گەرما لە ژاپۆن 80 كەسی كوشتووە

:: AM:11:02:24/07/2018 ‌

ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ژاپۆن كردووە، لە رابردووی ئەو وڵاتە بێوێنە بووە و لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 80 كەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لە دەست داوە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" زۆربەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە بەساڵاچوون و تەنیا یەكێكیان منداڵێكی تەمەن شەش ساڵە. هەفتەی رابردوو تێكڕای پلەی گەرما لە ژاپۆن لە نێوان 35 تا 40 پلەی سیلیزی بوو و رێژەی شێ بە 80% تۆمار كرابوو. لە هەندێك شوێنی تۆكیۆی پایتەخت پلەی گەرمی گەیشتە سەرووی 40 كە لە مێژووی ئەم شارە وێنەی نەبووە.

سەرۆكی فەرمانگەی كەشناسی ژاپۆن شەپۆلی گەرمای ژاپۆنی بە كارەساتێكی سروشتی بۆ سەر ئەو وڵاتە هەژمار كردووە و گوتوویەتی لە مێژووی ئەو وڵاتە شتی وا رووی نەداوە.

حكوومەتی ژاپۆن لە بەرنامەیدایە لە سەرجەم قوتابخانەكانی وڵات ئامێری ساردكەرەوە دابنێت كە پێشتر داینەنابوو و هاوكات پێداچوونەوە بەسەر ماوەی پشووی فەرمانبەران لە وەرزی هاویندا بكات.

لە ژاپۆن لە كاتێكدا پلەكانی گەرمی بەرز دەبنەوە كە ئۆڵپیكی 2020 لەم وڵاتە بەڕێوە دەچێت و كاتەكەشی لە هاویندایە، ئەمەش نیگەرانی ئەم وڵاتەی زیاتر كردووە.





وشە - سلێمان تاشان