ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا

:: PM:09:10:28/07/2018 ‌

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كورستان رای گەیاند كە  لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەنددا هەر 99 كاندیدەكەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كران، هاوكات ناوی سەرۆكی لیستی هەڵبژاردنی ئەو حزبەیش ئاشكرا دەبێت.

وەك لە میدیاكانی یەكێتی بڵاو كراوەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ پەسەندكردنی ناوی كاندیدانی یەكێتی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هاتووەتە سازكردن.

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لەو بارەوە رای گەیاند، دوای كۆتاهاتنی كۆبوونەوەكە ناوی كاندیدان پەسند كران و كاندیدانی یەكێتی پێشتر لەلایەن مەڵبەند و كۆمیتەكانەوە هەڵسەندگاندنی تەواویان بۆ كراوە، دواتر ناوەكان بەرز كراونەتەوە بۆ پەسەندكردنیان.

نێروەیی روونی كردەوە، ئەنجوومەنی ناوەند هەڵسەنگاندنی تەواو و وردی بۆ سەرجەم كاندیدەكان كردووە و پەسەندی كردوون. ئاماژەی بەوەیش دا، لە نزیكترین كاتدا ناوی كاندیدەكان لە لایەن مەكتەبی سیاسی و دەزگای هەڵبژاردنەوە بڵاو دەكرێنەوە.

لای خۆیەوە بڕیار رەشید، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmedia ی راگەیاندووە كە د. ئەرسەلان بایز، وەك سەرۆكی لیستی یەكێتی ژمارە 105 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كراوە و یەكێتی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ناوی سەرجەم كاندیدانی پێشكەش بە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل