پاریس سان جێرمان لەگەڵ كانتی رێك دەكەوێ

:: PM:12:28:22/07/2018 ‌

ئەنتێرۆ هێنریك بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بەشێوەی سەرەتایی لەگەڵ نگۆلۆ كانتی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی ئینگلیزی رێككەوتووە بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا پەیوەندی بە تیپەكەیانەوە بكات.

رۆژنامەی (لۆ پاریزیان)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد: رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ كانتی كراوە و ئەوەی ئێستا ماوەتەوە رازیكردنی یانەی چێڵسییە بۆ دەستبەرداربوونی.

كانتی /27 ساڵ/ لە دایكبووی شاری پاریسی پایەتەختی فڕەنسایە و بە گەڕانەوەشی بۆ شارەكەی هەلێكی گەورە بە یانەی سان جێرمان دەدات بۆ بردنەوەی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوودا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تیاگۆ مۆتای كاپتن و ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی پاریس سان جێرمان نزیكبووەتەوە لە وازهێنانی یەكجاری لە یاری تۆپی پێ، بۆیە یانەكە پێویستی بە یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاستی زۆر باش هەیە و كانتیش باشترین یاریزانە بۆ ئەم رۆلە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا باشترین ئاستی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا و یانەكانی لیستەر سیتی و چێڵسی ئینگلیزی پێشكەش كردبوو.

تەنیا بەربەستێك كە لەبەردەم یانەی پاریس سان جێرمان بێت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كانتی بڕی ئەو پارەیە كە یانەی چێڵسی دەیەوێ كە بە 110 ملیۆن یۆرۆ خەملێنراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی فڕەنسییەكە خۆی كێشەی لەگەڵ یاسای خاوێنی یاریكردنی هەیە بەهۆی زۆری خەرجكردنی پارەوە.

یانەی چێڵسی وەرزی داهاتوو بەشداریی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ناكات رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت پاڵ بە كانتییەوە بنێ ریزی یانەكە جێبێڵێ.

كانتی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی تا ساڵی 2021 درێژەی هەیە و لەگەڵ یانەكەش پێشتر ناسناوەكانی خولی نایابی ئینگلیزی و جامی یەكەتیی ئینگلیزی بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م