سه‌رۆكی لیستێك: سیستانی پشتیوانی سیسته‌مێكی گه‌نده‌ڵ له‌ عێراق ده‌كات

:: PM:01:49:28/07/2018 ‌
سەرۆكی هاوپەیمانی "تەمەدوون" ڕەخنەی لە مەرجەعییەتی باڵای شیعەكانی عێراق گرت و دووپاتی كردەوە، كە مەرجەعییەت پشتیوانی سیستەمێكی گەندەڵ و حكوومەتێك لەسەر بنەمای ساختەكاریی هەڵبژاردن دەكات.

قسەكانی دوێنێی عەبدولمەهدی كەربەلایی نوێنەری سیستانی لە وتاری هەینیدا كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و سەرۆكی هاوپەیمانی تەمەدوونیش هێما بۆ ئەوە دەكات، بەم كارە مەرجەعییەت پشتیوانی سیستەمێكی گەندەڵی و حكوومەتی نوێ دەكات كە لەسەر بنەمای ساختەكاریی هەڵبژاردن دروست دەبێت.

فایەق شێخ عەلی سەرۆكی هاوپەیمانی تەمەدوون ئاشكرای كرد، پێچەوانەی سەرجەم داواكانی خۆپێشاندەران، وتاری هەینی مەرجەعییەت هەمووانی بێ ئومێد كرد، دوای ئەوەی پشتیوانی لە مانەوەی ئەم سیستەمە سیاسییە كرد، بێ ئەنجامدانی هیچ گۆڕانكارییەكان.

زیاتر گوتی، پشتیوانی مانەوەی ئەو سیستەمە واتە دژایەتی مەرجەعییەت بۆ داواكاری خۆپێشاندەران كە داوای سیستەمی سەرۆكایەتی و حكوومەتی لەناكاو و هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، مەرجەعییەت داوای لە حكوومەت و پەرلەمانی داهاتوو كرد كە داواكانی تری خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن.

ئەو ڕەخنانەی فایەق شێخ عەلی سەرۆكی هاوپەیمانی تەمەدوون و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە كاتێكدایە كە مەرجەعییەت دوێنێ پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق كرد و داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی كرد، ئەمەیش نیگەرانی لای خۆپێشاندەران و سیاسییەكانی دژ بە حكوومەت لێ كەوتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د