NBC: ئێران ئامادەکاری هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر ئەمەریکا دەکات

:: PM:10:27:21/07/2018 ‌
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە کەناڵی NBC راگەیاندووە، هاکەرەکانی ئێران ئامادەکاری هێرشێکی بەرفراوان دەکەن بۆسەر ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان.

ئەمڕۆ شەموو 21ی تەمووز/یۆلیۆ، کەناڵی ئاسمانی NBC لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ناو کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی بۆسەر دامەزراوە بنچینەییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا.

زیاتر روون کراوەتەوە، ئەمەریکا وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی لەناو ئەوروپا لەو هەوڵەی ئێران ئاگەدار کردووەتەوە و سیستەمی بەرگری ئەلیکترۆنی بەهێز کردووە و لە ئێستەدا تاوتوێی ئەوە دەکات هێرشی ئەلیکترۆنی پێچەوانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئەنجام بداتەوە.

پێشتر بەرپرسانی تەناهی ئەمەریکا بەتایبەت لە هەفتەی رابردوودا باسیان لە هێرشێکی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی کردبو بۆسەر دامەزراوە بنچینەییەکانی ئەو وڵاتە، لەوانە دەن کۆتس، سەرۆکی رێکخراوی ئاسایشی نەتەوەیی، کریس ڕی، سەرۆکی پۆلیسی فیدڕاڵ ئێف بی ئەی، ڤراد رۆزنشتاین، جێگری سەرۆکی دادی ئەمەریکا.

ئەو بەرپرسانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ وڵاتانی رووسیا، چین، کۆریای باکوور و ئێران درێژ کردبو و لەناو هەمواندا رووسیایان وەک بکەری سەرەکی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانە هەژمار کردووە.

سەرچاوە/ زەمانە


وشە - هیدایه‌ت جان