گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:07:55:28/07/2018 ‌

دوای وتارەكەی دوێنێ هەینی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف بە پێویستی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم ئاماژە دەكات كە گفتوگۆكان بۆ ئەو مەبەستە دەستیان پێ كردووەتەوە.

دوای ئەوەی خۆپێشاندانی جەماوەری لە ژمارەیەك پارێزگای شیعەنشینی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەریان هەڵدا و ئەوان داوای باشتركردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كاریان دەكرد، بەم دواییە مەرجەعیەتی نەجەف هاتە سەر خەت و دوێنێ هەینی نوێنەری عەلی سیستانی بۆچوونی سیستانی لەبارەی خۆپێشاندانەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و نەهێشتنی گەندەڵ ئاشكرا كرد و داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كرد.

عەبدوڵا زەیدی، سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی لەو بارەوە بۆ "مەوازین نیوز" گوتی، دوای چەند سەعاتێك لە وتارەكەی مەرجەعیەتی باڵا گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەستی پێ كردووەتەوە كە وتارەكە هاندەرێك بوو بۆ هێزە سیاسییەكان بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن و پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.  

دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ناكرێت دوا بكەون بەتایبەتی ئەگەر لە ماوەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند بكرێت.

لای خۆیەوە عامر فایز، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری پێشبینی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی كرد بەهۆی دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئاماژەی كرد، رەنگە ئەنجامەكان لە سەرەتای مانگی داهاتوو بێتە راگەیاندن  و دوای ئەوەیش دادگای فیدراڵ ئەنجامەكان پەسند بكات. 

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی كرد كە مانگی داهاتوو بۆ رێوشوێنە دوای یەكەكانی دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان تەرخان بكرێت و پێكهێنانی حكوومەتیش بكەوێتە مانگی ئەیلوولی داهاتوو.

دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی باشوور و ناوڕاستی عێراق، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و پاڵپشت بۆ لیستی سائیروون، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و خاوەن زۆرترین كورسی پەرلەمانی (52) كورسی، گفتوگۆكانی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراقی تا كاتی جێبەجێكردنی داوای خۆپێشاندەران دوا خست.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل