سه‌ردانى نه‌خۆش بۆ نه‌خۆشخانه بۆ چاره‌سه‌رى پێویست و خێرا، كارێكى ئاسایییه به‌هۆى تێكچوونى ته‌ندروستیى مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕمانه له هه‌رێمى كوردستان كه ژماره‌ى دانیشتووانى زیاتر پێنج ملیۆن كه‌سه، له چوار ساڵى ڕابردوو زیاتر له 36 ملیۆن سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كانى حكوومه‌ت هه‌بووه.
له كوردستان بواری نه‌خۆشی و ده‌رمان و پزیشكی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به ته‌واوی مۆركی بازرگانی به‌خۆیه‌وه بینیوه و كۆڵانی نییه ده‌رمانخانه‌ی تیادا نه‌بێ.
ئه‌یووب عه‌لى پزیشكێكی گه‌نجه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى فریاكه‌وتن له هه‌ولێر، ئاشكراى ده‌كات كه سه‌ردانى نه‌خۆش جۆراوجۆره، هه‌یه ته‌نیا ئیشێكى بچووكى هه‌یه و تووشى ڕووداو بووه، هه‌یشه به‌هۆى پیرییه‌وه‌یه یان تێكچوونى خێرایی لێدانی دڵ و جۆره‌ها رووداوی تر، دێنه نه‌خۆشخانه.
ئه‌و پزیشكه بۆ "وشه" ده‌ڵێت، ڕۆژ هه‌یه پاڵه‌په‌ستۆ ئه‌وه‌نده زۆره، ئیتر له تواناى سروشتى خۆمان به‌ده‌ره و به هیلاكی چاره‌سه‌ر ده‌ده‌ین به نه‌خۆش. به‌گوته‌ی خۆی ئه‌و حاڵه‌تانه "به تایبه‌ت شه‌وان له كاتی ئێشگری روو ده‌دات، چونكه شه‌و هه‌یه ده‌بێت زیاتر له 100 نه‌خۆش ببینیت و چاره‌سه‌رى بكه‌یت. جار هه‌یه تووشى نه‌شته‌رگه‌رى خێراش ده‌بین، ئه‌مه جگه له پرته‌وبۆڵه‌ى كه‌سوكارى نه‌خۆش كه جارى وا هه‌یه قسه‌ى ناخۆشیش ده‌كه‌ن".
دكتۆر ئه‌یووب گوتی "له ڕۆژێكدا هه‌بووه له به‌شى فریاكه‌وتن چوار نه‌شته‌رگه‌رى به‌په‌له و زیاتر له 40 نه‌خۆشم بینیوه، به ڕاستى ئه‌ركێكى قورسه، خه‌ڵكانێكیش هه‌ن هه‌ر وا ده‌زانن ئێمه بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پاره له‌و شوێنانه‌داین، له كاتێكدا ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دز و پیاو خراپ و پیر و منداڵ و ژن و پیاو هه‌موو كه‌سێك بكه‌ین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین".
له به‌رانبه‌ردا ته‌ندروستى هه‌ولێر نایشارێته‌وه كه پزیشكه‌كانى ئه‌ركێكى زۆر قورسیان له‌سه‌ره، ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن به جۆرێك، جارى وا هه‌یه بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى پسپۆڕى، نۆره ده‌گاته ساڵێك.
فاخیر كرمانجى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى ته‌ندروستیى هه‌ولێر، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه به‌گوێره‌ى ستانداردى جیهانى پێویسته هه‌ر هه‌زار هاووڵاتییه‌ك پزیشكێكى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌ركى پزیشك له هه‌ولێر زۆر قورسه. به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه "هه‌موو پزیشكى كوردستان زۆر كار ده‌كه‌ن و هه‌میشه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌و گله‌یییه له به‌رپرسانی ته‌ندروستی ده‌كرێ".
كرمانجى ئاشكراى كرد كه به‌هۆى كه‌مى ناوه‌نده‌كانى چاره‌سه‌ر و كه‌میى پزیشكى پسپۆڕ و تایبه‌تمه‌ند به بوارێك، جارى وا هه‌بووه نۆره‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بۆ ساڵێك چاوه‌ڕوانی درێژ بووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ی خۆی "زۆر ناخۆشه به‌لاى ئێمه‌وه، به‌ڵام به‌و مانایه نییه له ئه‌ركه‌كانمان سارد ببینه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر به‌رده‌وامین".
به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى ته‌ندروستیى هه‌ولێر ده‌ڵێت، زۆر پزیشكى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ن و ئێمه لاى خۆمان دامانمه‌زراندوون، وه‌ك پزیشكى شارى مووسڵ و باكور و ڕۆژئاواى كوردستان كه به‌شێكیان نشینگه و پسووله‌ى خۆراكیشیان گواستووه‌ته‌وه بۆ هه‌رێم و ناگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
"پێویستمان زۆر به پزیشكى نوێیه، به‌ڵام ده‌زانین دامه‌زراندن وه‌ستاوه ته‌نیا به نووسراوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ركى پزیشك كه‌م بكه‌ینه‌وه و كارى هاووڵاتییانیش به باشى به‌ڕێوه بچێت" كرمانجی وای گوت.
به‌گوێره‌ى ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، له چوار ساڵى ڕابردوودا 36 ملیۆن و 500 هه‌زار و 859 هاووڵاتى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى حكوومییان كردووه، جگه له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان كه ئێسته ژماره‌یان زۆر بووه و ئامارێكى فه‌رمییان نییه كه تا ئێسته چه‌ند نه‌خۆش سه‌ردانى كردوون.
له ئاماره‌كاندا هاتووه، ساڵى 2013 له هه‌رێمى كوردستان نۆ ملیۆن و 325 هه‌زار و 641 هاووڵاتى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى حكوومییان كردووه، هه‌روه‌ها له 2014 هه‌ر له هه‌رێم ژماره‌كه به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ 12 ملیۆن و 115 هه‌زار و 203 هاووڵاتى كه سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌یان كردووه. به‌ڵام ساڵى 2015 هه‌شت ملیۆن و 276 هه‌زار و 409 هاووڵاتى چاره‌سه‌ریان له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كان وه‌رگرتووه و له 2016یش شه‌ش ملیۆن و 288 هه‌زار و 606 هاووڵاتى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌یان كردووه.
سازان كامه‌ران پزیشكى یه‌كێك له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كانه و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ژماره‌یه‌كى زۆر هاووڵاتى ئێسته سه‌ردانى نه‌خۆشخانه ناحكوومییه‌كان ده‌كه‌ن به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تووشی نۆره‌ی دڵ و منداڵبوون و ڕووداوى خێرا ده‌بن یان چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌كانی سیی و گورچیله‌یان پێویسته.
ئه‌و پزیشكه بۆ "وشه" ده‌ڵێت، له ساڵى ڕابردوو له نه‌خۆشخانه‌كه‌ى ئێمه چاره‌سه‌رى پێویست به كۆى گشتى بۆ چوار هه‌زار و 380 نه‌خۆش كراوه له هه‌موو به‌شه‌كانى نه‌خۆشخانه. به‌گوته‌ی خۆی "زۆرترین سه‌ردان به‌هۆى نه‌خۆشیى گورچیله و سییه‌كان و هه‌ناو بووه".