له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین، راوكردنی ماسیش له ته‌واوی رووبار و ده‌ریاكانی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام له رووباره‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران به‌هۆی نه‌بوونی هیچ هێزێك بۆ پاراستنی ماسی، خه‌ڵك به شێوازی نایاسایی راوه‌ماسی ده‌كه‌ن و مامۆستایه‌كی ئاینیش ده‌ڵێت "راوكردنی ماسی به كاره‌با و ده‌رمان و ته‌قه‌مه‌نی، حه‌رامه و خواردنی گۆشته‌كه‌شی دروست نییه ."
ساڵی 2014 و له ده‌ستپێكی شه‌ڕی داعش، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه شانبه‌شانی پێشمه‌رگه و هێزه ته‌ناهییه‌كانی تر به‌مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له خاك و خه‌ڵكی كوردستان، بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و له سنووری باشیك جێگیر كران و تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، بۆیه به‌هۆی بۆشایی ئه‌وانه‌وه، خه‌ڵك به ئازادی راوی نایاسایی ماسی ده‌كه‌ن.
سه‌فین عه‌بدولباقی گه‌نجێكی دانیشتووی گوندی كه‌ونه سیده‌كان له سنووری سۆران، له‌باره‌ی راوی ماسی نایاسایی، به"وشه"ی گوت، "به‌هۆی بۆشایی له پاراستنی ژینگه، خه‌ڵكێكی زۆر له ده‌ڤه‌ری برادۆست و سۆران و مێرگه‌سۆر و ناوچه جیاجیاكانی تری كوردستان، روو له‌م ده‌ڤه‌ره ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی ڕاوه‌ماسی، به‌ڵام زۆربه‌یان بێ ویژدانانه به‌هه‌موو جۆره ئامرازێك راو ده‌كه‌ن.
دووپاتی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر وا بڕوات چوار ساڵی تر قڕ ده‌كه‌وێته سامانی ماسی له برادۆست، چونكه ئێسته به‌هۆی ڕاوكردنی ماسی به ته‌زووی كاره‌با و ته‌قه‌مه‌نی و ده‌رمان، به رێژه‌ی 90% ماسیی كه‌می كردووه". هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه خۆیان وه‌ك دانیشتووانی گوندی كه‌ونه سیده‌كان له ده‌ڤه‌ری برادۆست ڕاوه‌ماسییان قه‌ده‌غه كردووه.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ری، ساڵانه بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی راوكردنی ماسی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی وه‌رزی زاوزێی ماسی. ئه‌مساڵ له 15/ 3/2018 تا 15/6/2018 راوكردنی ماسی له سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه كرابوو.
به‌شیر محه‌مه‌د مامۆستای ئاینی و پێشنوێژ و وتارخوێنی یه‌كێك له مزگه‌وته‌كانی سنووری ئه‌وقافی سۆران، به"وشه"ی گوت، له قورئاندا سووره‌تی (مائیده) ئایه‌تی 96 ده‌فه‌رمووێ، "راوكردن و خواردنی زینده‌وه‌رانی ده‌ریا حه‌ڵال كراوه، ماسیش یه‌كێكه له زینده‌وه‌رانی ناو ده‌ریا و ئاو، ئاینی پیرۆزی ئیسلام ماسی به یه‌كێك له حه‌ڵاڵترین ئه‌و شتانه داده‌نێت كه هه‌موو كات خواردنی حه‌ڵاڵه و دروسته، به‌ڵام هه‌ندێك جار به‌شێك له خه‌ڵك له كاتی زاوزێ، ماسی راو ده‌كات یان به ده‌رمان و ته‌قه‌مه‌نی و كاره‌با راوه‌ماسی ده‌كات، ئه‌مه له ئاینی ئیسلامدا دروست نییه، چونكه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) ده‌فه‌رمووێ نابێت مرۆڤ زیان به‌خۆی و به‌هیچ شتێكی تر بگه‌یه‌نێ . "
هه‌ژار ماهیر ئێدلبی سه‌رۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه له سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وه‌رزی راو، خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر روو له راوه‌ماسی ده‌كه‌ن و به‌هۆیه‌وه ئه‌و سامانه گرنگه روو له كه‌مبوونه‌وه ده‌كات، له كاتێكدا ده‌بینین ساڵ به ساڵ به‌هۆی كه‌می ئاو چ به‌گرتنه‌وه بێت له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ چ به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییه ژینگه‌ییانه‌ی له دنیا روو ده‌ده‌ن، كار له‌م سامانه گرنگه ده‌كات و رێژه‌یه‌كی زۆری ماسی له ناو ده‌چن.
رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه، داواكاره له‌و هاووڵاتییانه‌ی روو له راوه‌ماسی ده‌كه‌ن خۆیان به دوور بگرن له به‌كارهێنانی تۆڕی كون ورد و كاره‌با لێدان و ماده‌ی ژه‌هراوی و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان و ئه‌و سامانه نیشتمانییه بپارێزن.
موقه‌ده‌م ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ژینگه و دارستانی سۆران، به"وشه"ی گوت، ده‌ڤه‌ری سۆران خاوه‌نی ده‌یان رووباری گه‌وره‌یه و رۆژانه خه‌ڵك به‌مه‌به‌ستی راو رووی تێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه به‌هۆی ئه‌و میلاكاته كه‌مه‌وه ناتوانین چاودێری وردی ئه‌و هه‌موو رووبارانه و ئه‌و خه‌ڵكه زۆره بكه‌ین، بۆیه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك هاوكار نه‌بێ، دۆخه‌كه كۆنترۆڵ ناكرێ.
ئه‌و پێی وایه كه چوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ژینگه بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، بۆشایی گه‌وره‌ی له ده‌ڤه‌ره‌كه دروست كردووه و داوای كرد بگه‌ڕێنرێنه‌وه شوێنی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی پێشوویان جێبه‌جێ بكه‌ن.
له ماوه‌ی رابردوو له‌سه‌ر راوی نایاسایی، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی گرتووه و دراونه‌ته دادگا، به‌ڵام به گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، لێپێچینه‌وه و سزاكانیان كه‌مه، بۆیه به پێویستی ده‌زانێت ده‌سه‌ڵاتی سزادان بدرێت به قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكان.
له ده‌ڤه‌ری سۆران كه هه‌ر چوار شارۆكه‌ی سۆران، مێرگه‌سۆر، چۆمان و رواندز به شارهدێیهكانیشیانهوه ده‌گرێته‌وه، چه‌ندان رووباری گه‌وره‌ی هه‌ن و خه‌ڵكێكی زۆر به‌هۆی سامانی ماسی له وه‌رزی هاوین بژێویان هه‌ڵده‌سووڕێنن.
وشه/ سۆران – مورشید برادۆستی