دەستوەردان لە هەڵبژاردن گەورەترین لەمپەری بەردەم لووتكەی واشنتن و مۆسكۆ

:: PM:05:48:28/07/2018 ‌
لووتكەی هێلسنكی بەستەڵكی پێوەندییەكانی مۆسكۆ و واشنتن دەتوێنێتەوە و بەدوایدا دوو دیداری تری لووتكە لە واشنتن و مۆسكۆی لێ كەوتەوە، دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا گەورەترین بەربەستی بەردەم لووتكەكەیە، دیموكراتەكانیش لە هەوڵی قۆڵبەستكردنی سەرۆكی ئەمەریكان.

دوای دیداری لووتكە لە هێلسنكی لە 16ی ئەم مانگە، لە پەراوێزی لووتكەی بریكس "بەڕازیڵ، هیندستان، رووسیا، چین و باشووری ئەفریقیا" لە جۆهانسبێرگی پایتەختی باشووری ئەفریقیا، ڤلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیا رای گەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە داوەتنامە پێشكەش بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆك ئەمەریكا بكات بۆ سەردانیكردنی مۆسكۆ، گوتی "بە كردەیی داوەتنامەمان پێشكەش كردووە لە لووتكەی هێلسنكی، ئێمەش ئامادەین سەردانی واشنتن بكەین ئەگەر داوەتنامەمان بە دەست بگات".

پووتن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە جۆهانسبێرگ جەختی لەوە كردەوە كە ئامادەیە سەردانی واشنتن بكات، ئەگەر مەرجەكان گونجاو بن بۆ كاری پێكەوەیی لەگەڵ ئەمەریكا، ئەو دیدارانەیش لەگەڵ ترەمپ "سوودبەخش" دەبن.

هەر دوێنێ هەینی 27ی تەمووز، گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا رای گەیاند كە سەرۆك ترەمپ ئامادەیە سەردانی مۆسكۆ بكات ئەگەر داوەتنامەی فەرمی بە دەست كۆشكی سپی بگات.

سارە ساندرز، گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو كە ترەمپ خۆشحاڵە پێشوازی لە پوتین بكات لە واشنتن و ئامادەیشە سەردانی مۆسكۆ بكات.

ڤلادیمێر پووتن، سەرۆكی رووسیا لە بارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، ئەوەی ترەمپ لەوانی تر جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە دەیەوێت ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی ئەمەریكای داوە جێبەجێیان بكات.

جێی بیرخستنەوەیە لە 16ی ئەم مانگە هەردوو سەرۆك لە لووتكەی هێلسنكی دیدارێكی مێژووییان ئەنجام دا و پاشان كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان بەست، ئەمەیش یەكەمین دیداری فەرمی نێوان هەردوو سەرۆكە دوای تۆمەتباركردنی رووسیا بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا كە مۆسكۆ رەتی دەكاتەوە.

هەر پێوەند بە سەردانی پووتن بۆ ئەمەریكا، كۆشكی سپی ئاشكرای كرد كە پووتن لە پایزی ئەمساڵ سەردانی واشنتن دەكات، هاوكات ساڵی داهاتوویش ترەمپ سەردانی مۆسكۆ دەكات، باسی لەوەیش كرد كە هۆكاری دواكەوتنی كاتی سەردانەكان پێوەندارە بە دۆسیەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا كە ساڵی 2016 بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتێكی "meo" جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاندووە كە لووتكەی هێلسنكی هیچی لە سیاسەتی ئەمەریكا و رووسیا بەرانبەر بە یەكتری نەگۆڕیوە و هیچی نوێشی پێوەند بە سووریا لێ نەكەوتووەتەوە.
زیاتر گوتی، "هەر دوای كۆبوونەوەی لووتكەی هێلسنكی، گەورە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی پێوەندی پێوە كردم، پێم راگەیاند كە لووتكەكە هیچی لە سیاسەتی هەردوو وڵات نەگۆڕیوە".

ئەگەری لووتكەی واشنتن و لووتكەی مۆسكۆ لە نێوان هەردوو سەرۆك لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوو دوای دیداری لووتكەی هێلسنكی رەخنەیەكی زۆر رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كرایەوە بەوەی باوەڕی بەوە هاتووە مۆسكۆ دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا نەكردووە لە ساڵی 2016.

رەخنەكانی رووبەڕووی ترەمپ كراونەتەوە هاوكاتە لەگەڵ كۆتاهاتن لە كاركردن لەسەر راپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا كە دووپات لە دەستوەردانی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا دەكاتەوە و راوێژكارێكی تایبەتیش لێكۆڵینەوە لە تیمی ترەمپ دەكات بۆ سەلماندنی ئەوەی كە رووسەكان هاوكاری ترەمپیان كردووە یان نا.

بەڵام دۆناڵد ترەمپ هەموو ئەو رەخنانەی رەت كردەوە و داوەتنامەی تایبەتی بۆ سەرۆكی رووسیا نارد كە لە پایزی ئەمساڵ سەردانی واشنتن بكات.لای خۆیەوە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا رۆژی چوارشەمی رابردوو 25ی تەمووز بانگهێشتنی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد لەبارەی ئەگەری پێدانی بەڵێنی نهێنی لەلایەن ترەمپەوە بۆ پووتن لە لووتكەی هێلسنكی.

سیناتۆر بۆب كوركر، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پشكی كۆمارییەكان، كۆنگرەی رۆژنامەوانی ترەمپ و پووتنی لە پەراوێزی لووتكەی هێلسنكی بە "ساتێكی خەفەتبار" بۆ ئەمەریكا ناساند.

هاوكات مایكڵ كوهین، پارێزەری تایبەتی سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە ترەمپ ئاگاداری كۆبوونەوەی رۆژی 16ی حوزەیران/ یۆنیۆ بوو لە تاوەری ترەمپ، كاتێك رووسەكان ئامادەییان پێشان دا بۆ پێشكەشكردنی زانیاری لەسەر هێلاری كلنتن بە تیمی ترەمپ تا زیان لە ركابەرەكەی بدات.

بەپێی سەرچاوەیەك كە كوهین قسەی بۆ "سی ئێن ئێن" كردووە، ئامادەی پێشانداوە زانیارییەكانی بۆ رۆبەرت مۆلەر لێكۆڵەری تایبەت بە دۆسیەكە پشت راست بكاتەوە.

هەوڵەكانی سەلماندنی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ و كۆنگرێسمانە كۆمارییەكان گوشاری زۆر دەخەنە سەر رۆبەرت مۆلەر بۆ كۆتایی پێهێنانی دۆسیەی گومان لەسەر دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، پێیان وایە كاتی ئەوە هاتووە دۆسیەكە دابخرێت.

هەوڵەكانی لووتكەی واشنتن و مۆسكۆ لە نێوان ڤلادیمێر پووتن و دۆناڵد ترەمپ لە كاتێكدایە شیلا جاكسون لی پەرلەمانتاری دیموكراتەكان پێشنیازی پڕۆژە یاسایەكی كردووە كە رێگری لە دۆناڵد ترەمپ بكات بە تەنیا دیدار لەگەڵ پووتن ئەنجام نەدات.
كەناڵی "RT"ی رووسی ئاشكرای كردووە كە بەگوێرەی ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسایەكە دەبێت دۆناڵد ترەمپ مۆڵەت لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی وەرگرێت پێش ئەوەی هەر دیدارێكی تایبەت لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ئەنجام بدات.

بەپێی هەواڵەكەی كەناڵە رووسیەكە بێت، ئەوا لە پڕۆژەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە ترەمپ بۆی نییە واژوو لەسەر هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ رووسیا بكات، پێش ئەوەی رەزامەندیی كۆنگرێسی لەسەر نەبێت.

ئەگەرچی شارەزایانی دەستووری و یاسایی پێیان وایە وەها پڕۆژەیەك پێشێلكردنی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە یەكتری، بەڵام ئەو هەوڵەی كۆنگرێس دوای ئەوە دێت رووسیا رای گەیاند لە لووتكەی هێلسنكی هەندێك رێككەوتن بەدەست هاتوون كە لە بەرژەوەندی كرملین دایە، ئەمەیش وای كرد كۆنگرێس داوا لە ترەمپ بكات وردەكاری گفتوگۆكانی لەگەڵ پووتن بۆ كۆنگرێس ئاشكرا بكات.

ئەمە لە كاتێكدا كۆشكی سپی و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ رووسیا هیچ لێدوانێكیان نەداوە، چاودێران لەو باوەڕەدان یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی سەردانی پووتن بۆ واشنتن كە رووبەڕووی دەبێتەوە، پرسی دەستوەردانی رووسیایە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوە دەچن كە پووتن بەرگری لە ترەمپ بكات و رەتی بكاتەوە وڵاتەكەی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا كردبێت.




وشە - فه‌رمان سادق