ئەمساڵ یۆڤێنتۆس و لێڤەرپوول زۆرترین پارەیان خەرج كردووە

:: AM:10:23:28/07/2018 ‌

زۆرێك لە یانەكانی ئەوروپا لەم هاوینەدا تا ئێستا پارەیەكی زۆریان خەرج كردووە لە كڕینی یاریزانانی نوێ بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەشێوەیەكی باشتر و بەهێزتر بگەڕێنەوە.

گرینگترین و گرانترین گرێبەستەكانی ئەمساڵیش كە تا ئێستا تۆمار كرابێت گرێبەستەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بووە لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەگەڵ ئەلیسۆن پیكەری گۆڵپارێزی بەڕازیلی لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: هەردوو یانەی یۆڤێنتۆس و لێڤەرپوول تا ئێستا بە بەراود لەگەڵ یانەكانی تری ئەوروپا زۆرترین پارەیان خەرج كردووە بەهۆی گرێبەستی هەردوو ئەستێرەكەی سەرەوە.

یانەی یۆڤێنتۆس لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی ئەوروپا دێت لە رووی زۆری جەرجییەكانی ئەمساڵەوە كە تا ئێستا 222 ملیۆن یۆرۆ بووە بەهۆی گرێبەستی كریستیانۆ و هاونیشتمانەكەی جواو كانسێلۆ لەگەڵ دۆگلاس كۆستا و ماتیا پیرین.

دوای یانەی یۆڤانتۆس لە ریزبەندی دووەم یانەی لێڤەرپوول ناوی هاتووە بە خەرجكردنی 195 ملیۆن یۆرۆ لە كڕینی ئەلیسۆن و شاكیری و فابینیۆ و نابی كیتا.

لە ریزبەندی سێیەمیش یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دێت بە خەرجكردنی 180 ملیۆن یۆرۆ و پێش یانەی رۆمای ئیتاڵی كەوتۆتەوە كە تا ئێستا 110 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە.

لە ریزبەندی پێنجەمیشدا یانە گەورەكەی ئیسپانیا بەرشەلۆنە دێت كە 108 ملیۆنی تا ئێستا خەرج كردووە.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بە خەرجكردنی 98 ملیۆن یۆرۆ لە ریزبەندی شەشەم دێت و یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزیش لە ریزی حەوتەم دێت بە 95 ملیۆن یۆرۆ.

بەڵام یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا پارە خەرجكراوەكانی تا ئێستا گەیشتۆتە 89 ملیۆن یۆرۆ، لە ریزبەندی نۆیەم و دەیەمیش یانەكانی ناپۆلی ئیتاڵی 84 ملیۆن و مانچستەر یونایتد 82 ملیۆن یۆرۆ دێن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م