هەوڵێك لە پەرلەمان هەیە بۆ كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان

:: AM:07:59:26/07/2018 ‌
لەلایەن دوو فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵێك هەیە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك بەمەبەستی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان. بەرپرسێكی توركمان رای دەگەیەنێت كە وەك پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە ناكەن و بەكۆی دەنگ ڕەتی دەكەنەوە. هاوكات بە "پێشێلكردنی مافەكانیان" دەزانن.

كورسی كۆتا، 11 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە كە بۆ هەریەك لە توركمان و مەسیحی پێنج كورسی و دانەكەی تریش بۆ ئەرمەن تەرخان كراوە، بەڵام چەند حزبێك دەیانەوێ لە دانیشتنێكی پەرلەماندا لە رێی پرۆژەیاسایەكەوە رۆڵی ئەو پێكهاتانە لە كوردستان بچووك بكەنەوە.

مونا قەهوەچی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پێشكەوتنی توركمانی، بۆ "وشە"ی ڕای گەیاند كە چەند حزبێك بە مەبەستی جیاواز و بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت دەیانەوێ سمای پێكەوەژیان لە كوردستان تێك بدەن. دووپاتیشی كردەوە "نابێت لە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی لەو شێوەیە بۆ كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان ئەنجام بدرێت".

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، بەهیچ شێوەیەك وەك توركمان و مەسیحییەكان لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادە نابین بۆ كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، بەڵكو لەو دانیشتنانە ئامادە دەبین كە كورسیی پێكهاتەكان زیاد بكەن.

یەكێك لە شانازییەكانی كورد بەرانبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوونی ئەو فرەیی و جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییانەیە كە هەرێمەكە بە یاسا پاراستوویەتی و سەركردەكانی هەمیشە وەك بەهای بەرز وێنای دەكەن.

وەحیدە یاقوو پەرلەمانتاری كلدان و ئاشووری و سریان لە كوردستان، باس لەوە دەكات كە ئەو هەوڵانە مەترسییەكی ڕاستەقینەن لەسەر پێكهاتەكان و ئەگەر كورسییەكانمان كەمتر بكرێتەوە، یانی پێكهاتەكان نەمان و مافیان نەما. بەڵام نەیشاردەوە كە "ئەو هەوڵانە بە موزایەدەی سیاسی دەزانین لەسەر پێكهاتەكانی دەكەن، بەڵام كەوتە كردارەوە ئێمەش هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ پووچەڵكردنەوەی".

یاقوو بۆ "وشە" گوتی، ئەو هەوڵانە دژی پێكەوەژیانە لە كوردستان و دژی مافی مرۆڤ و دژی تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، چەند حزبێكن كاری بۆ دەكەن، بەڵام ئێمە دڵخۆشین بەوەی تەنیا لایەنی سیاسی كوردستان كە پشتگیری پێكهاتەكان دەكات وەك بنەمای پێكەوەژیان لە هەرێمەكە، پارتی دیموكراتی كوردستانە و رژدن لە پاراستنی ئەو بنەمایانەی كە جێگیر كراون.

نوێنەری كلدان و ئاشووری و سریانی ئاشكرای كرد، ئەگەر پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە پەسەند بكرێت، ئەوا پەرلەمان دەبێتە پەرلەمانێكی نەتەوەیی و تەنیا كورد تێیدا بەشدار دەبێت، بۆیە ئێمە نوێنەری وڵاتان لەو پێشێلكارییە ئاگەدار دەكەینەوە و چەندان هەڵوێستی تری مەدەنیمان دەبێت لە داهاتوودا.

قووڵایی كاریگەریی مەسیحی و توركمان لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەمەرن لە دهۆك رێژەیان بەرچاوە.

ڕۆمیۆ هەكاری سەرۆكی پارتی بەیت نەهرێنی مەسیحیی، داوا دەكات پێكهاتەكانی كوردستان تێكەڵی كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكان نەكرێن و دووپاتی كردەوە "ئەو جۆرە هەڵوێستە بەهەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە، پێویست ناكات حزبە كوردییەكان تەسفیە حیساباتی خۆیان لەسەر ئێمە بكەن".

ڕۆمیۆ بۆ "وشە" رای گەیاند، "هەرێمی كوردستان بە پێكهاتەكانەوە جوانە، پێویستە ئەو حزبانە ئەوە بزانن ئەو هەموو پشتگیرییە نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكانیشە تەنیا بۆ حزبەكان نییە، بۆیە پێویستە ڕێز لە پێكهاتەكان بگرن".

"ئێمە دژی ئەو پڕۆژەیەین، بۆیە هەوڵ دەدەین پشتگیری هەموو حزبە و ئاینەكان بە دەست بهێنین، مافی خۆمانە داوای مافی خۆمان بكەین و داهاتوویەكی گەش بۆ نەوەكانمان دابین بكەین، ئێمە ئێستە 11 كورسین، پێكهاتەكان هەر 11 كورسی دژی ئەو پڕۆژەیەین و چەند حزبێكیش پشتگیریمان دەكەن" هەكاری وای گوت.

ئایدن مەعرووف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان كە حزبەكەی هەمیشە ناكۆكە لەگەڵ كورد، دەڵێ، هەوڵی لەو شێوەیە ڕەت دەكەینەوە و ئێمە لەگەڵ كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان نین، چونكە بە یاسا ڕێكخراوە، هەر هەوڵێكی لەو شێوەیەش كاریگەری دەبێت لەسەر پێكهاتەكان و دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

ئایدن بۆ "وشە" گوتی، "ئێمە پێكەوەژیانێكی جوانمان دروست كردووە، بۆیە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە بەهەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانیش ناكەین و هەڵوێستی لەم شێوەیە شەرمەزار دەكەین".

زێبار فەیلی چاودێری سیاسیی نیگەرانە لەوەی حزبەكان كوردی فەیلیان بیر چووە و تا ئێستە ئامادە نین كورسییەك بۆ فەیلییەكان دابین بكەن كە كوردی ڕەسەنن و خاوەن مێژوون.

زێبار بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، "ئێمەی فەیلی دژی كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكانین، بۆیە ئەو حزبانە ئەگەر خۆیان بەكورد دەزانن با كورسییەك بۆ كوردی فەیلی زیاد بكەن نەك هی ئەوانیتر كەم بكەنەوە".

زیاتر گوتی "كوردانی فەیلی قوربانی یەك سەدەی ڕابردوون لە كوشتن و دەربەدەركردن، بۆیە بە كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، هەمان پێشێلكاریی كوشتنە، بەڵام بەشێوەیەكی تر". 





وشە - رامیار جەواد