سیروان حه‌مه‌شه‌ریف
میتۆده‌كانی ژیان له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی خۆی له سێ جۆردا ده‌بینێته‌وه:
١- كۆنه‌په‌رست 'Conservatism': ده‌ستگرتن به ئاداب و سروشتی ڕابردوو و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت نۆستالجیا خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌مانه و نایانه‌وێت له ڕاسته‌ڕێی پێشووی خۆیان لا بده‌ن، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م میتۆده ئه‌وه‌یه گۆڕانكارییه‌كان وه‌رناگرن و ئه‌گه‌ر به‌شێوازی ئه‌مان كار بكرێت، ئه‌وا هه‌میشه كۆمه‌ڵگه داخراو و دواكه‌وتوو ده‌بێت.
٢- شۆڕشگێڕ 'Revolution': ئه‌م جۆره‌یان باوه‌ڕیان وایه هه‌موو دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌كان پێویستیان به هه‌ڵكه‌ندن هه‌یه له ڕه‌گوڕیشه‌وه و له‌بری ئه‌وان سیستم و ڕێسای نوێ ببێت به جێگره‌وه‌یان و ژیان ده‌بێت له گۆڕانێكی به‌رده‌وامدا بێت.
٣- په‌ره‌سه‌ندن 'Evolution': لایه‌نگرانی ئه‌م شێوازه باوه‌ڕیان وایه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه كۆنه‌په‌رست و سوننه‌تی بێت، ئه‌وا هه‌رگیز گۆڕانكاری ڕوو نادات و ئه‌گه‌ر به میتۆدی توند و شۆڕشگێڕیش كار بكرێت، ئه‌وا به‌ها جوانه‌كان له ده‌ست ده‌درێن و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن و كوشتن، ده‌بێت به كاری ڕۆژانه و ژیان چێژی خۆی نامێنێت، بۆیه ده‌ڵێن ده‌بێت كۆمه‌ڵگه له گۆڕانێكی نه‌رم و هه‌میشه‌یی به‌رده‌وامدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاست به‌ره‌وپێشچوون و داواكاری سه‌رده‌مدا بێت، واته پێویسته به‌رده‌وام له هه‌وڵی گۆڕین و به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌دا بین.
ئه‌گه‌ر سه‌رپێی چاوێك به مێژووی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه باوه‌ڕی به دۆگما و قه‌تیسبوون نه‌بوو، له بازنه‌یه‌كی داخراودا. واته میتۆدی كۆنه‌په‌رستی نه‌كردبوو به كاڵای به‌ری خۆی، چ له گوتاره تونده‌كانی به‌رپرسانی و چ له میدیای فه‌رمی و سێبهرهكانیشیهوه ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندبوو كه كۆمه‌ڵگه ناتوانێت پله به پله خۆی ده‌رباز بكات له ده‌ست سته‌می كه‌ڵه‌كه‌بووی دوو حزبی فه‌رمانڕه‌وای كوردستان، كه تێكڕای كایه‌كانی ژیانیان بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ كردووه و خه‌ڵكی ئاسایی ده‌ستیان ناگات به‌خۆشیی ژیان، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و ستایله له كاری حزبایه‌تی ده‌گۆڕن و خۆشی و ئاسووده‌یی دێنن بۆ دانیشتووانی هه‌رێم.
نه‌مویستووه و نامه‌وێت بایه‌خ و گرنگی شۆڕش و شۆڕشگێڕ نادیده بگرم و به كه‌م سه‌یر بكه‌م، به‌ڵام مێژووی دوای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و شۆڕشی فڕه‌نسا و مێژووی نوێێ به‌هاری عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه میتۆدی شۆڕش و سفركردنه‌وه‌ی هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی پێشتر، كاره‌سات و ماڵوێرانی ده‌ئافرێنێ بۆ شۆڕشه نوێیه‌كه خۆیشی، نه‌ك ته‌نیا دانیشتووانی وڵاته‌كه.
ئه‌و چه‌قۆ 'گیوتین'هی سه‌ری پیاوخراپانی فڕه‌نسایی بڕی، هه‌رخۆشی سه‌ری ڕۆبسپێر و شۆڕشگێڕه‌كانی فڕه‌نسای له لاشه‌یان جیا كرده‌وه، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا! ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆره عه‌ره‌به‌كان كه بانگه‌شه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵاتیان ده‌كرد له‌لایه‌ن سه‌ركرده ده‌یان ساڵه فه‌رمانڕه‌واكانی عه‌ره‌به‌وه، هه‌ر خۆیشیان خراپتر تێوه‌گلان له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و كوشتنی هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یان!
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ میتۆدی كاركردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، زانستی و ته‌ندروست نه‌بوو، بۆیه چاودێرانی سیاسی چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامێكی باشیان نه‌ده‌كرد له ئایندهی ئه‌م ڕه‌وته تونده‌دا، ده‌زانم كاری باشیان كردووه و دانیشتووانیان ئاگادار كرده‌وه له به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌رێم، به‌ڵام دیاره كاری ئێمه وه‌سف و سه‌نا نییه و ئه‌وه به‌جێ دێڵین بۆ ئه‌وانه‌ی سوود له نووسینه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌ڵكو ئێمه باس له ئه‌نجامی خراپی شۆڕشه‌كه‌یان ده‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌گه‌ر نه‌یانده‌وێرا یان نه‌یانده‌ویست به ئاشكرا بیكه‌ن، به‌ڵكو له ترسی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی توندی شه‌قام و هه‌وادارانی خۆیان، به ناڕاسته‌وخۆ ده‌یانكرد ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ئاشكرا و بێ په‌رده هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامان كه له ئه‌نجامی كار و ماندوبوونی هه‌ڵسووڕاوان و لایه‌نگران و گه‌نجه دڵ و خوێن گه‌رمه‌كان به‌ده‌ستیان هێنابوو، له پرۆسه‌یه‌كی سهرسوڕماناویدا هه‌مووی تاپۆ كرا به‌ناوی هه‌ردوو كوڕی ڕێكخه‌ری گشتیی كۆچكردووه‌وه!
به ته‌نیا خه‌ڵكی هه‌رێم و میتۆدی سیاسی و بزووتنه‌وه‌كه خۆی نه‌بوو كه ده‌ستبه‌تاڵ ده‌رچوون له‌م شۆڕشه پڕ له جۆش و خرۆشه‌ی كردیان، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كچه تاقانه‌كه‌ی ڕێكخهریش له دووره‌وه بۆی هه‌بوو سه‌یری ماڵ و موڵكی كه‌سی یه‌كه‌می شۆڕشه‌كه بكات و نه‌یتوانی ببێت به میراتگری ڕاسته‌قینه‌ی باوكی، له كاتێكدا زۆربه‌ی كچ و ژنی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی به‌ش بوون له سه‌روه‌تی دارایی و مه‌عنه‌وی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه!
ماوه‌ته‌وه بڵێین لیۆناردۆ داڤێنچی ده‌ڵێت: هه‌موو شتێ پێوه‌ندی به هه‌موو شتێكه‌وه هه‌یه. ستایلی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پێشوو پێمان خۆش بێت یان نا، كاره‌ساتی له‌وه‌ی پێشتر ده‌خوڵقێنێ! ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی تا ئێسته به‌ناڕاسته‌وخۆ یان به‌نهێنی خه‌ڵكی ئاسایی‌یان ده‌ستبه‌ده‌ر كردبێت له خۆشییه‌كانی ژیان، ئه‌وا نه‌یانتوانیوه به ئاشكرا سه‌روه‌ت و سامان بكه‌ن به‌ناوی كوڕه‌كانیانه‌وه و كچه‌كانی خۆیان ده‌ستبه‌ردار بكه‌ن، به‌ڵام گۆڕان ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی كرد له كوردستان.
به‌رپرسی ئۆفیسی ڕاگه‌یاندن و پێوه‌ندی له ناوه‌ندی چاوی كورد