وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

:: AM:08:53:30/06/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، ئەگەری نەمانی كیتی پشكنین و كەلوپەلی خۆپارێزی لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چەند شوێنێك كێشەی كەمبوونەوەی كیتی پشكنین هەبوو، بەڵام چارەسەر كرا.

ئەگەری نەمانی كیتی پشكنین و جلوبەرگی خۆپارێزی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا لە هەركاتێك بێت هەیە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، ئەگەری نەمانی كیتی پشكنین و جلوبەرگی خۆپارێزی لە شارەكان و بنكە تەندروستییەكانی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا لە هەركاتێك بێت هەیە، چونكە ژمارەی تووشبووان زۆر بووە.

باسی لەوەش كرد، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن، چونكە ڕەنگە نەخۆشخانەكان نەتوانن ئەو هەموو هاووڵاتییە چارەسەر بكەن كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن.

ئێستە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزاری تێپەڕاندووە و ژمارەی مردووانیش لە 200 هاووڵاتی زیاترە.






وشە - رامیار جەواد