بڕیاره له مانگه‌كانی داهاتووی ئه‌مساڵ 2018، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام بدرێت و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بۆ خولى پێنجه‌م بێنه هه‌ڵبژاردن. به‌پێى یاسا به‌ر له ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێویسته یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریى تیادا هه‌بوو هه‌موار بكرێته‌وه یان جارێكى تر به فلته‌رى په‌رله‌ماندا تێبپه‌ڕێت.
په‌رله‌مانی كوردستان ساڵی 1992 یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی گرێ داوه و تا ئێسته چوار هه‌ڵبژاردن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه له ساڵه‌كانی 1992، 2005، 2009، 2013 كه هه‌ریه‌ك له‌و هه‌ڵبژاردنانه به‌سیسته‌می لیستی كراوه و نیمچه كراوه و داخراو به‌ڕێوه چووه.
ئامینه زكرى بڕیارده‌رى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانى هه‌رێم، بۆ "وشه" ئاشكراى كرد كه ئه‌وان وه‌ك فراكسیۆنى پارتى پێمان وایه كه لیست كراوه بێت، چونكه هه‌رێمى كوردستان ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه، بۆیه به‌گوته‌ی خۆی "به باشى ده‌زانین له هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ش كه له داهاتوودا دێته ئه‌نجامدان، لیست وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه".
زكری زیاتر گوتى، "ڕاسته لیستى كراوه یان نیمچه كراوه كێشه‌ی هه‌یه به تایبه‌تى له ڕووى جۆری ده‌ستنیشانكردنی كاندید و پسپۆڕى له لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌تایبه‌ت له خولى ئه‌مجاره كه‌سى تایبه‌تمه‌ند زۆر كه‌م بوو بۆ لیژنه‌كان، چونكه به‌شێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئاستى خزمایه‌تى و دۆستایه‌تى له په‌رله‌مانن".
"ڕاوێژكاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له كاتى ده‌ركردنى یاسایه‌ك، ڕۆڵیان ده‌بینى، بۆیه ده‌كرێت لیست كراوه بێت، به‌ڵام حزبه‌كان كه‌سه‌كان دیارى بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن". ئامینه زكرى واى گوت.
خولی ئێسته و رابردووی په‌رله‌مانی كوردستان زۆر رووبه‌ڕووی ره‌خنه بووه‌وه كه به‌هۆی لیستی نیمچه كراوه‌وه حزبه‌كان ناچار بوون ئه‌و كه‌سانه كاندید بكه‌ن كه له تی ڤی رۆڵیان هه‌بووه یان له عه‌شیره‌ته گه‌وره‌كانی كوردستانن، له كاتێكدا په‌رله‌مان به‌هۆی ئه‌ركه یاساییه‌كه‌ی پێویستی به خه‌ڵكی پسپۆڕه له بواره‌كاندا هه‌یه.
مونا قه‌هوه‌چى ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له "كۆتا"ی توركمان، بۆ "وشه" گوتى، "بابه‌تى لیستی كراوه یان داخراو پێویستى به‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت، چونكه ڕاسته په‌رله‌مان نوێنه‌رى خه‌ڵكى كوردستانه، به‌ڵام نوێنه‌رى حزبهكانیشه".
قه‌هوه‌چى زیاتر گوتى، "لیستى داخراو باشییه‌كه‌ى له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه ئه‌و كه‌سانه‌ى دیارى ده‌كات بۆ په‌رله‌مان، ده‌توانێت به‌ته‌واوه‌تى كۆنتڕۆڵیان بكات، به‌ڵام لایه‌نى خراپى لیستى كراوه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان نیمچه كراوه بوو، به‌شێك له په‌رله‌مانتار هاتوونه‌ته ناو په‌رله‌مان له ئاستى په‌رله‌مانتارى نه‌بوون".
"ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه له هه‌ڵبژاردن به لیستی كراوه بێت یان داخراو، به‌ڵام لیستى داخراو باشییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كان به‌پێى هه‌ڵبژاردن و ڕیزبه‌ندى حزب ده‌چنه په‌رله‌مان و ئه‌وكات ده‌توانی لێهاتووترین كه‌س بخه‌یته سه‌ره‌تای لیسته‌كه‌وه و بگات به په‌رله‌مان، پێویستی به‌وه نابێت خه‌ڵك بیناسن یان جه‌ماوه‌ریی بێت". مونا واى گوت.
ریزبه‌ندی حزبه‌كان له خوالی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌م شێوه‌یه بوو: پارتی 38 كورسی، گۆڕان 24 كورسی، یه‌كێتی 18 كورسی، یه‌كگرتووی ئیسلامی 10 كورسی، كۆمه‌ڵ شه‌ش كورسی و كۆتای توركمان و مه‌سیحی هه‌ریه‌كه پێنج كورسی و دانه‌یه‌كیش بۆ كۆتای ئه‌رمه‌نی. چه‌ند حزبێكی تری كوردستانیش هه‌ریه‌كه و به كورسییه‌ك له په‌رله‌ماندا هه‌ن.
دلێر ماوه‌تى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه "زۆربه‌مان له فراكسیۆنه‌كان، پێمان وایه ئه‌و شێوازه‌ى ئێسته كارى پێ ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنه‌كان، نابێته هۆى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارى به‌هێز ده‌ربچێت، هه‌روه‌ها زۆر له لیژنه تایبه‌ته‌كانى په‌رله‌مانى كه‌سى تایبه‌تمه‌ندى بۆ دیارى نه‌كراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتوون به په‌رله‌مان".
ماوه‌تی ده‌ڵێت، "تێبینیمان كردووه لیستى داخراو بۆ هه‌رێمى كوردستان باشتر بێت یان نیمچه داخراو، چونكه ده‌بێت حزبه‌كان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه‌سى شاره‌زا و پسپۆڕ و تایبه‌تمه‌ند بنێرنه په‌رله‌مانى كوردستان، به‌و پێیه‌ی به‌شێك له ناچالاكیى په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كان لاوازترن له‌وه‌ى كه خه‌ڵكى كوردستان پێویستیه‌تى".
"ئه‌گه‌ر سه‌یرى خولى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان بكه‌ین یان خوله‌كانى تر‌ى په‌رله‌مان، ده‌بینین په‌رله‌مانتاره‌كان به‌هێزتر بوون، چونكه لیستى داخراو بووه، هه‌رچه‌نده حزبه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌یان داناوه، به‌ڵام كه‌سه‌كان له كه‌سى لیستى كراوه به‌هێزتر بوون و به ئیراده‌تر بوون، بۆیه له‌گه‌ڵ لیستى داخراوین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو". ماوه‌تى واى گوت.
لای خۆیه‌وه ئه‌بو كاروان سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئازادى له په‌رله‌مانى كوردستان، ئاشكراى ده‌كات كه ئه‌وان ئه‌و یاساى هه‌ڵبژاردنه‌ى ئێسته هه‌یه به باشترین یاساى ده‌زانن، چونكه ده‌ڵێ "تۆ ده‌توانى ده‌نگ بده‌یت به حزبه‌كه و ده‌نگ بده‌یت به كه‌سى دیاریكراوى خۆیشت بۆ نوێنه‌رایه‌تیت، هه‌روه‌ها ڕێ خۆش ده‌كات زۆرترین لیست بگه‌ن به په‌رله‌مانى كوردستان، ناوه‌ندى بڕیاریش فراوانتر بێت".
سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئازادى له‌باره‌ى پێداچوونه‌وه به‌و یاسایه به‌ر له ده‌ستپێكى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ "وشه" ئاشكراى كرد كه ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌موار و ده‌ستكارى ئه‌و یاسایه نین.
به‌هزاد ده‌روێش سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراى ده‌كات كه حزبه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌گه‌ڵ لیستى كراوه‌دایه و پێی وایه "لیستى داخراو هه‌نگاوێكه بۆ دواوه له پرۆسه‌ى دیموكراسى هه‌رێمى كوردستاندا، له كاتێكدا ئێمه شانازى به‌وه ده‌كه‌ین كه له پێش عێراقین له رووی دیموكراسییه‌وه".
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو زیاتر گوتى، "پێویسته هه‌ڵبژاردنى ئه‌مساڵ به كراوه‌یى بكرێت و پێشتر ده‌نگۆ هه‌بوو كه لیست دابخرێت، به‌ڵام دواجار له فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان بیستووه كه ده‌ڵێن با كراوه بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌یه".
"هه‌ندێك گۆڕانكارى بكرێت له یاساكه‌دا باشه، به‌ڵام به ده‌ستكاریكردنى بڕگه‌یه‌ك له یاساكه له به‌شى لیست چ جۆرێك بێت، ئێمه له‌گه‌ڵ لیستى كراوه‌ین". ده‌روێش واى گوت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامه‌ی فه‌رمی ناردووه بۆ په‌رله‌مان كه له‌ماوه‌ی سێ مانگی داهاتوودا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام هێشتا په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه نه‌كردووه و كۆمسیۆنی رانه‌سپاردووه بۆ ده‌ستكردن به ئاماده‌كارییه‌كان.
سه‌ركه‌وت عه‌لى چاودێرى سیاسى، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "لیستى داخراو له زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كان بۆ پاڵپشتى سیسته‌مى سیاسى و لایه‌نى سیاسى هه‌نگاوى بۆ ده‌نێن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین لیستى داخراو فشار له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر كه‌متر ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش ته‌نیا ده‌نگدانه به لیستێك و كاندید دیارى ناكات".
ئه‌و چاودێره سیاسییه زیاتر گوتى، "لیستى نیمچه كراوه ده‌رفه‌ت بۆ كه‌سه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت كه بێنه پێشه‌وه و جه‌ماوه‌رى هه‌ر حزبێك كه‌سێك بۆ خۆیان وه‌ك نوێنه‌ر دیارى بكه‌ن، به‌ڵام ئێسته ئه‌وه‌ى هه‌یه له په‌رله‌مان، هه‌ر پێنج حزبه گه‌وره‌كه هه‌ریه‌كه‌ى له ئاوازێك ده‌خوێنن و چاوه‌ڕانى مه‌كته‌ب سیاسیى حزبه‌كانیانن".
"زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ى له لیسته‌كان له كۆتادان، وا سه‌یر ده‌كرێن ته‌نیا ژماره‌یان پێ پڕ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له لیستى نیمچه كراوه ئه‌و كه‌سانه ده‌رده‌چن و ده‌چنه پێشه‌وه وه‌ك له هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2013 كه كاندیدى ژماره 100 حزبێك چووه‌ته په‌رله‌مان" عه‌لی وای گوت.
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه "له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره كه لیست كراوه ده‌بێت یان داخراو، ده‌نگۆیه‌كى زۆر هه‌یه سه‌رجه‌م حزبه سیاسییه‌كان گفتوگۆیان كردووه كه ده‌بێت لیست داخراو بێت یان نیمچه داخراو، ئه‌وه‌ش شێوازێكى نوێی هه‌ڵبژاردنه له هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌ر نیمچه داخراو بێت كه یه‌كێك له مه‌رجه‌كانى كاندید ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر زۆرینه بێت له پێنج كاندیده‌كه‌ى یه‌كه‌م بێت، ده‌چێته په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ى تر ئه‌گه‌ر ده‌ریش نه‌چووبێت، ئه‌وا حزب بڕیار ده‌دات كێ بگات به په‌رله‌مان و كێ نه‌گات".
لای خۆیه‌وه سیروان كاكه‌وه‌یس مامۆستاى زانكۆ، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار له مه‌كته‌بى سیاسیى حزبه‌كان ده‌رنه‌چێت و بچێته په‌رله‌مان، پێویسته لیست داخراو بێت له هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ناوه‌ندى بڕیار بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان نه‌ك مه‌كته‌ب سیاسیى حزبه‌كان".
ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ گوتی، "ئه‌زموونى لیستی كراوه و نیمچه كراوه‌مان تاقى كردووه‌ته‌وه و شكستمان هێنا، بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ لیستى نیمچه داخراو ڕاسته شكسته بۆ دیموكراسى، به‌ڵام په‌ڵه‌ى ڕه‌ش نییه به ناوچاوی په‌رله‌مانه‌وه كه كه‌س نه‌توانێت به‌بێ بڕیاری حزبه‌كه‌ى ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌ك یان بڕیارێك بدات، به‌وه‌یش چیتر له‌ڕێى مۆبایله‌كانه‌وه بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى بۆ په‌رله‌مانتاران ناچێت".
"پێشتر له چه‌ندان وڵاتى ئه‌وروپا لیستى نیمچه داخراو تاقی كراوه‌ته‌وه، تا ئێسته زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له‌وانه چیك و هندۆراس و به‌شێكى زۆرى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات، ئێسته‌ش جێبه‌جێى ده‌كه‌ن" كاكه‌وه‌یس وای گوت.
لای خۆیه‌وه به‌هار مه‌حموود ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاساى په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنى گۆڕان ئاشكراى ده‌كات كه ئه‌وان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پێیان باشه ئه‌و شێوازی لیسته‌ى هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه، به‌ڵام بۆ "وشه" ئه‌وه‌ش دهڵبَ "پێمان باشه بازنه‌كانى هه‌ڵبژاردن ببێت به فره بازنه، چونكه هه‌ڵبژاردنى ڕابردوو به‌شێوازی یه‌ك بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه چوو".
به‌هار گوتى، "له هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مجاره كوردستان بكرێت به فره بازنه، چونكه شێوازى پێشوو یه‌كسانى جیۆگرافى تێدا نه‌بوو، فره بازنه‌یى زیاتر یه‌كسانى تیادا ده‌بێت له نێوان پارێزگاكاندا، هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌ك بازنه‌ییه واى كردووه پارێزگایه‌كى وه‌ك هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا پێنج نوێنه‌رى هه‌بێت و پارێزگاى دهۆك 35 نوێنه‌رى هه‌بێت".
"به لیستى كراوه یان نیمچه كراوه چه‌نده ئازادى به ده‌نگده‌ر بدرێت، ئێمه ئه‌وه‌مان پێ په‌سه‌ندتره، بۆیه پشتگیرى ئه‌و یاسایه‌ى ئێسته ده‌كه‌ین كه هه‌یه، ڕاستییه‌كه‌ى پێویستمان به هۆشیاریى زیاتره، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵك بزانێت كێ ده‌نێرێت بۆ په‌رله‌مان وه‌ك نوێنه‌ری خۆی". به‌هار واى گوت.
نه‌جیبه له‌تیف ئه‌ندامى په‌رله‌مان له فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئاشكراى ده‌كات كه حزبه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان یاساكه وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه و ده‌ستكارى نه‌كرێت، چونكه به‌گوته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئیسلامییه "داخستنى لیست ئه‌وا هه‌نگاوێكه بۆ دواوه".
ئه‌ندامه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "داخستنى لیست خه‌ڵكى سه‌رپشك ناكات له دیاریكردنى نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانى كوردستان، بۆیه پێویسته لیست كراوه بێت، هه‌روه‌ها گله‌یى حزبه‌كان كه ده‌ڵێن كه‌سى شیاو نه‌چووه‌ته په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌بێ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره كه‌سى شیاو دیارى بكه‌ن تا بچنه په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌و گله‌ییه‌ش نه‌مێنێت".
كه‌مال یه‌ڵدا له‌سه‌ر لیستى كلدان و سریان و ئاشوورى، بۆ "وشه" گوتى، ئێمه چاوه‌ڕوانى بڕیارى حزبه‌كان ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بزانین ئه‌وان چى ده‌ڵێن، ئینجا كۆبوونه‌وه‌ى خۆمان ده‌كه‌ین و بڕیار ده‌ده‌ین.
نوێنه‌ره‌كه‌ى مه‌سیحییه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان، زیاتر ده‌ڵێت، "پێویسته له هه‌موارى ئه‌و یاسایه ڕه‌چاوى ئه‌وه بكرێت مافى كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان نه‌خورێت و چوارچێوه‌ى ئێمه دیار بێت، ئینجا ده‌نگى پێ ده‌ده‌ین".
به‌ڵام ئایدن مه‌عرووف سه‌رۆكى لیستى به‌ره‌ى توركمانى له په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراى ده‌كات، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین لیست كراوه بێت و ئه‌وه زیاتر دیموكراسیتره، به‌ڵام داخراویش بێت خۆى باش و خراپى هه‌یه.
ئایدن بۆ "وشه" گوتى، "لیستى كراوه خۆى كێشه‌ى هه‌یه و به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌س چوونه‌ته په‌رله‌مانى كوردستان شایسته نه‌بوون، وه‌ك حزب پشتگیرى ئه‌وه ده‌كه‌ین لیست داخراو بێت، وه‌ك به‌شداریى خه‌ڵكیش پشتگیریى كراوه ده‌كه‌ین، به‌گشتی پێمان وایه بۆ ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان لیست داخراو بێت باشتره، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست هه‌یه تێپه‌ڕێنرێت".