پیاوێك ژنەكەی بە بۆڕی دەكوژێت

:: AM:09:10:28/07/2018 ‌
لە یەكێك لە شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان، پیاوێك ژنەكەی بە بۆڕی دەكوژێت و دواتر ڕادەكات بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، پاش گەڕانەوەیشی بۆ ماڵەكەی خۆی،  شەوی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسەوە گیرا.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو مەفرەزەیەكی هاوبەشی پۆلیس كە پێك هاتبوون لە بنكەكانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی فریاكەوتنی پشدەر و بنكەی ڕاپەڕین، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (خ . ح . أ) لە دایكبووی ساڵی 1979 پیشەی كاسب گرت.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، ئەو كەسە تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوسەرەكەی و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەشدا ددانی ناوە بە تاوانەكەیدا و بە گوتەی خۆی بە هۆی كێشەی نێوانیان دوای ئەشكەنجەدانی بە بۆڕی كوشتوویەتی.

پۆلیس ئاماژەی داوە، ڕۆژی 31/5/2017 لە شارۆكەی قەڵادزێ لە گەڕەكی ڕاپەڕین تەرمی ژنێك بەناوی (ك . ح . خ) لەدایكبووی ساڵی 1981 پیشەی ژنی ماڵ، گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ و پاش توێكاری تەرمەكەی دەركەوت شوێنەواری ئەشكەنجە بە جەستەیەوە دیارە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، كە بكوژی ژنەكە هاوسەرەكەی خۆیەتی، پاش تاوانەكە هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت، بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێك گەڕایەوە كوردستان و چووەوە ماڵی خۆی، دوای گەیشتنی زانیاری بە پۆلیس شەوی ڕابردوو پۆلیس گرتیان و بە مادەی 406 و بە فەرمانی دادوەر پیاوەكە خرایە گرتووخانەوە.



وشە - رامیار جەواد