"ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ دوبه‌ی ده‌هێنرێنه‌ عێراق مۆدێلیان ده‌گۆڕێ و خراپن"

:: PM:02:26:28/07/2018 ‌
كۆمپانیاكانی ئیمارات لاوازی چاودێری بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیان قۆستووەتەوە و وڵاتەكەیان پڕ لە ئۆتۆمبێلی خراپ و دوور لە مەرج و تایبەتمەندی و ڕێنوێنییەكان كردووە، ئەمەیش لە داهاتوودا دەبێتە زیانێكی گەورەی ئابووری بۆ خەڵك و حكوومەتی عێراق، ئەگەر چاودێری توند نەكات و كۆتایی بەو دیاردەیە نەهێنێت.

لە ڕێی خزمەتگوزاری كارگۆ و گواستنەوە، كۆمپانیای فلای دوبەی بە كەشتی ڕۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل دەگەیەنێتە بەنداوەكانی بەسڕە، جیا لەوەی بە هەزاران پارچەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ بارهەڵگرەكان دەگەنە عێراق و بە شارەكانی عێراق بڵاو دەبنەوە، كە سەرجەمیان كوالێتی و مەرج و ڕێنوێنیی یاسایییان تێدا نییە و لە بازاڕی لەنگەوە هاوردە دەكرێن.

بەرپرسێكی حكوومەت لە پارێزگای بەسڕە بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاندووە، بازرگانانی ئیمارات دەیانەوێ عێراق بە تەواوی بە ئۆتۆمبێلی خراپ داگیر بكەن و بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكانیش بە كۆنتێنەر و بە ناوی كەلوپەلی خواردەمەنی ڕەوانەی عێراق دەكەن و بە تەواویش یاری بە شوێنی دروستكردن و مۆدێلی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكان دەكەن.

ئەفسەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی عێراق بە ناوی "سەلام خالیدی" بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، مەرج و ڕێنوێنیی تایبەت بە هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ناوەوەی عێراق هەیە، بڕیار دراوە هیچ ئۆتۆمبێلێك لە خوارووی مۆدێل 2017 نەهێنرێتە عێراق، ئەو ڕێنوێنییە بە تەواوی دەروازە و گومرگەكانی عێراق دراوە و بە هیچ شێوەیەك ڕێ بە هاتنە ناوەوەیان نادرێت.

بەرپرسێكی فەرمانگەی گومرگی بەسڕە گوتی، فەرمانگەی بەنداوەكانی عێراق لە بەسڕە شكستی هێناوە لە كۆنتڕۆڵكردنی دوو هەزار و 500 ئۆتۆمبێل كە لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستە بە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەك و مەرجەكانی سەلامەتییان تێدا بێ، هاتوونەتە ناو عێراق، جیا لەوەیش توانراوە شكست بە 100 هەوڵی هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ مەرج و ڕێنوێنیی بهێنرێ كە لە ئیماراتەوە بەرەو عێراق هێنراون.

زیاتر گوتی، بازرگانان بە كۆنتێنەری گواستنەوەی خواردەمەنی و كەلوپەل ئۆتۆمبێلەكان دەهێنن، كارمەندانی گومرگ ناتوانن هەموو كۆنتێنەرەكان بپشكن و دڵنیا ببنەوە لەوەی كە خواردەمەنی تێدایە یان ئۆتۆمبێل.



وشە - باز ئه‌حمه‌د