شارەزایەك: ئەوەی لە عێراق روو دەدات بەهۆی شكستی سیاسی و گەندەڵییەوەیە

:: PM:09:47:21/07/2018 ‌

شارەزایەكی عێراقی دەڵێت ئەو دەوڵەتەی بەدەست كەموكوڕی خزمەتگەزارییە گرنگەكانەوە دەناڵێنێت دەوڵەت حسێب نییە، بۆیە رێگەیەكی زۆر لەبەردەم حكوومەتی عێراق نییە بێجگە لە جێبەجێكردنی داوای خۆپێشاندەران و ئەوەشی لەو وڵاتە روو دەدات بەهۆی شكستی سیاسی و گەندەڵییەوەیە.

هادی جەلۆ مەرعی، سەرۆكی روانگەی عێراق بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی لەو بارەوە دەڵێت، شەپۆڵی خۆپێشاندانەكانی لە هەفتەكانی دوایی عێراق دووبارە بوونەوە، خاڵێكی وەرچەرخان بوون لە چوارچێوەی پاڵەپەستۆیەكی سیاسی بۆ سەر هێزە ناكۆكەكانی ناو حكوومەت كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردن و دووبارە ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان.

زیاتر گوتی، خۆپێشاندان كاریگەریان بۆ سەر سیاسەتەكانی حكوومەتی عێراق هەبوو كە پارەی بۆ جێبەجێكردنی چەندان پڕۆژەی كارەبا و ئاو تەرخان كرد و هەوڵی دابینكردنی هەلی كار بۆ هەزاران بێكار دەدات، بۆیە پێم وایە كە خۆپێشاندانەكان پەیامێكن بۆ سیاسەتوانان كە بە ململانێی نێوان سەقاڵن و پشتیان لە خەڵكەكە كردووە، بەوەی پێویستە رەفتاری خۆیان بگۆڕن، ئەگینا دەوڵەتی عێراق تووشی نسكۆیەكی گەورە دەبێتەوە و ئەوانیش لەلایەن گەلەوە راوەدوو دەنرێن.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، پێم وایە حكوومەتی عێراق هەلی زیاتری لەبەردەم بێت بێجگە لە جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران، چونكە ئەو دەوڵەتەی بەدەست كەموكوڕی خزمەتگوزارییە گرنگەكانەوە دەناڵێنێت، دەوڵەت حسێب نییە و وای بۆ دەچم كە كێشەی راستەقینە لە عێراق بوونی نییە، بەڵكو كێشەی دروستكراون بەهۆی شكستیی سیاسی و گەندەڵی و نەبوونی بیركردنەوەیەكی سیاسی كە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت تێ بگات. 

سەرچاوە/ سپۆتنیك



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل