ڕێژەی تووشبوون بە هەوكردنی جگەر لە كوردستان ڕوو لەزیادبوونە

:: PM:03:56:28/07/2018 ‌
لە رۆژی جیهانی نەخۆشیی هەوكردنی جگەر، سیمینارێك رێكخراو مەترسییەكانی هەوكردنی جگەر و هۆكارەكانی تووشبوون بەو نەوخۆشییە خرانەڕوو، پزیشكان و چالاكانیش هێما بۆ زۆربوونی ڕێژەی تووشاران بەو نەخۆشییە لە كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، رێژنە هاوڕێ سەرۆكی تیمی تەندروستی رێكخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ لە سیمینارەكەدا ئاشكرای كرد، مرۆڤ بەهۆی پێنج  هۆكار تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبێت، كە ئەوانیش خواردنی ناتەندروست و ئاوی پیس و زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی كهوول و خواردنی دەرمانی هەڵە لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

سەرۆكی تیمی تەندروستی رێكخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ گوتی، هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەكانی نەخۆشیی هەوكردنی جگەر و شێوازەكانی خۆپارستن لێی ئامانجی سەرەكی ئێمەیە.

هاوكات سازان عەلی پزیشكی هەناو لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نەخۆشیی هەوكردنی جگەر لە هەرێمی كوردستان ڕێژەكەی زۆر بووە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بكرێنەوە.

ئەو پزیشكە گوتی، هاووڵاتی كاتێك شتێكی پیس دەخوات دەڵێ خۆ نامكوژێت، بەڵام دوای ساڵێك تووشی نەخۆشیی هەوكردنی جگەر دەبێت و هەموو ڕۆژێك بە ئازارەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە هۆشیاری هەبێت و هاووڵاتییان ئاگەداری ئەو مەترسییە بكرێنەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، هەوكردنی جگەر  هەوكردنێكی ڤایرۆسیە كە تووشی جگەر دەبێت و سەر بە كۆمەڵەی نەخۆشییە گوازراوەكانە، نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس لەساڵێكدا بەهۆی ئەم نەخۆشییە لە دنیا گیان لە دەست دەدەن، لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 500 هاووڵاتی تووش بوو هەیە، ڕەنگە ئەو ژمارەیە زیاتریش بێت، بەڵام بەهۆی كەمی پشكنین دیار نییە بە تەواوی ڕێژەكە چەندە.

نزیكەی 400 ملیۆن كەس ئێستە تووشی نەخۆشیی هەوكردنی جگەر بوون لە سەرانسەری دنیا و ئەو ژمارەیەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.



وشە - رامیار جەواد