ئەمەریكا و سعوودیە پاكستان وەك بنكەیەك لە دژی ئێران بەكار دێنن

:: PM:05:27:28/07/2018 ‌

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا شاندێكی باڵای سەربازی ئێران سەردانی پاكستانی كرد و چاوی بە سەرۆكی ئەو وڵاتەیش كەوت، بە پێی چاودێران هۆكاری سەرەكیی ئەو سەردانە گەیاندنی مەترسییە تەناهییەكانی ئێران بوو لە ئەگەری بەكارهێنانی پاكستان وەك بنكەیەكی جموجۆڵەكانی ئەمەریكا و سعوودیە لە دژی ئێران.

لە 15ی ئەم مانگە جەنەراڵ محەمەد حوسێن باقری، فەرماندەی سوپای ئێران سەردانی ئیسلام ئابادی كرد لەگەڵ قەمەڕ جەواد باجوای، هاوتا پاكستانییەكەی و مەئموون حوسێنی، سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە و سەردانەكەیشی تەواوكەری سەردانی پێشتری شاندە سەربازی و بازرگانییەكانی ئێرانی بوو بۆ پاكستان، ئەوان باسی رەواندنەوەی مەترسییەكانی ئێرانیان لە بەرانبەر پاكستان كرد لە هەر ئەگەرێك بۆ داهاتوو. 

سەرانی تەناهیی ئێران وای دەبینن كە ئەمەریكا و سعوودیە بەنیازن ژوورێكی كردەوەگەلی سەربازی هاوبەش لە ناوچەكە لەسەر خاكی پاكستان دامەزرێنن بە هاوشێوەی ناوەندی كردەوەگەلی سەربازی كە واشنتن لە 2013 بە عەمان دایمەزراند بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، وەك "ئینتلیجنس ئۆنڵاین"ی فڕەنسایی بڵاوی كردەوە. 

سەرچاوەكانی ئەو ماڵەپەڕە فڕنسییە دووپاتی دەكەنەوە كە ئەمەریكا و سعوودیە و پاكستان بە شێوەیەكی راستەقینە و كردەنی باس لە دامەزراندنی ئەو ژوورە دەكەن و ئێرانیش ترسی لەوە هەیە كە ئەو ژوورە بۆ شێواندنی دۆخی ئەو وڵاتە و ناسەقامگیری تاران بێتە بەكارهێنان.

ئێران پێی وایە كە واشنتن و ریاز دەیانەوێت ململانێی ناوخۆی ئێران زیاد بكەن بەمەبەستی رێگرتن لە فرەوانبوونی دەسەڵاتە سەربازی و ئابوورییەكانی لە ناوچەكە، هەر لە بەیرووتەوە تا بەغدا و سەنعاوە.

جیا لەوە ئەمەریكا و سعوودیە دەیانەوێت جموجۆڵی ناڕەزایی لە ناوخۆی ئێران لە رێگەی بزاوی جیاخوازی "جوندوڵا"ی سوننە لە ناوچەكانی رۆرژهەڵاتی ئێران بەتایبەتی لە سیستان و بلوجستان، فرەوانتر بكەن.

سەرچاوە/سكای پرێس




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل