ترەمپ پێشنیارێكی نوێ بە ئەوروپا دەدات

:: PM:04:29:25/07/2018 ‌

پێش ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ مەبەستی كۆتاییهێنان بە كێشە ئابوورییەكانی نێوان ئەوروپا و ئەمەریكا سەردانی ئەمەریكا بكات، ترەمپ لە تویتێكدا پێشنیارێك دەخاتە بەردەم ئەوروپا.

ترەمپ پێشنیاری ئەوە دەكات ئەوروپا و ئەمەریكا سەرجەم باجەكان لەسەر بەرهەم و كاڵاكانی یەكتر لابەرن. ئەو لەو بڕوایەدایە، ئەگەر باس لە بازرگانی ئازاد دەكرێت ئەمەی پێشنیاری كردووە رێیەكی دادپەروەرانەیە.

بە گوێرەی "یۆرۆنیوز" ژان كڵۆد پێش ئەوەی كە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بكەوێت بۆ میدیاكان گوتی، بەو دیدارە زۆر گەشبین نییە. هاوكات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش بۆ ئەو تویتەی ترەمپ، نووسی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی گەورەترە و ترەمپ ناتوانێ ئەمە بگۆڕێت هەرچەندە تویتی تریش بكات.

لە لایەكی ترەوە كۆمسیۆنی بازرگانی ئەوروپاش بڵاوی كردەوە، ئەوروپا خۆی ئامادە دەكات باجی 20% بخاتە سەر ئۆتۆمبێلەكانی ئەمەریكا ئەگەر ترەمپ درێژە بەم سیاسەتەی بدات.

پێویستە بگوترێت دۆناڵد ترەمپ باجی خستە سەر كۆمەڵێك بەرهەمی ئەوروپا و لە بەرانبەردا ئەوانیش  باجی نوێیان بەسەر بەرهەمەكانی ئەمەریكادا سەپاند. ئەمەریكا پێی وایە پێوەندییە بازرگانییەكان لە قازانجی ئەمەریكادا نین و بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئابوورییەكان بكرێت. 



وشە - سلێمان تاشان