دوو بەرپرسی هاوپەیمانی دەستیان لە كار كێشایەوە.. یەكێكیان هاتە ناو ریزەكانی پارتی

:: PM:01:30:28/07/2018 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە دەست لەكاركێشانەوەی بەرپرسان و ئەندامانی حزبی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستی پێ كردووە و هەردوو بەرپرسی بازنەی سۆران و رواندزی هاوپەیمانی، دەستیان لە كار كێشایەوە و یەكێكشیان بووەتە پارتی .

دەست لە كاركێشانەوەی بەرپرسان و ئەندامانی هاوپەیمانی دوای ئەوە دێت كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حزبی هاوپەیمانی تەنیا دوو كورسییان بەدەست هێنا، لە كاتێكدا سەرۆكی هاوپەیمانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی رابردوودا، بانگەشەی بەدەستهێنانی دەیان كورسییان دەكرد، هەروەها ئەو بەرپرسانەی هاوپەیمانی دەستیان لە كار كێشاوەتەوە،  ئاشكرای دەكەن كە گەندەڵی و نادادی زۆر لە نێو هاوپەیمانی بوونی هەیە و ئەوەی دەیڵێن لە مەیدانی كردەنیدا ئەنجام نادرێت.

محەمەد باپیر كە بەرپرسی بازنەی سۆرانی هاوپەیمانی بوو بە "وشە "ی راگەیاند، "هەر لە دامەزراندنی هاوپەیمانی ساڵی رابردوو لە پێشی هەموو خەڵك لە سۆران پێوەندیم بە هاوپەیمانی كرد و بووم بە بەرپرسی بازنەی سۆرانی هاوپەیمانی كە پێنج ناوەندی هەبوو، بەرلەوەی ئۆفیسی هاوپەیمانی دابمەزرێت، من یەكەم كەس بووم سەرپەرشتی یەكەم كۆبوونەوەم بە  40 كەس كرد و خەڵكی زۆریشم بۆ كۆ كردنەوە، بەڵام ئەوەی هاوپەیمانی رێكلامی بۆ دەكرد وا دەرنەچوو .

باپیر دووپاتی كردەوە، هاوپەیمانی وەك لیستێكی نوێ دەركەوت و داوای دادپەروەری و گۆڕانكاری دەكرد، وەك پڕۆژەیەك بتوانێ هەموو چین و توێژەكان لەخۆ بگرێت و بەبێ ئینتیمانی ئایدۆلۆجی، بەڵام  لەو چەند مانگە دەركەوت كە ئەو شتانە بە كردەنی ناكرێن.

ئەو بەرپرسە دەست لە كاركێشاوەی هاوپەیمانی گوتی، "ئەو حزبانەی تازەن زیاتر سۆزی خەڵك رادەكێشن و ئیداری نین و ڕێكخستنیشیان تۆكمە و بەهێز نییە، بە خێرایی دەردەكەون و بەخێراییش دەچنەوە دواوە، چونكە خاوەن ئەزموون نین. راستە كەسەكان ڕۆشنبیرن و خاوەن بڕوانامەن، بەڵام سیاسی و ئیداری نین، بۆیە ئایندەی ئەو حزبانە روون نییە و داهاتووشیان باش نابێت.

ئەو بەفەرمی پێوەندی بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و دەڵێ، "بۆ پلە و پۆست و شتی مادی پێوەندیم بە پارتی نەكردووە، تەنیا  گەیشتمە بڕوایەك لە ناو پارتی مەركەزیەت هەیە، خەت خەتێن نییە، حزبێكە ئیدارە و سیاسەتی باش دەكات، هەروەها خزمەتی باشی خەڵكی كوردستان دەكات و ئاسایشی كوردستانی پاراستووە و هەمیشە خەمخۆری ئەندامانی خۆیەتی و قەت ئەندامانی خۆی پشتگوێ ناخات و دەستخۆشی و پاداشت و سزادان هەیە لە ناو پارتی، ئەو هۆكارانەش وا دەكەن پارتی بەهێز بمێنێتەوە، چونكە زیاتر لە 24 ساڵە دەخوێنمەوە بەتایبەتی لەبارەی حزبە كوردییەكان  و بۆم دەركەوتووە هیچ كامیان بارتەقای پارتی حزبایەتی راستەقینە ناكەن."

جیا لە بەرپرسی بازنەی سۆران، هاوكات بەرپرسی بازنەی رواندز و چەند ئەندام و لایەنگرێكیان دەستیان لە كار كێشاوەتەوە . 

هەرێم ئەحمەد بەرپرسی پێشووی بازنەی رواندزی هاوپەیمانی بۆ "وشە" پشتڕاستی هەواڵەكەی كردەوە و رای گەیاند، "نزیكەی ساڵێكە لێپرسراوی بازنەی رواندز بووم و كاریگەریی باشم لەسەر پەیداكردنی دەنگ بۆ هاوپەیمانی هەبووە، بەڵام گەیشتمە ئەو بڕوایە كە چیتر كاری حزبی نەكەم و باوەڕم بەكاری حزبایەتی نییە لە كوردستان".
 
زیاتر گوتی مادام حزب ئامانجە و خەڵك وەسیلەیە، خۆی ناكاتە قوربانی حزبایەتی، هەرچەندە زۆر بە دڵسۆزی لەگەڵ هاوپەیمانی بووە، بەڵام بە فەرمی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرووی خۆی كردووە . 

سۆران / مورشید برادۆستی









وشە - سلێمان تاشان