له‌پێناو ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك
سۆران ئه‌حمه‌د
گه‌نجان، ئاینده‌ی نیشتمان و نه‌ته‌وه و هێزی پاراستنی نیشتمان و گه‌شه‌كردنی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ن. كورد وه‌ك یه‌كێك له كۆنترین و گه‌وره‌ترین میله‌تی بێ ده‌وڵه‌ت، هه‌میشه گه‌نجه‌كانی سووته‌مه‌نی شۆڕش بوون له‌پێناو مانه‌وه‌ی میله‌ته‌كه‌مان. بۆیه كاتێك ده‌ستكه‌وتێك هه‌یه، ده‌بێت ئاوڕ له گه‌نج بدرێته‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه ئه‌وه‌یه له ڕێی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه هاوكار و هانی گه‌نج بدرێت بۆ پێكهێنانی خێزان و گه‌شه‌كردنی ئاستی ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داهاتووی میله‌ته‌كه‌مان.
كورد پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازای چاونه‌ترس و هه‌ڵگری په‌یامێكی گه‌وره‌ی دیموكراسین له ناوچه‌كه، به‌ڵام كارنه‌كردنی به ستراتیجێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ زیادكردنی تاك و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رێژه‌ی دانیشتووان، به‌تایبه‌ت له ڕووی ڕۆشنبیری خێزانی و پێویستی گه‌وره‌كردنی خێزانی كوردیی له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی داهاتووی نه‌ته‌وه‌یی له گه‌مه‌ی دیموكراسیدا، ئیتر كاتیه‌تی بكرێت به پلانی تۆكمه.
ئاشكرایه ته‌نگژه‌كانی دارایی و شه‌ڕه سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر كوردستان له مێژووی كۆن و نوێی میله‌ته‌كه‌ماندا، هه‌میشه خێزان و تاكی كوردی له‌چاو میله‌تانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت داگیركه‌رانی خاكی كوردستان، كه‌مترین ڕێژه‌ی زیادكردنی تێدایه، له دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه به‌هۆی ناسه‌قامگیری كوردستان له ڕووی ئابووری و سیاسی و شه‌ڕی ناوخۆ، چه‌ندان نه‌وه‌ی گه‌نج سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دواتریش شه‌ڕی داعش و ته‌نگژه‌ی ئابووری به‌هۆی بڕینی بودجه له به‌غدا، هۆكاری دووه‌م لێشاوی كۆچی گه‌نجانی كوردستان بوون، به‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زۆر كچ به‌ره‌و قه‌یره‌بوون ڕۆیشتوون و ده‌ڕۆن، كه‌چی تا ئێسته‌یش ناوه‌ندێكی گه‌نجان و لاوان یا زانایانی ئاینی یا ڕێكخراوه‌كانی ناحكوومی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، نه‌یانتوانیوه هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری ده‌ست پێ بكه‌ن بۆ هاندانی گه‌نج و دروستكردنی خێزان بۆ داهاتوویه‌كی باشتر.
له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكورتییه‌كان، به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر خاكی خۆمان و له ئارامیدا ده‌ژین. گه‌نجمان شایسته‌ی باشترین خزمه‌ت و گرنگیپێدانن. ڕاسته به‌ره‌وپێشچوونی ژیاری و كولتووری و ئاستی ڕۆشنبیریی تاكی كوردی پێویستی به ڕه‌خساندنی كه‌شێكی شیاو و شایسته‌یه بۆ ژیانێكی باشتر، به‌ڵام به سه‌رنجدان له هاتنی لێشاوی ئاواره‌كانی ناوچه‌كانی تری عێراق بۆ كوردستان و تێكه‌ڵاوی كولتووریی و وردبوونه‌وه له گه‌شه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه، ده‌بینین ئه‌وان زیاتر گرنگی ده‌ده‌ن به پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار سه‌رپێچی ئاساكانیش ده‌كه‌ن و له ته‌مه‌نێكی پێشوه‌خت كه هه‌یه 10 بۆ 12 ساڵه (خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌مه سووكایه‌تییه‌دا نیم به منداڵ) به‌ڵام لای تاكی كورد ئه‌و ته‌مه‌نه /مه‌به‌ست كاتی هاوسه‌رگیرییه/ له كه‌مترین حاڵه‌تدا ده‌گاته 19 بۆ 29 ساڵی.
هه‌رچه‌نده عه‌ره‌بی عێراق كه هاوبه‌شی ئێمه‌ن و وه‌ك نموونه وه‌ریانده‌گرین، له‌م چه‌ند ساڵه‌دا زۆرترین نه‌هامه‌تی و ئاواره‌ییان بینی و سه‌خت ژیان، به‌ڵام پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییان زۆر و خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌یان زۆرتر كرد به چه‌ند به‌رانبه‌ری تاكی كورد، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ڕێكخستنی به‌رنامه‌ی خێزانی بۆ منداڵ لای كورد زۆرجار یه‌ك و دوو منداڵ و لای عه‌ره‌بیش بێ كۆتایه.
بۆیه پڕۆژه پێشنیارێك ده‌خه‌مه ڕوو به‌هیوای په‌ره‌پێدانی تاكی كوردی و هه‌ڵمه‌تی دروستكردنی خێزان.
ناوی پڕۆژه پێشنیار: پڕۆژه‌ی پاڵپشتی گه‌نجان بۆ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
ئامانج/ هاندان و هاوكاری گه‌نج بۆ پێكهێنانی خێزان.
پوخته‌ی پڕۆژه/ پێكهێنانی سندووقی پاڵپشتی گه‌نجان كه سه‌رچاوه‌ی دارایی پێك بێنێت.
یه‌كه‌م/ بڕێك پاره حكوومه‌ت به قه‌رزی بێ سوود بیخاته سه‌ر حیسابی سندووقه‌كه و له داهاتوودا بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ حكوومه‌ت كه له پێنج ساڵ تێنه‌په‌ڕێ.
دووه‌م/ له هه‌موو مووچه‌خۆرێكی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له سنووری یاسایی، حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێژه‌یه‌ك پاره مانگانه بێته بڕین و بخرێته سه‌ر حیسابی ئه‌م سندووقه. به‌شێوه‌یه‌ك تا مووچه‌ی یه‌ك ملیۆن دینار ته‌نیا یه‌ك له هه‌زار واته یه‌ك دینار له هه‌زار دینار مانگانه گل بدرێته‌وه بۆ سندووقه‌كه. له ملیۆنێك زیاتر له هه‌زار دینار و دوو دینار ببه‌خشێت و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی سووڕاوه و كه‌سوكاری هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك لێی سوودمه‌ند ده‌بن و پاره‌كه‌یش زۆر كه‌مه كه فه‌رمانبه‌ر هه‌ر هه‌ستی پێ ناكات.
سێیه‌م/ ساڵانه له‌كاتی دانی باجی كۆمپانیا و كارگه و پڕۆژه بازرگانییه‌كان تا پێنج ملیۆن له هه‌زاردا سێ دینار، ئه‌گه‌ر باجه‌كه زیاتر له پێنج ملیۆن دینار بوو، له هه‌زاردا پێنج دینار گل بدرێته‌وه بۆ سندووقه‌كه.
چواره‌م/ له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و یه‌كێتی زانایان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانه‌وه، كار بكرێ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له دوو لایه‌نه‌وه.
1.پاڵپشتی دارایی ئه‌م پڕۆژه وه‌ك ئه‌ركێكی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی.
2.هاندانی گه‌نجان بۆ پێكهێنانی خێزان.
پێنجه‌م/ هه‌موو قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی هاوسه‌ریی پێشتر وه‌رگیراوه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت، بخرێته سه‌ر حیسابی ئه‌م سندووقه.
شه‌شه‌م/ له‌كاتی ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م پێشینه‌یه له هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی حكوومی پاره وه‌رنه‌گیرێت و له كاتی پێدانی پێشینه‌كه‌دا پاره‌ی ئه‌و پسوولانه وه‌ربگیرێ وه‌ك داهات و بخرێته سه‌ر حیسابی ئه‌م سندووقه.
حه‌وته‌م/ مانگانه ئه‌و پاره‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه له یه‌كه‌م مانگی دوای وه‌رگرتنی پێشینه‌كه.
هه‌شته‌م/ هه‌موو ئه‌و پارانه‌ی له ڕێ جیاوازه‌كانی تره‌وه ده‌به‌خشرێته ئه‌م سندووقه، له ئه‌نجامی پێشنیاری ناوه‌ند و ڕێكخراوه‌كان بۆ ئه‌و كۆمپانیا و ڕێكخراوانه‌ی له كوردستان كار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ هاوكاری پڕۆژه‌كه بن.
نۆیه‌م/ هه‌ر داهاتێكی تر له داهاتوودا ده‌بێته پاڵپشت بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه.
به‌شی دووه‌م سوودمه‌ندان
هه‌ر تاكێكی كوردستان بیه‌وێ هاوسه‌رگیری بكات له كوردستان، به‌مه‌رجێ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی عێراقی بێت و كۆبوونی خۆراك و كارتی زانیاری پشتڕاستی بكاته‌وه كه دانیشتووی ڕه‌سه‌نی كوردستانه، نه‌ك هاورده یا ئاواره‌ی وڵاتانی تر (ده‌كرێ له ڕووی یاساییه‌وه ئه‌م خاڵه ڕێك بخرێته‌وه). هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌م جاره هاوسه‌رگیری بكات یاخۆ هاوسه‌ری ژیانی له ده‌ست دابێت، ده‌توانن هاوكاری ئه‌م سندووقه وه‌ربگرن بۆ دروستكردنی خێزان. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له هاوسه‌ره‌كانیان جیا ده‌بنه‌وه، هیچ هاوكارییه‌كی ئه‌م سندووقه نایانگرێته‌وه و بۆ جاری دووه‌م ناتوانن سوودمه‌ند بن.
سێیه‌م/ بڕی پێشینه و چۆنیه‌تی پێدان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی.
بۆ فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له ڕێی ده‌زگه‌كه‌یه‌وه مامه‌ڵه ڕێك ده‌خات و پێشینه وه‌رده‌گرێ. هاووڵاتییانیش له یه‌كه‌ی كارگێڕی شاری یه‌كێك له هاوسه‌ره‌كان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ی هاوكاریی خێزان دروستكردن، دوای گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری.
له ڕێی یه‌كه‌ی كارگێڕی فه‌رمانبه‌ر پشتگیری فه‌رمانگه‌كه‌ی و كارمه‌ندی كۆمپانیا ده‌سته‌به‌ری كۆمپانیا و هاووڵاتیش ده‌سته‌به‌ری فه‌رمانبه‌رێكی پێویسته بۆ گره‌نتیكردنی گێڕانه‌وه‌ی هاوكاریی و پێشینه‌كه.
سوودمه‌ندبوو له یه‌كه‌م مانگی دوای وه‌رگرتنی پێشینه، مانگانه یاخۆ شه‌ش مانگ جارێك بڕه پاره‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه بۆ سندووقه‌كه، به‌مه‌رجێك ساڵانه بكاته 20%ی كۆی پاره‌ی وه‌رگیراو.
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌خشین له گێڕانه‌وه‌ی قیستی ئه‌م سندووقه‌دا ناكرێ، ته‌نیا له‌كاتی مردنی ئه‌و كه‌سه‌ی پێشینه‌كه‌ی وه‌رگرتووه مایه‌ی به‌خشینه، ئه‌ویش دوای سه‌لماندنی مردنه‌كه بۆ داوده‌زگای پێوه‌ست.
ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌رده‌وامه و له دوای زیادبوونی سه‌رمایه‌ی سندووقه‌كه، ده‌توانێ جگه له پاڵپشتی گه‌نج بۆ هاوسه‌رگیری، پێشینه‌ی كار بدات به ده‌رچووانی زانكۆ بۆ خستنه‌كار، به‌پێی ڕێوشوێنی یاسایی و گره‌نتیكردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌كان، هاوكات ئه‌م پێشینانه بێ سوودن و ته‌نیا ڕسووماته حكوومییه‌كان وه‌رده‌گیرێ له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م سندووقه و ئه‌نجوومه‌نێكی به‌ڕێوه‌بردنی بۆ دروست ده‌كرێ و ساڵانه دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی چاودێری كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.
له هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌شێك ده‌كرێته‌وه كه باشتر وایه له‌ناو هه‌یكه‌لی گه‌نجینه‌كان ئه‌و به‌شه زیاد بكرێ، له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی سندووقه‌كه بن و له ڕووی كار و ته‌كنیكییه‌وه سه‌ربه گه‌نجینه‌كان بن و له ڕێی بانگه‌وازی ئاشكرا و دوای په‌سه‌ندكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی سندووقه‌كه‌وه، ڕاژه‌كانیان بگوازنه‌وه سه‌ر گه‌نجینه‌كان.
چه‌ند تێبینییه‌ك.. ساڵی 2018 زیاتر له 39 هه‌زار گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری كراوه له كوردستان، هه‌مان له شارۆكه‌یه‌كی كوردستان دانیشتوانی زیاتر له پێنج هه‌زار كه‌سه. 274 منداڵ له دایكبوون له دانیشتووانی شاره‌كه هه‌بووه، 30 منداڵ له‌دایكبووی ئاواره‌ی دانیشتووی شارۆكه‌كه‌ن. به‌مه ده‌رده‌كه‌وێ ڕێژه‌ی ئاواره له‌و شارۆكه‌یه نزیكه‌ی 0.04% دانیشتووی شارۆكه‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێژه‌ی منداڵی له‌دایكبوو 0.10 %یه، ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌كی تاڵ پێشان ده‌دات كه به‌داخه‌وه دواكه‌وتنی ڕێژه‌ی زیادبوونی نه‌ته‌وه‌یی له داهاتوویه‌كی نزیكدا لێ ده‌كه‌وێته‌وه.