20 نەخۆشی كۆرۆنا لە هەولێر تەندروستییان تێكدەچێت

:: PM:02:01:30/06/2020 ‌
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، دۆخی تەندروستی هەولێر جێگیر نییە و ژمارەی تووشبووان بەخێرایی زیاد دەبێت، پێویستە ڕێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كە ئێستە 20 نەخۆش تەندروستییان جێگیر نییە.

دوێنێش ژمارەی پێوانەیی لە تووشبووان تۆمار كرا كە 85 كەس تووش بوون
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دۆخی تەندروستی هەولێر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا باش نییە و ژمارەی تووشبووان زۆر زیادیان كردووە، دوێنێش ژمارەی پێوانەیی لە تووشبووان تۆمار كرا كە 85 كەس تووش بوون.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی، ئەگەر دوێنێ‌ 85 تووشبوو هەبووبێت، ئەوا بێگومان پێنج هێندەش لەناو كۆمەڵگە هەن كە نیشانەكانیان بەدیار نەكەوتووە، بۆیە پێویستە هۆشیار بین و توانا تەندروستییەكان سنووردارە.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژانە نزیكەی هەزار پشكنین دەكرێت و خەڵكێكی زۆریش بۆ پشكنین دێن، بۆیە ڕەنگە نەتوانین وەك پێویست ئەو هەموو پشكنینە ئەنجام بدەین، هەروەها لە مانگی ئایار زیاتر لە 200 تووشبوو هەبوون و ئێستە ژمارەكان بوونەتە سێ‌ هێندە.

ڕوونی كردەوە، ئێستە 20 نەخۆش لە هەولێر تەندروستییان جێگیر نییە و شەش نەخۆشیان پێویستیان بە چاودێریی چڕ و ئۆكسجینی دەستكرد هەیە.



وشە - رامیار جەواد