ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لە سلێمانی 30%ی تێنەپەڕاندووە

:: PM:04:35:12/05/2018 ‌
پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە و لە شاری سلێمانی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتییان بەشداری لە پڕۆسەكەدا دەكەن كە بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە كە كەمتر لە سەعات و نیوێك بۆ بەرێوەچوونی پڕۆسەكە ماوە رێژەی دەنگدان لە سلێمانی نەگەیشتووەتە لە 30%.

پەیمان محەمەد چاودێری سندوقەكانی دەنگدان لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەشداریكردنی هاووڵاتییان لە دەنگدانی گشتی زۆر كەمە و تا ئێستە رێژەكە نەگەشتوەتە لە30% و هاووڵاتیەكی كەم هاتوون بۆ دەنگدان.

زیاتر گوتی، بەشدارینەكردنی هاووڵاتییان لەو پڕۆسەیە لە كاتێكدایە كەمتر لە دوو سەعات ماوە لە دەنگدان و هێشتا هاووڵاتییان نایەن بۆ بنكەكان و وێستگەكانیش چۆڵن.

هاوكات ئیبراهیم میرزا لە بنكەی دەنگدان لە ناو شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، جیاواز لەوەی پێشبینی دەكرا تا ئێستە بنكەكانی دەنگدان زۆر چۆڵن و پڕۆسەكە بەهۆی بەشدارینەكردنی هاووڵاتییان زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بنكەكانی دەنگدانەوە بە "وشە" دراوە تا ئێستە كەمتر لە30%ی هاووڵاتییان چوونەتە بنكەكانی دەنگدان و لەهەر وێستگەیەكیش ژمارەی بەشداربووانی دەنگدان نەگەیشتووەتە نیوەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم