ئەگەرچی لە ئاداری 2016 بڕیاری چوونە دەرەوەی لە یەكێتی ئەوروپا دا، حكوومەتی تیریزا مای دەیەوێت لە رێی رێككەوتنێكی تر پێوەندییە پیشەسازی و كشتوكاڵییەكانی لەگەڵ ئەوروپا بپارێزێت، بەڵام تەنگژەی بڕێكزت گوشاری گەورەی لەسەر داناوە.
برێكزت چییە؟
برێكزت، واتە دەرچوونی بەریتانیا لەو كۆمەڵە رێككەوتن و یاسایەی بە یەكێتی ئەوروپای بەستوەتەوە لەسەر وردترین پرسی هاوبەش، لە ئێستەدا بەریتانیا هەوڵی هەموواری هەموو ئەو یاسایانە دەدات کە پێویستیان بە هەمووار کردنەوە هەیە و دەبێت تا مانگی ئاداری ٢٠١٩ تەواویان بکات.
دوای بڕیاری چوونەوە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، هەنگاوی یەكەم و هەرە گەورە كە رووبەڕووی بەریتانیا بووەوە چوونە دەرەوە بوو لە رێككەوتنی بوارە جیاوازەكان لە نێوان ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، لەم نێوەندەدا بەریتانیا رووبەڕووی تەنگژەی گەورە بووەوە بەهۆی نەبوونی دەیان یاسای شوێنگرەوە بۆ یاسا هاوبەشەكانی یەكێتی، لەوانە دانانی گومرگ لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، باج، شێوازی كاركردنی كۆمپانیا ئەوروپییەكان لەسەر خاكی بەریتانیا، پرسی نشینگەدان بە هاووڵاتییانی ئەوروپی، پرسی كۆمپانیا بەریتانییەكانی لە ئەوروپا كار دەكەن، پرسی كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان و كۆمەڵێك دۆسیەی تر.
دوای ئەوەی لە راپرسی مانگی ئاداری 2017، 52%ی بەریتانییەكان بە بەڵێ دەنگیان دا بۆ چوونە دەرەوەی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا، بەپێی یاساكان دەبێت بەریتانیا تا ئاداری 2019 واتە ماوەی دووساڵی تر، لە تەواوی رێككەوتنەكانی برێكزت بكشێتەوە.
دوا هەوڵی برێكزت
دەیڤید دیفنز وەزیری راسپێردراوی دۆسیەی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا لە نۆی تەمووزی ئەمساڵ دەستی لە پۆستەكەی كشاندەوە.
دیفنز كە گرانترین و پڕ ئاستەنگترین پۆستی لە بەریتانیا هەبوو، دەڵێ هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رەتكردنەوەی ستراتیجیی تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا.
دوێنێ چوارشەم 18ی تەمووز، بۆریس جۆنسون وەزیری دەرەوەی پێشتری بەریتانیا رای گەیاند، كات نەماوە بۆ چوونە دەرەوە لە برێكزت، رەخنەی ئەوەشی لە مای گرت كە تەنیا بە ناو لە بڕێكزت چووەتە دەرەوە، چونكە لە رێڕەوی دانوستاندن لای دا و ئاراستەكەی گۆڕی.
زیاتر گوتی "كۆمەڵێك بڕیاری گرنگمان لەبارەی برێكزت دواخست. دەست لەكاركێشانەوەكەی دوای ئەوە دێت كە هەستی كردووە دانوستاندنەكانی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستوپەنجەی دەگرێت لە داڕشتنی یاسای تایبەت بە چوونە دەرەوەكە".
تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، دەست لەكاركێشانەوەی بۆریس قبووڵ دەكات و دۆمینیك راب لە شوێنی ئەو دەستنیشان دەكات.
راب تەمەن 44 ساڵ، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری نیشتەجێبوون، ئەركی چوونە دەرەوەی وڵاتەكەی لە یەكێتی ئەوروپا وەرگرت، دوای ئەوەی حكوومەتی بەریتانیا لە پلانێكی نوێدا دەیەوێت پێوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بپارێزێت.
جگە لە وەزیرەكەی برێكزت و وەزیری دەرەوە، ئەوا دوو وەزیری تریش لە حكوومەتەكەی مای دەستیان لەكار كێشایەوە، چوونە دەرەوە لە برێكزت گوشاری زۆری خستووەتە سەر مای و ئەو وەزیرانەی دەستیشیان لەكار كێشاوەتەوە رەخنەی ئەوە لە مای دەگرن كە دەستكاری پلانی چوونە دەرەوەی كردووە.
هەموو هەوڵەكانی بەریتانیا ئێستە درێژكردنەوەی چوونە دەرەوەیەتی لە 2019 بۆ 2020، هاوكات هەوڵ دەدات رێچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ هێشتنەوەی كۆمپانیا زەبەلاحە ئەوروپییەكان لەسەر خاكەكەی كە سەتان هەزار هەلی كاری رەخساندووە.
لێكەوتە ئابوورییەكانی برێكزت لەسەر بەریتانیا
چاوەڕوان دەكرێت سەتان كۆمپانیای زەبەلاحی ئەوروپی خاكی بەریتانیا جێ بهێڵن دوای بڕیاری چوونە دەرەوەی ئەو وڵاتە لە یەكێتی ئەوروپا، جگە لەمە تێچووی چوونە دەرەوەی بەریتانیا 60 ملیۆن یۆرۆ لەسەر لەندەن كەوتووە كە دەبێت ئەو پارەیە بداتە یەكێتییەكە.
هاوكات دەیان كۆمپانیای زەبەلاح هەڕەشەی جێهێشتنی بەریتانیا دەكەن، ئەگەر تا مانگی ئاداری 2019 لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا رێككەوتنی نوێ واژوو نەكات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی فاینانشیاڵ تایمز كە "
عەرەبی جەدید" كردوویەتی بە عەرەبی، كۆمپانیای تاتای هیندی كە هەردوو كۆمپانیای جاگوار و لاندرۆڤەریش سەر بەو گرووپەن، رای گەیاند ئەگەر بەریتانیا رێككەوتنی نوێ لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا نەكات، ئەوا خاكی بەریتانیا جێ دەهێڵین، بەهۆی ئەو باجەی وڵاتانی ئەوروپا دەیخەنە سەر بەرهەمەكانی كۆمپانیاكەی، بەمەش نرخی ئۆتۆمبێلەكانی گران دەبێت و زیانی زۆر دەكات.
هاوكات كۆمپانیای ئێرباسی بەرهەمهێنی فڕۆكەوانی مەدەنی و بێ ئێم دەبلیوی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل، هەڕەشەی جێهێشتنی بەریتانیا و داخستنی كارگەكانیان دەكەن، ئەگەر رێككەوتنی گومرگی نوێ لەگەڵ ئەوروپا واژوو نەكات.
جگە لەوانە، دەیان كۆمپانیای زەبەلاح و سەتان كۆمپانیای مامناوەند هەڕەشەی جێهێشتنی بەریتانیا دەكەن، ئەگەر تا ئاداری 2019 رێككەوتنی نوێ لەگەڵ ئەوروپا واژوو نەكات.
شوێنگرەوەی برێكزت
دوای چوونە دەرەوەی لە یەكێتی ئەوروپا و هەوڵەكانی بۆ چوونە دەرەوەی، بەریتانیا نایەوێت بەیەكجاری یەكێتی ئەوروپا بەجێ بهێڵێت، بەڵكو حكوومەتی تیریزا مای، رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی "ناوچەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا" پێشان دا كە وەك بنكەی هاوبەشی بەرهەمە پیشەسازی و كشتوكاڵییەكان دەبێت.
مای رای گەیاند حكوومەتەكەی رەزامەندی پێشان داوە لەسەر دامەزراندنی ئەو ناوچە بازرگانییە ئازادە كە وەك نموونەیەكی گومرگی نوێ و گونجاو دەبێت بۆ كاری بازرگانی. گوتی "بەپێی ئەو سیستەمە بەریتانیا دەتوانێت رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا ببەستێت، پلانە نوێیەكەش رێ بە بەریتانیا دەدات لەسەر زنجیرەیەك كاڵا بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بكات".
سەرچاوە/
بی بی سی+
حەیات+
سپوتینك+
حوڕە