رۆڵی ڤیتامین دی لە تووشنەبوون و چارەسەری كۆرۆنا

:: PM:04:17:30/06/2020 ‌

بڵاوبوونەوە و مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و تا ئێستە چارەسەری بنبڕی نییە، یەكێك لەو زانیاریانەی باسی دەكرێت، ئەوەیە ڤیتامین دی توانای پاراستنی مرۆڤی لە تووشبوون بە كۆرۆنای هەیە، زانایانی بەریتانیا توانیان ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە، ئاخۆ ئەو ڤیتامینە توانای پاراستنی لە كۆرۆنا هەیە؟
ڤیتامین دی رۆڵی لە تووشنەبوون بە كۆرۆنا نییە
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ تەندروستی و چاودێری لە بەریتانیا رای گەیاند كە دوای لێوردبوونەوە لە پێنج لێكۆڵینەوەی پزیشكیدا، هیچ بەڵگەیەكیان نەدۆزییەوە پاڵپشتی لەو ئەگەرە بكات كە ڤیتامین دی رۆڵی لە پاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە.

رۆژنامەی "زە گاردیان"ی بەرتانی لە پۆڵ كریسب، بەڕێوەبەری رێنوێنیكردن لەو پەیمانگەی گواستەوە، لەوكاتەی ڤیتامین دی چەندان سوودی هەیە، بەڵام بەڵگەی تەواومان نەدۆزییەوە بەوەی ئەو تەواوكارە پێویستە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەیش لێكۆڵینەوە بەردەوامە و پەیمانگەكە لە نزیكەوە چاودێری دەركەوتنی هەر بەڵگەیەك لەو بارەوە دەكات.

لای خۆیەوە لیژنەی راوێژكاری زانستی پێوەست بە خۆراك رای گەیاند كە گەیشتووەنەتە ئەنجامی هاوشێوەی ئەوەی پەیمانگەی نیشتمانی دووپاتی كردووەتەوە و تا ئێستە بەڵگەكان یەكلای ناكەنەوە بە رێنوێنیكردنی وەرگرتنی ڤیتامین دی بۆ خۆپارێزی لە هەوكردنەكانی توندی كۆئەندامی هەناسەدان. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل