پۆگبا داوای كردووە رێگەی پێ بدەن لەم یانەیە یاری بكات؟

:: AM:09:55:24/07/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئەستێرەی فڕەنسی پۆڵ پۆگبا داوای لە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كردووە رێگەی پێ بدەن بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەكەیان جێبێڵێ و روو لە یانە و خولێكی تری ئەوروپا بكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: پۆگبا داوای لە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد كردووە رێگەی پێ بدەن بگەڕێتەوە ریزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی تا لە وەرزی داهاتوودا لەتەك كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یاری بكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، پۆگبا لە یانەی مانچستەر یونایتد دڵخۆش نییە و پێیوایە لەگەڵ شێوازی یاریكردنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی هەڵ ناكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە پۆگبا لە رێگەی مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانییەوە ئارەزووی رۆیشتنی بە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد گەیاندووە.

ئەوەی كێشەیە لەبەردەم گەڕانەوەی پۆگبا بۆ ریزی یانەی یۆڤانتۆس كە لە هاوینی 2016 بە 89 ملیۆن پاوەن پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد، بڕی ئەو پارەیە كە یانە ئینگلیزییەكە داوای دەكات بۆ دەستبەردابوون لێیەوە، بەتایبەت كە چەند رۆژێك پێش ئێستا یانەكە بە 112 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ رۆناڵدۆ ئەنجامدابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م