لەسەر داوای راهێنەر.. ریال مەدرید وازی لە هازارد هێناوە

:: AM:09:58:29/07/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر داوای راهێنەرە نوێیەكەی جولین لۆپیتیگی بڕیاریداوە واز لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی بێنێ.

رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: لۆپیتیگی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە هەوڵەكانیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد رابگرن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە ماوەیەكبوو هەوڵەكانی چڕ كردبۆوە بۆ هێنانی یاریزانێكی سوپەر بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی، بۆ ئەمەش هازارد بژاردەی یەكەمی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە بوو.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پێشتر ئامادەیی خۆی پێشاندابوو ئەو پارە زەبەلاحە بدات كە یانەی چێڵسی بۆ دەستبەرداربوون لە هازارد دەیەوێ كە بە 200 ملیۆن یۆرۆ خەملێنرابوو.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو بەتەواوی پشت بە تواناكانی ئەستێرەی تیپەكەی ئیسكۆ ببەستێ و واز لە هێنانی یاریزانی سوپەر بێنێ.

راهێنەرەكە هەروەها بڕیاریداوە لە ركابەرییەكانی وەرزی داهاتوودا لە باڵەكانی هێڵی ناوەڕاستدا پشت بە تواناكانی ماركۆ ئەسینسیۆی ئەستێرەی لاوی تیپەكەی ببەستێ كە لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا باشترین ئاستی پێشكەش كردبوو.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا تا ئێستا 3 گرێبەستی نوێی بۆ یانەكەی ئەنجامداوە ئەوانیش برێتین لە ڤینسیوس جۆنیۆر، ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و ئەندرێ لۆنین.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م