قەدەغەی هاتوچۆ لە هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:08:33:30/06/2020 ‌
بەرپرسێكی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، قەدەغەی هاتوچۆ لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی بڵاومان كردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارەكانی ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا بۆ ئەو پێنج ڕۆژەیە كە دەرچووە.

بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، هیچ نیازێكمان نییە بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، ئەو چەند ڕۆژەی دیاری كراوە بۆ ئەوەیە بزانرێت ڕەوشی تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی چۆنە و بتوانرێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن و تا چواری تەمووز بەردەوام دەبێت.

جێگری پارێزگای هەولێر گوتی، شوێنەكان دادەخرێن تەنها ئەو شوێنانە نەبێت پێویستن دەكرێنەوە وەكو ماڕكێت و مۆڵ و دەرمانخانەكان.

باسی لەوەش كرد، لە نێوان پارێزگاكان تا چواری تەمووز قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەبێت و بەهیچ شێوەیەك هاتوچۆ ناكرێت.

ڕۆژی پێنجشەم ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد كە ڕاگرتنی دەوام لەو هەفتەیە و داخستنی بازاڕەكان لە خۆی دەگرێت لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ تا هەفتەی داهاتوو. 



وشە - رامیار جەواد