هه‌رێمی كوردستان دوای چوار ساڵی ته‌نگژاوی له كه‌رتی وزه و نه‌وتدا، خه‌ریكه ده‌گاته‌وه خاڵی ده‌ستپێكی پلان، خاڵێك كه ئامانجی یه‌كه‌می گه‌یاندنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له ساڵی 2015 و دوو ملیۆن به‌رمیل له ساڵی 2019 بوو.
ئێسته جگه له به‌هه‌ڵواسراوی مانه‌وه‌ی كێشه‌ی وزه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی په‌كخستنی پلان له‌ناوچوون و ده‌گوترێت ئه‌گه‌ر به رێكی كه‌رته‌كه ئیداره بكرێت و سوود له دۆخی ناوچه‌كه وه‌ربگیرێت، ئه‌وا له ژێر كاریگه‌ریی پێشهاته نوێیه‌كانی وزه‌ی دنیا ده‌توانێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی دنیا رۆڵی كاریگه‌رتر بگێڕێت.
هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی 2014 و به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا تووشی كێشه‌ی گه‌وره ببێت و رێكخراوی تیرۆریستی داعش سه‌ر هه‌ڵبدات، وه‌ك ناوه‌ندێك نوێی سه‌رچاوه‌ی وزه خۆی به دنیا ناساند، دوای ئه‌وه، ده‌یان كۆمپانیای زه‌به‌لاحی دنیا روویان تێ كرد و ده‌ستیان به پشكنین و گه‌ڕان كرد و دوای دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتیش ده‌ستیان به وه‌به‌رهێنان كرد، له لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تایییه‌كان قسه له بوونی سه‌رووی 45 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گ له خاكی كوردستان كرا.
ئه‌وكات وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كان كرد و كۆمپانیاكانیش ده‌ستیان به وه‌به‌رهێنان بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت كرد، هاوكات یاساكان رێگر نه‌بوون له به‌رده‌م ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستان. جگه له‌مه، حكوومه‌ت خۆی له ساڵی 2007 یاسایه‌كی نوێی دانا كه كاریگه‌ریی زۆری له راكێشانی كۆمپانیاكانی دنیا بێ گوێدان به به‌غداوه، هه‌بوو.
شكستی پلانێكی ستراتیجی
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پلانیدا بوو تا ساڵی 2015 به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بگه‌یه‌نێت به یه‌ك ملیۆن به‌رمیل و بۆ ساڵی 2019 بۆ دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رزی بكاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی، شه‌ڕی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌دی نه‌هات.
"به‌م دواییه هه‌رێم سه‌رنجی كۆمپانیا پێشه‌نگه‌كانی نه‌وت و غازی له دنیادا راكێشاوه، هه‌ندێكیان له دوای رزگاربوونی عێراق له 2003 هاتوونه‌ته ئه‌م هه‌رێمه. پاش ده‌یه‌یه‌ك، كوردستان بووه‌ته رووگه‌یه‌كی پێشه‌نگ بۆ به دواداگه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و وه‌ك دوایه‌مین یاریكه‌ری مه‌زن له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی هێدرۆكاربۆنه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه. سه‌رجه‌م 18 كێڵگه‌ی نه‌وت و غاز دۆزراونه‌ته‌وه و بڕی نه‌وتی یه‌ده‌گ به نزیكه‌ی 45 ملیار به‌رمیل ده‌خه‌مڵێنرێ و ره‌نگه بڕی یه‌ده‌گی غازیش 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.66 تریلیۆن مه‌تر سێجا) بێت. له كاتێكدا ده‌زگای نوێ بۆ هه‌نارده‌كردن چاوه‌ڕوان كراوه، هه‌رێم چاوی بڕیوه‌ته دوو ئامانج له بواری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و شله‌كاندا یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا له ساڵی 2015 و دوو ملیۆن به‌رمیلیش له ساڵی 2019 دا". ئه‌مه ده‌قی په‌یامێكی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بوو كه ساڵی 2013 بڵاوی كرده‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامانجه به‌دی بهاتایه هه‌رێمی كورستان ده‌بوو به یاریكه‌رێكی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانی نه‌وت و وزه‌ی دنیا. له‌م رۆژانه‌دا گه‌وره‌ترین گرفتی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه دوای سزادانی ئێران و رێنه‌دان به هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته، چۆن بتوانێت قه‌ره‌بووی كه‌میی نه‌وت له بازاڕه‌كاندا بكاته‌وه و رێگری له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بگرێت.
ئێسته هه‌رێمی كوردستان 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی دنیا ده‌كات و پێشتریش تاكه شتێك كه به‌رهه‌می نه‌وتی كوردستانی بۆ دوو هێنده به‌رز كردبووه‌وه، كۆنترۆڵی نه‌وتی كه‌ركووك بوو كه دوای كشانه‌وه‌ی سوپای عێراق له ترسی داعش، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ده‌فرۆشت و ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌یانده سه‌رووی 600 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا.
ته‌نگژه‌ی نه‌وت
دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێكه‌وتنی ناوكی و سه‌پاندنی سزاكان ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئێران بۆ سفر داببه‌زێت، ئه‌وا ته‌نگژه‌یه‌كی نوێ له بازاڕی نه‌وتی دنیا روو ده‌دات كه بریتییه له ته‌نگژه‌ی كه‌میی نه‌وت له بازاڕه‌كان و به‌رزیی خواست له‌سه‌ری.
كاتێك دنیا پێویستی به نه‌وت ده‌بێت ئه‌و وڵاتانه‌ی توانای گه‌شه‌پێدانی نه‌وتیان هه‌یه و كێڵگه‌كانیان به ده‌ست لێنه‌دراوی ماونه‌ته‌وه، رۆڵیان زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت. چونكه به‌رهه‌مهێنه‌ره ئاسایییه‌كان پێشتریش رۆڵی خۆیان ده‌ربڕیوه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ ناكرێت له ناكاو به‌رهه‌مهێنان به‌رز بكه‌نه‌وه.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا بیتوانیایه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی به خێرایی به‌رز بكاته‌وه، ناچار نه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئۆپێك بكه‌وێته دانوستان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت
له بازاڕی نه‌وتدا هاوكێشه‌یه‌ك هه‌یه كه بریتییه له به‌رزی و نزمی داخوازی و خستنه‌ڕوو. ئه‌گه‌ر داخوازی سه‌رووی خستنه‌ڕوو بێت، ئه‌وا نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه و پێچه‌وانه‌كه‌یشی نرخ كه‌م ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی 2014ـه‌وه رووی دا، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان بوو له به‌رانبه‌ر كه‌میی داخوازی، بۆیه تا سه‌ره‌تای ساڵی 2016 نرخی نه‌وت له 115 دۆلاره‌وه دابه‌زی بۆ 27 دۆلار.
ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران یه‌كسان بكرێ به سفر، ئه‌وا نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی دنیا دوو ملیۆن و 400 هه‌زار به‌رمیل كه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش به ئاسانی قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه. ئه‌مه‌ریكا چه‌ند جارێك داوای له ئۆپێك كردووه به‌رهه‌مهێنان به‌رز بكاته‌وه و تا ئێسته‌یش ته‌نیا سعوودیه به‌ڵێنی داوه كه‌موكورتیی بازاڕ پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام ده‌گوترێت سعوودیه ناتوانێت ئه‌مه به‌دی بهیێنێت. له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌ریه‌ك له ڤه‌نزوێلا و لیبیا تووشی كێشه بووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.
هاوكات ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی گه‌وره له گه‌رووی هورمز بێته كایه‌وه كه نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی نه‌وتی دنیای لێوه هه‌نارده ده‌كرێ، ئه‌وا كێشه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق، سعوودیه، كوێت، قه‌ته‌ر، به‌حرێن و وڵاتانی كه‌نداو دێته كایه‌وه و له‌و كاته‌شدا نرخی نه‌وت زیاتر له دوو هێنده به‌رز ببێته‌وه.
ئێسته ئه‌و وڵاتانه به تایبه‌ت لای رۆژئاوا پێگه‌یان به‌هێزه كه بتوانن ژێرخانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان له كورتخایه‌ندا په‌ره پێ بده‌ن. هه‌رێمی كوردستان كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه خاڵی ده‌ستپێك، ده‌توانێت ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی بكات، چونكه له لایه‌ك نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه و له لایه‌كی تر مه‌ترسییه‌كانی داعش ره‌ویونه‌ته‌وه. به‌ڵام تاكه كێشه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدایه و له دۆخی نوێی وزه‌شدا پێ ده‌چێت ئه‌مه‌ریكا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی زیاتر بگێڕێت.
رۆڵی هه‌رێم له دابینكردنی نه‌وت
دكتۆر زاهیر مه‌جید پسپۆڕی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه وزه یه‌كێك له پێوه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی هه‌بێت له دابینكردنی وزه، به‌وه‌وه گرێ دراوه له رووی سیاسییه‌وه تا چه‌ند رۆڵی پێ ده‌درێ تا زیاتر بێته مه‌یدان و له لایه‌كی تریش پێوه‌ندی به ناوخۆ هه‌یه تا چه‌نده رێوشوێن و ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنان و راكێشانی سه‌رنجی كۆمپانیاكان گیرابێته به‌ر.
له ناوخۆ رێوشوێنی گونجاو گیراوه‌ته به‌ر و یاسای ژماره 22ی ساڵی 2007 ی تایبه‌ت به نه‌وت كه له هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرا، هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی دنیا روو له كوردستان بكه‌ن و هه‌رێمیش ئاسانكارییه‌كی زۆری بۆ كردن تا دڵنیایان بكاته‌وه له‌وه‌ی خاكێكی له‌باره بۆ وه‌به‌رهێنانی وزه، ئه‌مه‌ش هه‌رێمی له رووی وزه‌وه پێش خست تا ئه‌و كاته‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا تێكچوو و دواتر نرخی نه‌وت دابه‌زی و دۆخی ته‌ناهی ئاڵۆز بوو.
ئێسته به‌شێكی به‌رچاو له هۆكاره‌كان رۆڵی كاریگه‌ریان نه‌ماوه. یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان به گوته‌ی ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌وت "بریتییه له ئاڵۆزبوونی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌مه‌ش جارێ تا حكوومه‌تی نوێی عێراق دروست نه‌بێت، دیار نییه به چ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه و چۆن له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت رێك ده‌كه‌ون". ئه‌و پێی باشه، هه‌رێمی كوردستان بیر له پلانی به‌دیل بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها روونی كرده‌وه "ئێسته سكاڵایه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له دادگای فیدراڵی عێراقه و ئه‌گه‌ر ئه‌م سكاڵایه له قازانجی هه‌رێمی كوردستان بشكێته‌وه، ئه‌وا هه‌رێم ده‌ستی زۆر كراوه‌تر ده‌بێت بۆ فرۆشتنی نه‌وت و وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌م كه‌رته". به‌گوته‌ی دكتۆر زاهیر "ئه‌گه‌ر دادگای فیدراڵیش ئه‌م مافه به هه‌رێمی كوردستان نه‌دات، ئه‌وا كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر پێگه‌ی وزه‌ی كوردستان ده‌بێت و ئاسان نییه كۆمپانیا گه‌وره‌كان له‌م دۆخه ناله‌باره به ئاسانی روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه."
نه‌وتی كه‌ركووك
كه‌ركووك تا ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و بڕه نه‌وته وه‌ستاوه. نه‌وتی كه‌ركووك باشترین بژارده‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێك له پێداویستی دنیا به نه‌وت. توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌كانی كه‌ركووك ده‌كرێ له ماوه‌یه‌كی كورتدا بۆ نیو ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل به‌رز بكرێته‌وه. شارێك كه دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وته‌كه‌شی وه‌ستا.
دكتۆر زاهیر مه‌جید ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له ساڵی 1925ه‌وه وڵاتانی رۆژئاوا رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه له هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق، ئێسته‌یش ئه‌گه‌ر نیگه‌رانیی ئه‌مه‌ریكا له دوای رێگریكردن له هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بێت، ده‌توانێ هۆكار بێت له‌وه‌ی عێراق و كوردستان هه‌نارده‌ی نه‌وتیان به‌رز بكه‌نه‌وه.
دڵشاد شه‌عبان ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، هاوڕایه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت تێیدا به خێرایی بۆ 600 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا به‌رز بكرێته‌وه. ئه‌و بۆ "وشه" گوتی تاكه رێی گونجاو له به‌رده‌م هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك، هه‌رێمی كوردستانه.
شه‌عبان باس له‌وه ده‌كات كه سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران نابێته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وتی ئێران به سفر بگات، چونكه ئێران گرووی هورمزی به‌ده‌سته‌وه‌یه و له‌و كاته‌شدا كێشه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت له ناوچه‌كه دروست ده‌كات. به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر نه‌وت به رێككه‌وتن ده‌گه‌ن و ده‌توانن به‌شێك له كه‌میی بازاڕ قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی لیژنه‌ی وزه ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه "هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان پلانی ساڵی 2013ی بۆ گه‌یاندنی نه‌وت به ملیۆنێك به‌رمیل سووره و كێشه‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه به كۆمپانیاكان قه‌رزداره و ئه‌گه‌ر قه‌رزی زیاتریان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌وا جێبه‌جیكردنی پلانه‌كه ئاسانتر ده‌بێت".
له لایه‌كی تره‌وه دكتۆر شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز و سامانه سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ "وشه" پێی وایه، رێگریی له هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران و ئه‌و كێشانه‌ی له داهاتوودا له گه‌رووی هورمز دێنه كایه‌وه، كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
ئه‌و باسی له‌وه كرد كه ئه‌مه‌ریكا گوشاری خستووه‌ته سه‌ر عێراق تا له راكێشانی هێڵی نه‌وت له كه‌ركووكه‌وه به‌ره‌و ئێران پاشگه‌زی بكاته‌وه.
پێویسته بگوترێت له چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق باسی له‌وه كرد كه له‌به‌ر پرسی ته‌ناهی عێراق له‌وه پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه به تانكه‌ریش نه‌وت بۆ ئێران بگوازێته‌وه.
هه‌موو ئه‌وانه ده‌ری ده‌خه‌ن كه باشترین رێ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك هه‌ر هێڵی نه‌وتی كوردستانه و به گوته‌ی جه‌وده‌ت "مه‌رج نییه ئه‌و نه‌وته‌ی لێیه‌وه هه‌نارده ده‌كرێت داهاته‌كه‌ی بۆ كوردستان بێت، به‌ڵكو كوردستان مافی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت وه‌رده‌گرێت".
له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی نه‌وت له دادگای فیدراڵی، شێركۆ جه‌وده‌ت روونی كرده‌وه، ماده‌ی 112ی ده‌ستووری عێراق پرسی نه‌وتی رێكخستووه، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش به قازانجی خۆیان شیكردنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كه‌ن.
ئه‌و پێی وایه ئه‌و پێگه و ئاسۆ گه‌شه‌ی پێش ساڵی 2014 له هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسی نه‌وت هه‌بوو، ده‌كرێت ئێسته‌ش هه‌بێت به مه‌رجێك ئیداره‌كردنی نه‌وت وه‌ك رابردوو نه‌بێت و به ئه‌مانه‌ته‌وه كه‌رته‌كه به‌ره‌وپێش ببرێت. دووپاتیشی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر وه‌ك شێوه‌ی رابردوو ئیداره‌ی نه‌وت بكرێت، ئه‌وا كێشه‌كانیش دووباره ده‌بنه‌وه".