كەركووك.. ژنێك بە گولە گیان لەدەست دەدات

:: PM:10:59:30/06/2020 ‌

 ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە گەڕەكی وەحدەی شاری كەركووك، ژنێك بە گولە گیان لەدەست دەدات، سەرەڕای بوونی گومان لە شێوازی كوژرانی، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.
گومان هەیە كوژرابێت
 عەقید هەڤاڵ موحسن، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عرووبە لە شاری كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە گەڕەكی وەحدەی  شاری كەركووك، ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ بەناوی (ئ ر ز)، كە دایكی سێ منداڵە بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی هات و تەرمەكەی لە حەوشی ماڵەوەیان كەوتبوو.

زیاتر گوتی، هەرچەند پیاوەكەی گوتوویەتی ژنەكە خۆی كوشتووە، بەڵام پۆلیس پیاوەكە و برای ژنەكەی گرتووە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكات.

 سەرچاوەیەك لە پزیشكی دادی كەركووك، بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، شوێنپەنجەی ژنەكە لەسەر چەك دەرنەكەوتووە، بۆیە ئاماژەكان بەوئاراستەیەن لەلایەن كەسێكەوە كوژرابێت.

 لەوكاتەی  سروە محەمەد، چالاكی مەدەنی لە سنووری كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان زانیارییان هەبووە كە ئەو ژنە و مێردەكەی ناكۆكیان هەبوو، ژنەكە لە حەوشە كوژراوە و تەرمی لەناو ماڵ كەوتووە، ئەوەیش گومانی زیاتر كردووە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل