یەكێتی گرێ كوێرەی كۆنگرە دەخاتە ئەستۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

:: PM:09:35:24/07/2018 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕۆژانە باس لە بەستنی كۆنگرە دەكات، بەڵام هێشتا نە وادەكەی دیاری كراوە و نە لەناو كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەیش كراوەتە بابەتێكی ڕژد.

یەكێتی لە ساڵی 1975 دامەزراوە لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستە بەدەست زۆری باڵەكانییەوە دەناڵێت، سەرباری ئەوەی چەندان جار جیابوونەوەی تیادا ڕوویداوە. یەكێتی ئێستە كە بانگەشەی بەستنی كۆنگرە دەكات، لەلایەن باڵێكی دەستڕۆیشتوو كە بنەماڵەی تاڵەبانین دەست بەسەر دارایی و لایەنی تەناهیی ئەو حزبەدا گیراوە.
 
ئەندامێکی سەكردایەتی یەكێتی پێی وایە، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، ئەوە كۆنگرەی یەكێتی زیاتر دوا دەكەوێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی تەمووز/ یۆلیۆ، ڕەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم هەفتەیە سەركردایەتی یەكێتی كۆ دەبێتەوە و لەبارەی بەستنی كۆنگرە گفتوگۆ دەكرێت.

روونیشی كردەوە كە ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئەوا یەكێتی ناتوانێ‌ كۆنگرە ببەستێت و دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن.

بەپێی لێدوانەكانی پێشووی بەرپرسانی یەكێتی، ترس لەناو ئەو حزبە هەیە كە بەستنی كۆنگرە نەبێتە هۆی ڕێكخستنەوەیان و ببێتە هۆی زیاتر هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە، ئەوەیش دوای ئەوەی چەند كەسێك لەناو ئەو حزبە دەیانەوێ‌ كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی و هاوشێوەكانی پەراوێز بخرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم