ئایا ریال مەدرید پێویستی بە گۆڵپارێزی نوێ هەیە؟

:: PM:12:01:31/05/2018 ‌

تا ئێستا كێشەكانی نێوان زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید و فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆك لەسەر گرێبەستی گۆڵپاێزێكی نوێ بۆ یانەكە یەكلایی نەبووەتەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: زێدان كە پێشتر دژی هاتنی دێڤید دی خیا و كیپا ئەرێزاپالاگا بووە، ئێستاش دژایەتی گرێبەستی گۆڵپارێزانی نوێ دەكات و بڕوای تەواویشی بە كایلۆ ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی هەیە دوای لە ساڵی رابردوودا لەسەریەك ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای لەگەڵیان بەدەستهێنابوو.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: زێدان راستەوخۆ بە پێرێزی راگەیاندووە بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بە گۆڵپارێزی نوێ نییە و وەك وەرزی رابردوو پشت بە هەرسێ گۆڵپارێز ناڤاس و كیكۆ كاسیا و لوكا زێدن دەبەستێ.

زێدان داوای لە پێرێز كردووە لەبڕی ئەوەی بەلایەنی كەم 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی گۆڵپارێز خەرج بكات، گرێبەست لەگەڵ یاریزانی شوێنێكی تر بكات.

لای خۆشییەوە پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ترسێكی زۆری لەوە هەیە لە وەرزی داهاتوودا ناڤاس تووشی پێكان ببێت و كاسیا و لۆكاش نەتوانن بەباشی شوێنی پڕ بكەنەوە، لەبەر ئەمە پێداگیری لە هێنانی گۆڵپارێزێكی نوێ دەكات.

جێی باسە یەكێك لەو گۆڵپارێزانەی كە نزیكە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاری بكات ئەلیسۆن بیكەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەڕازیلی و یانەی رۆمای ئیتاڵییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م