له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شارۆكه‌ی پێنجوێن وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵی و بازرگانی ناسراوه، به‌ڵام زیاتر له 13 جۆر كانزا له سنووره‌كه‌دا هه‌ن و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانه‌وه به‌ته‌واوی پشتگوێ خراوه. به‌رپرسی یه‌كه‌می شاره‌كه ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له‌گه‌ڵ بوونی ئاسن و گۆگرد و مس و زیو و خه‌ڵووزی به‌ردین و چه‌ندان كانزای تر، هێشتا نه‌توانراوه وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكرێت.
ئه‌میر سۆفی جه‌مال نووسه‌ر و شاره‌زا له مێژووی پێنجوێن، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پێنجوێن یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی زۆرترین جۆری كانزای جیاوازی تێدایه، به‌پێی ئه‌و پشكنینانه‌ی كه له ساڵانی رابردوو و به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌می رژێمی پێشووی به‌عسدا كراون، ده‌ركه‌وتووه 13 جۆر كانزای تێدایه، یه‌كێك له‌وانه ئاسنه، هه‌روه‌ها نه‌وت، مه‌نگه‌نیز، گۆگرد، زێڕ، زیو، مس، خه‌ڵووزی به‌ردین و چه‌ندان جۆر كانزای تریش.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، گرنگییان به‌م كه‌رته نه‌داوه و به گوته‌ی ئه‌و نووسه‌ره "وا پێ ده‌چێت حكوومه‌ت ته‌نیا نه‌وت به سامان بزانێت، بۆیه جۆره‌كانی تری سامانه سروشتییه‌كانی پشتگوێ خستووه".
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه لای هاووڵاتییانی ئاسایی شارۆكه‌كه‌یش شاراوه نییه، بۆیه ئاسۆ كه‌ریم پێی وایه ناوچه‌كه‌یان شوێنێكه جگه له‌وه‌ی له‌باره بۆ كشتوكاڵ و بازرگانی، ناوچه‌یه‌كی سنوورییه و چه‌ندان مه‌رزی تێدایه، هاوكات له‌رووی پیشه‌سازیشه‌وه ده‌توانرێت سوودی زۆری لێ وه‌ربگیرێت، به‌هۆی بوونی چه‌ندان جۆری كانزا، یه‌كێك له‌وانه‌ش به‌ردی ره‌نگاوڕه‌نگه.
ئه‌و بۆ "وشه" گوتی "له سه‌رووی پێنجوێن، شاخی ئاسنكوڵێنی تێدایه كه چه‌ندان كانزا و ئاسنی به‌نرخی له‌خۆ ده‌گرێ، هاووڵاتی و حكوومه‌تیش ده‌توانن سوودی زۆری لێ وه‌ربگرن، به‌ڵام حكوومه‌ت ئاوڕی لێ نه‌داوه‌ته‌وه".
له به‌رانبه‌ردا زانا ره‌حمان قایمقامی پێنجوێن، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، گومانی تێدا نییه كانزایه‌كی زۆر له سنووره‌كه هه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته وه‌به‌رهێنانی پێویستیان بۆ نه‌كراوه، ئه‌و به‌شه‌یشی كه ده‌رهێنراوه، رێژه‌یه‌ك له داهاته‌كه‌ی ته‌رخان نه‌كراوه بۆ سنووری شارۆكه‌كه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئه‌و ره‌خنانه‌ی وه‌ك ئیداره‌ی سنووری پێنجوێن له لایه‌نه پێوه‌نداره‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێمی ده‌گرین.
به‌پێی چه‌ندان به‌دواداچوون و ئه‌و راپۆرتانه‌ی له ساڵانی رابردوودا له‌لایه‌ن تیمی ناوخۆیی حكوومه‌تی عێراق و وڵاتانی بیانی و شوێنه‌وارناسان خراونه‌ته ڕوو، ده‌ركه‌وتووه پێنجوێن چه‌ندان كانزای به‌نرخ و گرانبه‌های وه‌ك ئاسن، زێڕ، زیو، مس، گۆگرد، خه‌ڵووزی به‌ردین و چه‌ندان جۆری تری كانزایی به‌نرخی تێدایه.
هه‌ندێك له به‌ردی ئه‌و شاخانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی چیمه‌نتۆ و كاشی له‌لایه‌ن چه‌ند خاوه‌ن كارگه‌یه‌كی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنرێن، به‌ڵام نه‌توانراوه سوودی زیاتریان لێ ببینرێت.
شارۆكه‌ی پێنجوێن نزیكه‌ی 100 كیلۆمه‌تر له سلێمانییه‌وه دووره و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 45 هه‌زار كه‌س ده‌بێت. به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافییه‌وه بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی گرنگی بازرگانی و كشتوكاڵی و گه‌شتیاری، هاوكات ناوچه‌یه‌كی گرنگیشه بۆ كانزا جۆراوجۆره‌كان و زیاتر له 13 جۆر كانزا له سنووره‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام سوودیان لێ وه‌رنه‌گیراوه.
وشه/به‌دواداچوونی رێبین پێنجوێنی