به‌رپرسێكی هێزه‌كانى ته‌ناهى له دژه‌تیرۆرى عێراقى دۆخى ناوچه‌كانى حه‌ویجه و باشووى كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت شه‌وان به ته‌واوى له ژێر كۆنتڕۆڵى حكوومه‌ت نامێنێت و داعش له‌و ناوچانه باڵاده‌سته.
ئه‌گه‌ر چى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى هاتنى داعشه‌وه بۆ عێراق، دۆخی ته‌ناهى ناو شارۆكه‌ى حەویجە ئارامى له‌ده‌ستدا، ئێسته‌یش بەشەوان داعش بەسەر گوندەکانی دەوروبەری حەویجە باڵادەستە و حكوومه‌تى عێراق به پۆلیسى فیدڕاڵیى و دژه‌تیرۆر و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى له‌و ناوچانه به‌ته‌واوى ده‌كشێنه‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى ته‌مووز، نه‌قیب سوفیان له هێزى دژه‌تیرۆرى عێراقى له لێدوانێكدا به "وشه" رای گه‌یاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵك کەم گەڕاوەتەوە ناو شارۆكه‌ى حه‌ویجه و تاكو ئێسته ترسى بوونى داعشیان هه‌یه له‌ناوچه‌كه‌یان، شارۆكه‌كه قەرەباڵغ نییە، بەڵام بەشەوان داعش دەست بەسەر گوندەکانی دەوروبەری حەویجەدا ده‌گرێت و هه‌ندێك ناوچه‌ى باشوورى كه‌ركووكیش له گوونده‌كانى (قوشقایه - عمشه - قه‌ڵا هه‌ره‌به‌ت)، كۆنتڕۆڵ ده‌كات و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار له دوبزیش نزیك بوونه‌ته‌وه".
بەرپرسەکەی ئه‌و هێزه ته‌ناهییه نه‌ى شارده‌وه له دواى ڕۆیشتى چه‌كدارێكى زۆر بۆ ناوچه‌كانى باشوورى و ناوه‌ڕاستى عێراق و بوونى بۆشایى تەناهی له كه‌كووك، هه‌موو ئه‌وانه واى كردووه یارمه‌تىده‌ربن بۆ ئەوەى داعش په‌ره بستێنێت .
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست "وشه" كه‌وتووه ژمارەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری شارۆكه‌ى حەویجە و باشوورى كه‌ركووك ، نزیکەی 800 چەکدار ده‌بن و له زیاد بوون به‌رده‌وام، خه‌ڵكى ناوچه‌كانیش یارمه‌تیان ده‌ده‌ن له ئازووقه و ده‌رمان لە رقی سته‌ماكارى هه‌ندێك له هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانى ناوچه‌كه.
"داعش بە رۆژ لەنێو ماڵ و خەندەقەکانیان دەمێننەوە، نەفەقی وایان لێداوە لەژێر زەوی 6 مەتر درێژە، لەنێو ئەو نەفەقانەدا خۆراک و موه‌لیدەی تێدایە، هەندێکیشیان کەسوکاریان هەیە و بەرۆژ لەنێو ماڵەکاندان" نەقیب سۆفیان وای گوت.
مسته‌فا محه‌مه‌د حاجى ساڵح خه‌ڵكى گووندى قه‌ڵا هه‌ره‌بت به "وشه" ى ڕاگه‌یاند، ئێمه گونده‌كه‌مان سه‌ر به شارۆكه‌ى دووبزه و زۆر نزیكین له كه‌ركووكه‌وه، جموجۆڵی داعش تەنیا لە سنووری حەویجە نییە، بەڵکو له سنوورى ئێمه‌یش به ئاسانى ده‌بینرێن و ئێمه له دواى ڕووداوه‌كه‌ى 16ى ئۆكۆتبه‌ر سێ كه‌سیشمان شه‌هید بووه به‌هۆى هێرشى چه‌كدارانى داعشه‌وه.
بەردەوامی جموجۆڵەكانی داعش لە باشووری كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و ڕۆژئاوای مووسڵ، لە كاتێكدایە كە ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، هاوكات لە ماوەی ڕابردوو جەنەراڵ جۆزێف ڤوتیل فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا هۆشداری دا كە داعش لەناو نەچووە و لە جموجۆڵ بەردەوامە.