واشنتن تایمز: نەوەی دووەمی داعش هێرشیان كردە سەر هەولێر

:: PM:12:02:24/07/2018 ‌
ڕۆژنامەی واشنتن تایمزی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی هێرشی دوێنێی چەكدارە تیرۆریستەكان بۆ سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دووپات لەوە دەكاتەوە، سەرەڕای ئەوەی داعش بە فەرمی بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڤێرژنی دووەمی داعش هێرشیان كردە سەر هەولێر.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، هێرشەكە بۆ سەر دڵی هەرێمی كوردستان لە باكوری عێراق بووە، كە بە ناوچەیەكی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان دادەنرێت و نیمچە سەربەخۆیە و پێشتریش چەندان جار تیرۆریستان كردوویانەتە ئامانج.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی واشنتن تایمز هاتووە، ئەو هێرشە دوای هەفتەیەك دێ كە فەرماندەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی كردەوە كە تیرۆریستان ماون و داعش نەمردووە.

بەرپرسێكی تەناهی هەولێر بۆ ڕۆیتەرز گوتوویەتی، لەو بڕوایەدان هێرشبەران سەر بە داعش بن، چونكە تاكتیك و چۆنیەتیی هێرشیان بۆ باڵەخانەكە تەواو لە هی تیرۆریستان دەچێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە تیرۆریستانی داعش بەرپرسیاریەتی خۆیان لە كردە تیرۆریستییەكە ڕانەگەیاندووە.

بەرپرسانی ئەمەریكا هۆشدارییان دا، پارێزگاكانی عێراق مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی كردەی تیرۆریستانیان دەبنەوە، چونكە ئەو ڕیشەیان ماوە و تا ئێستە بە كۆتایی نەهاتوون.

جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا هەفتەی ڕابردوو گوتی، ددان بەوەدا دەنێن تا ئێستە تۆڕی تیرۆریستانی داعش لەسەر زەوی بوونیان ماوە و ڕەگ و ڕیشەكانیان بەردەوام دەبن لە سەپاندنی پێگەی خۆیان و سەلماندنی مانەوەیان، پاش ئەوەی لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2017 مووسڵیان لە دەست دا و دواتریش زۆربەی ناوچەكانی عێراق و سووریان لێ سەنرایەوە.

ڤۆتێل لە بەغدا گوتی، پەلە ناكەین لە ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی داعش، بەڵام ڕووداوەكان وامان پێ دەڵێن و ناتوانین نكۆڵی لێ بكەین.



وشە - باز ئه‌حمه‌د