وه‌زیرێكى لبنان ئاشكراى ده‌كات، عێراق له ساڵى 1993وه تا ئێسته، دوو ملیار دۆلار قه‌رزارى لبنانه، ده‌ڵێ "عێراق ددان به قه‌رزه‌كان ده‌نێت، به‌ڵام له چۆنیه‌تى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه دوو خاڵى ناكۆكمان له نێوان هه‌یه".
نیقۆڵا توێنى وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى لبنان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له دیمانه‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئاشكراى ده‌كات، زیاتر له 25 ساڵه عێراق قه‌رزارى لبنانه و تا ئێسته‌ش قه‌رزه‌كانى نه‌داوه‌ته‌وه.
توێنى له دیمانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى
"جمهوریه"ى لبنانى باس له ورده‌كارى قه‌رزه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "به‌شێكى قه‌رزه‌كان له ساڵى 1993 ده‌ست پێ ده‌كات تا 2003، ئه‌و كاته ئابڵۆقه‌ى ئابوورى له‌سه‌ر عێراق بوو، كۆمپانیا لبنانییه‌كان له عێراق كاریان ده‌كرد".
دواتر باس له قۆناغى دووه‌م ده‌كات ئه‌ویش دواى 2003یه، ده‌ڵێ به‌شێكى تر قه‌رزه‌كان دواى 2003 وه تا ئێسته ده‌گرێته‌وه.
له باره‌ى بڕى پاره‌كه‌ش ئه‌م وه‌زیره‌ى لبنان مه‌زنده‌ى ئه‌وه ده‌كات دوو ملیار زیاتر بێت و دووپاتى ده‌كاته‌وه، تازه حكوومه‌تى لبنان كار بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ده‌كات و پێشتر به‌هۆى بارودۆخى تایبه‌تى عێراقه‌وه كارى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى نه‌كردووه.
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى عێراق، وه‌زیرى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له لبنان ده‌ڵێ، "عێراق ددانى به‌و قه‌رزانه ناوه، به‌ڵام بۆ دانه‌وه‌یان ناكۆكیمان هه‌یه".
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت دوو ناكۆكى له نێوان لبنان و عێراق هه‌یه، یه‌كه‌میان پێوه‌ندى به‌وه هه‌یه زۆر له قه‌رزه‌كان له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس بووه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتى نوێى عێراق، دووه‌میان ئه‌وه‌یه لایه‌نى عێراق داوه ده‌كات به پێى رێككه‌وتنه‌كانى یانه‌ى پاریس"PARIS CLUB" قه‌رزه‌كانى بداته‌وه.
به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش عێراق ته‌نیا ده‌توانێ %10 قه‌رزه‌كانى بداته‌وه و له به‌رانبه‌ریشدا زۆر له‌و زلهێزانه‌ى قه‌رزیان له‌لاى عێراقه ده‌بێت لێى خۆش بن.
وه‌زیره لبنانییه‌كه دووپاتى ده‌كاته‌وه ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌وتووه‌ته لاى عێراق هی كه‌سایه‌تى و كۆمپانیاكانه نه‌ك ده‌وڵه‌تى لبنان، بۆیه ناتوانێ به‌پێى رێككه‌وتنه‌كانى یانه‌ى پاریس قه‌رز له عێراق وه‌ربگرێته‌وه.
گرووپى یانه‌ى پاریس گرووپێكى نافه‌رمى جیهانییه و نزیكه‌ى 100 ده‌وڵه‌ت تێیدا ئه‌ندامن، ئه‌م گرووپه هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌ى قه‌رز له نێوان ده‌وڵه‌تانى قه‌رزار چاره‌سه‌ر بكات.