عادل قادری
ریفراندۆم و پرسیاره ساده گرینگه‌كان
پاش نزیكه‌ی یه‌ك ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان له 25ی سێپتێمبه‌ری 2017، ده‌توانین له‌سه‌ر په‌رچه‌كردار و هه‌ڵوێست نواندنی وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی چوار وڵات كه كورد به زۆر پێوه‌ست كراوه پێیانه‌وه، به به‌رچاوڕوونییه‌كی زۆرتره‌وه بدوێین.
ئه‌وه‌ی كه ریفراندۆم دۆخی ته‌نگژاوی باشووری قووڵتر كرده‌وه گومانێكی تێدا نییه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه كه ئایا به‌بێ ریفراندۆم (كه ئیراده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له پشته‌وه بوو و به شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و له فه‌زای ململانێی سیاسیی ئازاد و به‌ئاماده‌بوونی چاودێرانی هه‌ڵبژاردن و سیاسیی دنیا به‌ڕێوه چوو) هیچ گره‌نتییه‌ك هه‌بوو ئه‌م دۆخه نه‌یه‌ته پێش؟ ئایا پێش ئه‌وه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و مالیكییه‌وه نه‌بڕابوو؟ ئایا ده‌یان كێشه و گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌كرابوو؟
ئه‌مانه هه‌ندێك له‌و نیشانانه‌ن كه ده‌كرێ هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین و پاش ئه‌وه بكه‌وینه ناو داوه‌ری و قه‌زاوه‌تێكه‌وه كه ململانێی سیاسیی حزبه‌كان له باشوور دروستیان كردووه و به‌و پێوه‌ره هه‌موو رووداوه بچووك و گه‌وره‌كانی پێ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ.
ریفراندۆم و پرسیار له‌سه‌ر ململانێ ناوخۆیییه‌كان
ئایا پێش ئه‌و به‌شدارییه گه‌وره و به‌رچاوه‌ی به رێژه‌ی 90 له سه‌دی جه‌ماوه‌ری باشووری كوردستان به "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی، زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له دووكان رێككه‌وتنیان نه‌كردبوو؟ ئایا پێش خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر زۆرینه‌ی زۆری لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ نموونه عومه‌ری سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به "به‌ڵی" ده‌نگی نه‌دا و له به‌رده‌م میدیاكاندا نه‌یگوت ئه‌مه ئه‌ركێكی نیشتمانییه و پێوه‌ندی به ململانێی حزبی و ناوخۆیییه‌وه نییه؟ ئایا ئه‌مه‌ی كاریگه‌رترین ئۆپۆزیسیۆنیش له دواجاردا د‌رك و فامی ئه‌م رووداوه مێژوویییه‌ی كرد و له سۆنگه‌ی خۆی و به تێبینی خۆیانه‌وه به‌شدارییان كرد، خۆی نیشانه‌ی ئیراده‌یه‌كی جه‌معی نه‌بوو؟
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م نیشانانه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم سڕ كرا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خیانه‌ت له 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌لایه‌ن باڵێكی بنه‌ماڵه‌یی یه‌كێتیی نیشتمانی رووی دا، دیسان ریفراندۆم رووداوێكی مێژوویی و پێوه‌رێك بوو بۆ دیاریكردنی ئیراده‌ی گه‌لی كورد و كایه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی كورد. ئه‌گه‌رچی من پارتی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان و بێ به‌سیره‌تیی له ناسینی سایكۆلۆجیی سیاسیی هێزه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌تی دۆخی یه‌كێتی، به هۆكارێكی كێشه‌كه ده‌زانم، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، ریفراندۆم واقیعی كولتووری سیاسیی ناوچه‌كه و كولتووری گشتیی خه‌ڵكی ئاسایی و چالاكانی سیاسی و رۆشنبیرانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی، بۆمان ده‌رخست.
ریفراندۆم له ململانێ ناوخۆیییه‌كان، بۆ په‌رچه‌كرداره ده‌ره‌كییه ناوچه‌یییه‌كان
ئه‌مه‌ی ئێمه هه‌موو ده‌مانزانی وڵاتانی ناوچه‌كه دژ به ریفراندۆمن و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئێران و توركیا و عێراقیش كه جێی باس نین، گومان هه‌ڵگر نییه. به‌ڵام ئاستی دژایه‌تیكردنی ئه‌وان به‌پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و پاش رووخانی سه‌دام و چه‌سپاندنی فیدراڵیزم و ماده‌ی 140 به‌هه‌موو چه‌واشه‌كارییه‌كانی مالیكی و عه‌بادیشه‌وه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، ئاستی په‌رچه‌كرداریان له‌و ئاسته به‌ده‌وی و وه‌حشییانه‌دا مه‌زه‌نده نه‌ده‌كرا.
به‌ڕای من، ده‌بێ باس و خواسی ریفراندۆم و به‌دواداهاته‌كانی بكرێت به پێوه‌رێك بۆ فامی ئه‌وانه‌ی به‌ناوی فارس و تورك و عه‌ره‌ب و ئیسلامی شیعی و سوننه و هه‌روه‌ها چه‌پ و ناسیۆنالیست، هه‌ڵوێستیان نواند و په‌رچه‌كرداریان نواند. لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی كورت ده‌په‌رژێمه سه‌ر ئێران، به‌ڵكو به‌م شێوه‌یه خوێندنه‌وه‌ی ریفراندۆم و به‌دواداهاته‌كانی له چوارچێوه‌ی ململانێی هێزه سیاسییه‌كانی باشوور ده‌ربكه‌ین و بیكه‌ین به ئاوێنه‌یه‌ك بۆ ناسینی ئه‌ویتره‌كان.
"ریفراندۆم وه‌ك ختووكه‌ده‌ری ئاره‌زووی خه‌وتووی فاشیسته‌كان له ئێران"
هه‌ر له ساتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه، هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا به فه‌رمی و له ئاستی باڵادا ناڕه‌زایی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی توند راگه‌یاند و هه‌رچیش نزیك ده‌بووه‌وه زمانیان رووی هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن و ترساندنی ده‌گرته خۆ. به‌ڵام ئه‌مه سه‌رێكی هاوكێشه‌كه‌یه و به‌روونی دیار و ئاشكرا بوو كه هه‌ڵوێستی ئه‌مانه چییه و زۆرتر وه‌ك كایه‌یه‌كی سیاسی ئه‌كته‌رانی ده‌سه‌ڵاتداره ئاینی و ئایدۆلۆجییه‌كانی ئێران و توركیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنرا، به‌ڵام ئاستی مه‌ترسیدار و كه‌متر چاوه‌ڕوانكراوی كێشه‌كه له ئێران‌دا ده‌ركه‌وت.
ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به هه‌موو توانای دیپلۆماسی و سه‌ربازییه‌وه كه‌وته دژایه‌تی ریفراندۆم و قه‌واره‌ی باشوور، له ئاستی جه‌ماوه‌ری و كولتووری و رۆشنبیریشدا پانتایی گشتی و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر و كه‌سایه‌تییه فه‌رهه‌نگی و سیاسی و رۆشنبیرییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هیسترییانه كه‌وتنه هێرشكردنه سه‌ر ریفراندۆم و كه‌سایه‌تیی بارزانی و سه‌رووتر له‌وه‌ش هاتنه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كه خێل و تایفه چۆن ده‌توانێ وه‌ك نه‌ته‌وه بۆ ریفراندۆم هه‌نگاو هه‌ڵگرێت. كه‌وتنه خوێندنه‌وه‌ی بوون یان نه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ناوی كورد و ته‌فسیركردنی مه‌به‌ستداری رووداوه مێژوویییه‌كان و زمان و كولتوور. تا ئاستێك كه هه‌ندێ له رۆشنبیرانی فارس ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر كوردییش زمان بێ، ئه‌وا له ئاستی نووسینی به‌یاننامه‌یی و مانیفێستی جه‌نگی و سه‌ربازیدایه كه من پێم وایه قسه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی (نزیكه‌ی مانگێك زیاتر پێش ئێسته) حه‌مه‌ڕه‌زا شه‌فیعی كه‌دكه‌نی، نووسه‌ر و شاعیری ناوداری ئێرانی كه وا زمانه نافارسییه‌كانی به راده‌یه‌ك سووك و چرووك پێناسه كرد كه ده‌یگوت ده‌بێ میزیان پێدا بكه‌ین، درێژكراوی هه‌مان روانین و گۆشه‌نیگایه كه له درێژه‌دا به كورتی باسی ده‌كه‌م.
په‌رچه‌كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی شه‌قامی گشتی و رۆشنبیر و شیكار و رۆژنامه‌نووسی فارس ده‌ریخست كه چه‌مكگه‌لی وه‌ك دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، پێكه‌وه‌ژیان ته‌نیا قسه‌ی زه‌ینی و ده‌رهه‌ستی ناو كتێبه و كافه و جێژوانه‌كانن و به كه‌مترین ئاستیش چ له ناو زه‌ین و ده‌روونی رۆشنبیران و چ له ئاستی شه‌قامی گشتی، هیچ پێگه و شوێنێكی نییه، ئه‌وان وا راهاتوون بیر له هیچ جۆره ریفراندۆمێك نه‌كه‌نه‌وه كه تۆزێكیش چییه ئه‌گه‌ری رووشاندنی ته‌رمه‌كه‌ی كورشی تێدا بێت كه ئێسته له پاسارگاد خه‌وتووه و ئه‌مان به‌خه‌به‌رن!
له په‌رچه‌كرداری رۆشنبیره چه‌په‌كان و ناسیونالیست و ریفۆرمخواز و سیكولار و سه‌ڵته‌نه‌تخواز ده‌ركه‌وت كه هه‌موویان چوونه به‌ره‌ی ویلایه‌ت و به‌سیجییه ئاسایییه بناژۆخوازه‌كان. لێره‌دا ئه‌وانیش هه‌ر هه‌مان روانینی به‌سیجی و بناژۆخوازه‌كانیان ده‌خسته روو كه ئه‌مه پڕۆژه‌ی ئیسرائیله! چه‌په‌كانیش وایان ده‌گوت! سیكولار و ئازادیخوازه‌كان به‌شێوه‌ی تر و خراپتر له چه‌په‌كان، شیكارییه‌كانیان تا ئاستی ئینكار و ره‌تكردنه‌وه و بێڕێزیش ده‌چوو، رۆشنبیرانیش به‌شێوه‌ی تر دژی ریفراندۆم بوون و رۆژنامه‌نووسان هه‌روا.
به‌م هه‌موو ده‌ركه‌وتنانه و به دیاركه‌وتنی سایكۆلۆجیی زۆرینه‌ی زۆری باڵ و هێز و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی و تاقمه جۆراوجۆره حكوومی و ناحكوومییه‌كان، هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی به‌ناوی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاشتیخوازییه‌وه، كولتوور و مێژووی ئێران له سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌شرووتییه‌ته‌وه (1906) و ده‌ست پێكردنی مۆدێڕنیته‌یه‌كی ده‌ڵه‌مه تا ئێره هێنابووی و خه‌باتی بۆ كردبوو و خوێنی بۆ دابوو له به‌رده‌م ده‌مارگرژی و فاشیزمی قه‌ومی و وه‌همی پاراستنی جیۆگرافیا و نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و نه‌وه‌ی كورووشی كه‌بیر بیخاته به‌ر گومانێكی گه‌وره. ئه‌وان وایان كرد ئێمه خوێندنه‌وه‌ی تر بۆ ده‌لاله‌ته‌كانی دیموكراسی، مافی چاره‌نووس، ئازادی و ئێران و نیشتمان بكه‌ین. له‌م پانۆرامایه‌دا ئه‌وه‌ی زیاتر رووخساری وه‌ده‌ركه‌وت دوژمن و دژبه‌ره سیاسییه‌كان نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌وانه بوون كه ئێمه كتێبه‌كانیانمان ده‌خوێنده‌وه و به سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی و ره‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵات و یه‌كسانیخواز و ئازادیخوازمان ده‌زانی، ئێمه له‌م دنیای پڕ له دروشمه ئینسانییه‌دا ته‌نیاییمان فام كرد.
ئه‌وه‌ی هه‌ستی ته‌نیایی به ئێمه دا ته‌نیا پشت تێكردنی ئه‌مه‌ریكا و ناكۆكییه‌كانی ناوخۆ و هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و توركیا و ته‌نانه‌ت حه‌شدی شه‌عبیش نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتنی ئه‌و هه‌موو رق و ده‌مارگرژییه بوو كه له هه‌ناوی رۆح و زه‌ینی ده‌سته‌جه‌معی ئێرانییه‌كان به هه‌موو باڵه‌كانیانه‌وه بوو. ئه‌وه‌ی هێز یان هێزگه‌لێكی كوردی یان رۆشنبیر و رۆشنبیرانێكی كورد دژی ریفراندۆم بوون، ئه‌وه ئه‌وان له‌گه‌ڵ كاته‌كه‌ی و ناله‌باربوونی دۆخه‌كه بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم تێبینییان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مان هه‌ر له بنه‌وه دژی نه‌ته‌وه و زمان و كولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و ئازادیخواز بوون. بێ هیواییه گه‌وره‌كه ئه‌وكات ده‌ركه‌وت كه سیكولار و رۆشنبیران له پاڵ به‌سیجییه‌كان و قاسم سوله‌یمانی هاوار و هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌كرد.
تێبینی: له ئێران و له‌ناو تاقمی رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس و مامۆستای زانكۆ، چه‌ند كه‌س پشتگیری مافی چاره‌ی خۆنووسین و به‌پێی ئه‌وه‌ش ریفراندۆمیان كرد كه یه‌ك له‌و ده‌نگه به‌رز و ئازایانه، سه‌عیدی فه‌قیه ره‌زه‌وی بوو.