان ببڕێته‌وه تاك هاوته‌ریبی بێ یان ده‌بێ هێنده بكێشرێت تا درێژكۆڵه و له ڕووخسراكهوتوو بێت و ڕێكی ئه‌و ببێت!
مه‌لا كرێكار: ئه‌و ئه‌م ناوه شیعرییه‌ی وه‌ك شانازی باس ده‌كات و ناوی سه‌ره‌كی نه‌جمه‌دین فه‌ره‌جه، ئه‌م ناوه چه‌ند ده‌لاله‌تی ڕوون، به‌ڵام ونكراو و داپۆشراوی تێدایه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌موو جیهادیی و سه‌له‌فییه‌ك بۆ كاروباری تیرۆریستی و ئیمانتهوهرانه ناوی خوازراو هه‌ڵده‌بژێرێت، ده‌شێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه ههڵاتنێكیش بێت له ئه‌زموونی سه‌رده‌می منداڵیی نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج پێش له په‌یدابوونی ئه‌م ئیمانه قووڵ و ئه‌زه‌لییه‌ی كه به به‌رگی حیكمه‌ت و عه‌قڵ نومایشی ده‌كات.
مه‌لا كرێكار له دوو وشه‌ی "مه‌لا" و "كرێكار" پێكهاتووه. 1-له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه "مه‌لا" ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌ویدیی نه‌جمه‌دین فه‌ره‌جه كه ئێسته تێیدا بووه به شوناس و ئه‌م و ئهوێتییهكه كه ئه‌و له هه‌ر جۆره فرهئهوێتی و فرهڕهنگییهك ده‌سڕێته‌وه. مه‌لا به ناوه‌ڕۆكێكی ئاینی عه‌ره‌بییه‌وه! له ڕووی فۆرمیشه‌وه ناوه‌كه (مه‌لا)=(ملا) عه‌ره‌بییه و "مامۆستا" نییه وه‌ك وشه‌یه‌كی ناو زمانی كوردی، ئه‌گه‌رچی مامۆستاكه خه‌ڵك پێیان گوتووه و مه‌لاكه خۆی مانیفێستی ده‌كات، كه واته هه‌م له ڕووی فۆرم و هه‌م له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه ئه‌م خوازه‌یه (مه‌لا) ئه‌مئه‌وێتی و ئهویدییهكی به‌تاڵ له "خوده"
2- كرێكار: له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه "كرێكار" وه‌ك شانازییه‌كی دینی و ئاینییه و نۆستالۆجییه بۆ خه‌م و په‌رۆشیی پێغه‌مبه‌ر بۆ مافی كرێكار و پێدانی حهقدهسهكهی به‌ر له وشكبوونه‌وه‌ی عاره‌قی نێوچه‌وانی نه‌ك پارێزگاریی له مافی كرێكار به‌شێوه‌ی كۆمۆنیست و چه‌په‌كان. له ڕووی فۆرمیشه‌وه كرێكار كوردییه و له بنه‌مادا بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی هێزه چه‌په كوردییه‌كان و گوزارشتكردنی له به‌شێك له سته‌می چینایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به زمان و كولتوورێكی دیاریكراو به ناوی كوردیی، به‌ڵام به مانا ئیسلامییه‌كه‌ی بووه واته دژی چه‌پ و به ئاراسته‌ی ئاین. "كرێكار"یش وه‌ك فۆرم و ناوهڕۆك ده‌لاله‌ته له ئه‌م و ئه‌وێتی و ئهویدییهك كه وه‌ك ڕۆح ده‌لاله‌ت له هه‌مان خوازه‌ی مه‌لا ده‌كات.
واته "مه‌لا كرێكار" وه‌ك ناو له چوار ره‌هه‌نده‌وه ده‌بینرێت 1- مه‌لا وه‌ك ناوهڕۆك به‌رهه‌می مانیفێست و تێگه‌یشتنی ئه‌ویدییه له ئاسمان و زه‌وین 2- مه‌لا وه‌ك فۆرم داكۆكییه له زمان و حه‌قانییه‌ت و قودسییه‌تی زمانی عه‌ره‌ب 3—كرێكار وه‌ك ناوهڕۆك دژایه‌تی و گوێبادانی تێڕوانینی هێزه چه‌په‌كانه 4- كرێكار وه‌ك فۆرم، نمایشكردنی زمانیی چینێكی هه‌ژار و دهستنهڕۆیشتووی كۆمه‌ڵگایه كه زۆرترین و قووڵترین باوه‌ڕیان به ئاین و ئاسمان هه‌یه و دوور له هه‌رجۆره خۆشگوزه‌رانی و شه‌هوه‌تی زه‌وینین.
له هه‌ر چوار رهههندهكهدا نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج، ئه‌ویدییه و هیچ شوێنپێیه‌ك له "خود"ی تێدا نابینرێته‌وه، (ئه‌مه به‌ده‌ره له ده‌یان فاكت و به‌ڵگه‌ی واقیعی كه خۆی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی "خود" ده‌ریخستووه. بۆ نموونه له وتووێژێك له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا "ژیاری¬گوڵ" لێی ده‌پرسێت: تۆ به ئوسامه بن لادنی كورد ناسراوی، ئه‌مه‌ت چه‌نده قبووڵه؟ و مه‌لا كرێكار ده‌ڵێت: وه‌ڵا برا من به خاكی ژێر پێشی نابم!) ئه‌و خوده گیراوه و یه‌خسیر بووه له قووڵترین و تاریكترین داڵانه‌كانی ئیماندا و ئه‌سته‌مه بێته خودێكی ناو جیهانی عه‌قڵێكی ئابستراكت یان دیارده‌ناسانه یان.. خودێك كه ته‌نیا به گومانكردن له خود و دنیا ده‌ست پێ ده‌كات و باڵا ده‌كات و ده‌بێ به خودێكی ترانسێندێنتاڵ و واڵا و له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی خۆی له‌سه‌ر خۆیشی ره‌خنه و تێبینیی ده‌بێت. ئه‌و به ته‌واوی واتا ئهویدییهكه كه نه‌گه‌یشتووه به پله‌ی گومان و ناشگات، چوون نایه‌وێت بگات! چوون "به‌ره‌وپیرچوون"ی ئه‌وانه بۆ دنیا بهرهپیرچوونێكی زه‌وینی نییه، ئه‌وان "بهرهوڕووگه" كه ده‌وه‌ستن و به‌پیر كه‌عبه‌وه ده‌چن! گۆشه زه‌وییه‌ك یان ماڵێكی چوارگۆشه‌ی واقیعی كه به پارچه‌یه‌كی ڕه‌ش داپۆشراوه نابینن، به‌ڵكو ناكۆتایهك له به‌خته‌وه‌ریی خه‌یاڵی و وێناكراو ده‌بینن كه هیچ ره‌هه‌ند و زه‌وینه‌یه‌كی مه‌عریفی و دیارده‌ناسانه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یاندا به‌دی ناكرێ، ئه‌وان هێشتا له ئاسمانن و باوه‌ڕیان به زه‌وین و گوناه و چێژ و سته‌م و مه‌عریفه و مرۆڤه‌كانی نییه، لای ئه‌وان مرۆڤ بۆیه به بایه‌خه چوون خودا دروستی كردووه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه عه‌قڵ و توانای پرسیار و تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه. پێیان وایه پرسیاركردن كاری ئیبلیسه و نافه‌رمانییه!
مه‌لا كرێكار ئه‌و ئهویدییهی رۆحی خه‌سێنراو و دژه عه‌قڵ و ترسنۆكی كورده كه هێنده كاریزما و عه‌قڵانی و هونه‌رمه‌ندانه خۆی مانیفێست كردووه كه پێ ده‌چێت هه‌موومان شتێك له ئاره‌زوو و مه‌یلمان هه‌بێ بۆ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه به سهلابهت و پته‌وییه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات! ئه‌و ئه‌و به‌شه‌ی ئێمه‌یه كه ده‌مانه‌وێ تێیپه‌ڕێنین و هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه! چۆن سزای ده‌درێت؟ چۆن لێی ده‌رباز ده‌بین؟
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1- درێمدی بر پدیدارشناسی، رابرت ساكالوفسكی، مترجم، محمدرچا قربانی، تهران، گام ن‌و،1384
2-به‌شێكی زۆر له‌و خوتبه و لێدوان و وه‌ڵامدانه‌وه بهپرسیارانهی كه له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی خۆی دایناوه یان كه‌ناڵ و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی تر له‌گه‌ڵی ئه‌نجامیان داوه.