12 منداڵەكەی تایلاند داوەتی یاریی كۆتایی مۆندیال كراون

:: AM:10:53:11/07/2018 ‌

منداڵە رزگاربووەكانی تیپێكی تازەپێگەیشتووی وڵاتی تایلاند كە لە ئەشكەوت لە مردنێكی تەواو رزگار كران، بۆ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا داوەتكراون كە بڕیارە رۆژی یەكشەمی داهاتوو بەڕیوەبچێت.

دوێنێ سێشەم سەرجەم ئەو 12 یاریزانە منداڵەی وڵاتی تایلاند كە لەگەڵ راهێنەرەكەیان بۆ ماوەی 18 رۆژ لە ئەشكەوتێك گیریان خواردبوو رزگاركران دوای ئەوەی بەهۆی شەپۆڵی بارانەوە دەروازەی ئەشكەوتەكەیان لێ داخرابوو.

گیانیتی ئینڤانتینۆ سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) داوەتنامەی فەرمی بۆ هەر 12 یاریزان و راهێنەرەكەیان ناردبوو تا لە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018 لەنێو یاریگەی لۆژنیكی ئۆڵەمپیی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا ئامادەبن.

لای خۆیانەوە ئەو پزیشكانەی كە سەرپەرشتی تەندروستی منداڵەكان دەكەن داوەتەكەی سەرۆكی فیفایان رەت كردەوە و جەختیان كردەوە كە سەرجەم منداڵەكان ناتوانن لە یاریی كۆتایی مۆندیال لەنێو یاریگە ئامادەبن.

پزیشكەكان رایانگەیاند كە پێویستە سەرجەم منداڵەكان بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك لەنەخۆشخانە بمێننەوە و چاودێرییەكی چڕی تەندروستی بكرێن، چونكە لە ماوەی 18 رۆژە گیرخواردووەكەدا توانای جەستەییان زۆر لاواز بووە و بەرگەی گەشتكردن و مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەنێو یاریگە ناگرن، تەنانەت بۆ ماوەی 3 رۆژی تریش خێزانەكانیشیان ناتوانن سەردانیان بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م