نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر هاتنی سوپای توركیا بۆ قووڵایی خاكی توركیا هاتە دەنگ و دووپاتی كردەوە، ئامادەی هەر هاوئاهەنگییەكی هاوبەش و تەناهین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ باشتركردنی ئاسایشی سنوورەكان، بەڵام بێ هاوئاهەنگی هەموو دەستوەردانێك ڕەت دەكەنەوە.
سەعد حەدیسی گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق هیچ كارێكی دوژمنكارانە قبووڵ ناكات دژ بە خاكی وڵاتەكە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بۆیە دەستوەردانی توركیایش لە قووڵایی خاكی عێراق بە توندی ڕەت دەكەینەوە و ئەمە بە تەواوی پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقە.
لە بەشێكی تری قسەكانی حەدیسی گوتی، هەر فرەوانخوازییەك و ئەنجامدانی هەڵمەتی سەربازی كە توركیا لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو لە خاكی عێراق ئەنجامی داوە قبووڵكراو نییە، ئەگەر هاوئاهەنگی تەواوی لەگەڵ حكوومەتی عێراق نەكردبێ، حكوومەتی عێراق ئامادەیە بۆ هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە ناویاندا توركیا، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوورە هاوبەشەكان و جێگیركردنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچە سنوورییەكان.
ئاماژەی دا، حكوومەتی عێراق بە هەموو ئامرازەكانەوە دژی دەستوەردانی توركیا لە خاكی عێراق دەوەستێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش یاسای نێودەوڵەتی بە تەواوی لە دژی ئەو دەستوەردانانەیە و پەنای بۆ دەبرێ، تا سەروەری خاكی عێراق بپارێزرێ و ڕێ لە دەستوەردانیش لە سنوورەكان و قووڵایی خاكی عێراق دەگرێ.