سەركردەیەكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستی لە كار كێشایەوە

:: PM:09:55:28/07/2018 ‌

دوای ئەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتیی د. بەرهەم ساڵح ناوی 100 كەسی وەك كاندید بۆ پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، جیابوونەوە لە ریزەكانی ئەو هاوپەیمانییە بەروونی دیار دەكەوێت و ئەمڕۆ د. دڵشاد عەبدولڕەحمان دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە روونكردنەوەیەكدا راگەیاند.

  لە روونكردنەوەكەی د. دڵشاد كە بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نووسیوە دەڵێت، بەم نامەیە دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لە هاوپەیمانی رادەگەیەنم، لەبەرئەوەی گەیشتمە ئەو قەناعەتەی ئەو ئامانجەی ئێمە هاوپەیمانیمان وەك قەوارەیەكی هەڵبژاردن بۆ دروست كرد، لە ڕێگەی ئەم هاوپەیمانیەوە نایەتەدی.

 زیاتر دەڵێت، بەردەوامبوونی ئەم هاوپەیمانییە و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان تەنیا ژمارەیەكی تر ی بێ كاریگەر دەخاتە سەر لیستی هێزەكان و پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش زیاتر دەكات، بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، جگە لە گەیشتنی چەند كەسانێك بە پەرلەمان یان وەرگرتنی چەند پۆستێك شتێكی تری پێ نایەتەدی كە ئەوە نەئامانجی من بووە و نە ئێوەیش لەكاتی راگەیاندنی هاوپەیمانیدا. بۆیە لێرەوە رای گشتی ئاگادار دەكەمەوە كە لەم ساتەوە هیچ پێوەندییەكم بە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و داپەروەری نەماوە.


ماوەیەكە دەست لەكاركێشانەوەی بەرپرسان و ئەندامانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستی پێ كردووە، محەمەد باپیر كە بەرپرسی بازنەی سۆرانی هاوپەیمانی و هەرێم ئەحمەد بەرپرسی پێشووی بازنەی رواندزی هاوپەیمانی، هەردووكیان دەستیان لە كار كێشایەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل