ئەمەریكا نایەوێت ئێران بڕووخێنێت

:: AM:09:58:28/07/2018 ‌

سەرەڕای ئەوەی كە ئێران و ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانی توند و هەڕەشەئامێزیان دژی یەكتر داوە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە پێداگری لە نەڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات.

جێمس مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بە ئاشكرا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، مەبەستی ئەمەریكا رووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكوومەتەكەی نییە، بەڵكو تەنیا دەیەوێت ئاڵوگۆڕ بە سیاسەتەكانی ئێران بهێنێت و چیتر بەرپرسان و دەزگا تەناهییەكانی ئێران نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەكە.

دوایین لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران هی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو كە رۆژی پێنجشەم بە ترەمپی گوت، "ئەوەی ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن و حیسابی بۆ دەكەن، من و سوپای قودسن نە هەموو هێزە چەكدارەكان، ئەگەر جەنگێكیش لە نێوانماندا روو بدات، ئەوا ئەنجامەكەی داڕمانی هەموو تواناكانی ئێوە و سەركەوتنی ئێمەیە."

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" پێشتریش حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران هەڕەشەی داخرانی گەرووی هورمزی كردبوو، هەروەها لە وتارێكی تریدا بە ئەمەریكای گوتبوو وریا بێت چونكە دەبێت بزانێ ئاشتی لەگەڵ ئێران دایكی هەموو ئاشتییەكان و جەنگیش دژی ئێران دایكی هەموو جەنگەكانە.

ترەمپیش لە تویتێكدا وەڵامی دابووەوە و گوتبووی هەرگیز هەڕەشە لە ئەمەریكا مەكەن، ئەگەر نا تووشی بەڵایەك دەبن كەس لە مێژوودا نەیبینیبێت. ئیتر ئێمە ئەو وڵاتە نین چیتر لێتان قبووڵ بكەین بە حەزی خۆتان وەك شێت جنێو بدەن و هەڕەشە بكەن.





وشە - سلێمان تاشان