سبەی شەو ڕووداوێكی فەلەكی ڕوو دەدات

:: AM:10:11:26/07/2018 ‌
سبەی شەو مانگ گیران ڕوو دەدات و مانگ بەتەواوەتی ون دەبێت و ماوەی سێ‌ سەعات دەخایەنێت، درێژترین ماوەی مانگ گیرانە لە دنیا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەژی چەتۆ سەرۆكی ڕێكخراوی فەلەكناسانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،  ڕۆژی‌ 27ـی تەمووز مانگ گیران ڕوو دەدات و لە هەرێمی كوردستانیش بەتەواوی هەستی پێ دەكرێت و مانگ بەتەواوی ون دەبێت لەژێر سێبەری زەوی.

سەرۆكی ڕێكخراوی فەلەكناسانی كوردستان گوتی، ماوەی مانگ گیرانەكە سێ سەعات دەخایەنێت و هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی‌ نابێت و دیاردەیەكی فەلەكییە و زۆر ئاسایییە.

ئەژی ئاماژەی دا، ئەم مانگ گیرانە لە كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا و ئوسترالیا و باشووری ئەمەریكا دەردەكەوێت و بەدرێژترین مانگ گیران دادەنرێت لە دنیادا، هەروەها لە پارێزگای هەولێر لە سەعات هەشت و 14 خولەكی ئێوارە ڕوو دەدات و كاتێك دەگاتە ئەوپەڕی مانگ گیران سەعات 11 و 21 خولەكی شەوە و لە سەعات دوو و 28 خولەكی ڕۆژی‌ 28ی 7ی‌ 2018 سەرلەبەیانی كۆتایی دێت.

دیاردەی مانگ گیران كاتێك ڕوو دەدات كە خۆر و زەوی و مانگ دەكەونە سەر یەك هێڵ و سێبەری زەوی لەوكاتە دەكەوێتە سەر مانگ و ونی دەكات لە چاوی مرۆڤ.



وشە - رامیار جەواد