ململانێی نێوان كورد و سوننە لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چڕتر دەبێت

:: AM:10:38:08/05/2018 ‌


لەكاتێكدا سەلیم جبووری دووپات لە ویستی مانەوەی دەكات وەك سەرۆكی پەرلەمان، ماوەی چەند هەفتەیەكە هەوڵەكانی حزبە كوردییەكان بۆ رازیكردنی سوننەی عەرەب لەسەر ئاڵوگۆڕی هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان چڕتر بووەتەوە، بەو پێیەی پۆستی سەرۆك كۆمار تەشریفاتییە و دەسەڵاتی نییە.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی نیشتمانی دەسەڵاتدار ئاشكرای دەكات كە حزبە كوردییەكان پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان تاوتوێ كردووە، لە بەرانبەر ئەمەشدا ئامادەن پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ سوننە بەجێ بهڵێن.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی شیعەكان كە ئەگەری زۆرە زۆرینەی ناو پەرلەمان پێكبهێنن و هەروەها پۆستی سەرۆك وەزیرانیش هەر لای حزبە شیعییەكان بمێنێتەوە، قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ ویستی كورد لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەو پۆستە دەسەڵاتێكی زۆر و فراوانی دەستووری هەیە، لەوانە دەركردن و پەكخستنی یاسا و دەستنیشانكردنی چارەنووسی لێپرسینەوە لە حكوومەت و وەزیرەكانی، ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی هەیە هەمواری بودجەی ساڵانە و چاودێرییەكی توندی كارەكانی حكوومەتیش بكات.

زیاتر گوتی "زۆرینەی لایەنە كوردییەكان ئەو ویستەیان هەیە و نیمچە كۆدەنگییەكیشی لەسەر هەیە. بەڵام ویستی كورد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە رووبەڕووی رەتكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەی حزبە سوننەكان دەبێتەوە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان لایە، پێوەند بەو پرسە زیاتر لە حزبێكی سوننە ویستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان هەیە، بۆیە ئەمە یەكێك دەبێت لە ململانێیەكانی قۆناغی دوای هەڵبژاردن".

لە دوای 2005ەوە، بەجۆرێك لە جۆرەكان هەرسێ پۆستە باڵاكەی عێراق، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بەشێوەی رێككەوتن لە نێوان كورد و شیعە و سوننە دابەش كراوە، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد و سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە.

لە هەرسێ خولی هەڵبژاردنی رابردوو پۆستی سەرۆك كۆماری لای كورد بووە، لە خولی یەكەم و دووەم كاتێك ئەو پۆستە لای مام جەلال بوو، بەهۆی پێگەی سیاسی و بەهێزی كەسایەتییەكەی توانی زۆر شت بكات، بەڵام دوای ئەوەی لە 2012 جەڵتەی مێشك لێی دەدات و ناتوانێ پۆستەكەی بەڕێوە ببات تا ئەو دەمەی ماڵئاوایی لە ژیان دەكات، پۆستەكەی بەتاڵ دەمێنێتەوە. لە خولی سێیەمیش فوئاد مەعسووم لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرایە سەرۆك كۆمار، بەڵام رای گشتی لە كوردستان پێیان وایە نەیتوانیوە هەمان رۆڵی مام جەلال ببینێت، لێرەدا كورد بۆچوونی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری دەگۆڕێت، ئەوەی زیاتر پاڵی بەویستەی كورد ناوە، كەمكردنەوەی پشكی كورد بوو لە بودجەی 2018 بۆ 12.67%.
دەستووری عێراقی دەسەڵاتێكی زۆری داوەتە دەسەڵاتی چاودێری و تەشریعی كە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام لە دەستووردا دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار، دەسەڵاتێكی پڕۆتۆكۆڵی شكڵییە كە هیچ دەسەڵاتێكی كرداری نییە.

پێوەند بەو پرسە موحسین سەعدوون سەرۆكی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ، "مافی كورد و هەموو لایەنێكە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكات، چونكە دەستووری عێراقی دابەشكردنی پۆستەكانی دەستنیشان نەكردووە.
 ئاماژەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن كە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حزبە شیعەكان دەبێت، هەروەك لە ساڵانی رابردوودا روویان داوە، بەڵام داواكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن كوردەوە رەوایە و هیچ لادانێكی تێدا نییە لەگەڵ دەستوور".

بەڵام سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان نایشارێتەوە كە ویستی هەیە بۆ خولی دووەمیش خۆی كاندید بكاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك پەرلەمان، روونی كردەوە ئەو پرسە دەكەوێتە سەر تێگەیشتنە سیاسییەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان.

جبووری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رای گەیاند نایشارمەوە كە ویستم هەیە دووبارە ببمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەو پرسە دەكەوێتە سەر تێگەیشتنە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان، بەڵام ئەگەر نەكرێمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، مانای ئەوە نییە واز لە سیاسەت دەهێنم یان دوور دەكەومەوە.

ئەوەشی گوت، "ئەگەر نەبمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان ئەوا چەندان شوێنی تر كە دەتوانم جموجۆڵی خۆم لەوێدا بكەم. جگە لە رێككەوتنی ناوخۆی عێراقییەكان دەبێت ددان بەوەشدا بنێم كە رووبەڕێك هەیە لە كاریگەری دەرەكی بەسەر دروستكردنی بڕیار لەناو عێراقدا، بەتایبەت لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكان".

پێشتریش "وشە" لە راپۆرتێكیدا كە لە رۆژنامەكە بڵاو كرایەوە، بۆچوونی لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر ئەو پرسە وەرگرتبوو، زۆرینە بۆچوونیان وابوو كورد ئەگەر بتوانێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەوا دەتوانێت رۆڵ و كاریگەری خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی زیاتر بكات و رۆڵیشی دەبێت لە داڕشتنی بڕیاری سیاسی عێراقی.

بڕیارە 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت كە 24 ملیۆن هاووڵاتی دەنگ بە حەوت هەزار كاندیدی 206 لیست و قەوارە سیاسی دەدەن بۆ سەرخستنی 329 كاندید بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق.




وشە - فه‌رمان سادق