داعش له‌وكاته‌ی جیۆگرافیایه‌كی به‌رفراوانی به‌ده‌سته‌وه بوو، به فرۆشتنی نه‌وت و كۆكردنه‌وه‌ی باج و سه‌رانه، داهاتی زۆر ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد، به‌ڵام دوای رووخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه نه‌ماون. ئێسته كه وه‌ك شانه‌ی نوستوو كار ده‌كه‌ن و رفاندنی مرۆڤ بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی داهاتیان. هه‌ندێك جار به نرخی هه‌رزانیش رفێنراو ئازاد ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له‌و ناوچانه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی رێكخراوه‌كه‌دایه، ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمه، به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" له دوو ساڵی رابردوودا نۆ كه‌س له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه رفێنراون و هه‌ندێكیان به پاره ئازاد كراون.
ده‌شتێكی فراوانی سنووری قه‌ره‌ته‌په تا ده‌گاته عوزێم له ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله، بووه‌ته شوێنی خۆحه‌شاردان و ته‌راتێن و كاره نهێنییه‌كانی داعش، بۆیه تیرۆرستان كۆمه‌ڵێك هاووڵاتییان رفاندووه.
"دوای مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر، به شه‌ش هه‌زار دۆلار رفێنراوێكیان ئازاد كرد"
فایه‌ق قادر حوسێن ناسراو به "مام فایه‌قی گێژ" یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه دیارانه‌ی هۆزی گێژ كه هۆزێكه‌یان گه‌وره‌ن و كوردی سنووری قه‌ره‌ته‌په‌ن. بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه له‌كاتی رفاندنی هه‌ر كه‌سێكیان، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا تیرۆریستان پێوه‌ندییان پێوه بكه‌ن، دواتر پاره‌یان ده‌ده‌نێ و رفێنراوه‌كه ئازاد ده‌كه‌ن.
به‌گوته‌ی مام غایه‌ق، داعش له نێوان قه‌ره‌ته‌په و جه‌له‌ولا به‌ڕووی ده‌شتی عوزێم، رفێنراوان لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه و پاشان به پاره ئازادیان ده‌كه‌ن، له‌كاتی ئازادكردنیش، ده‌بێ كه‌سوكاری رفێنراو ئه‌وكاته‌ی كه‌سه‌كه وه‌رده‌گرنه‌وه، چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆی نه‌به‌ن.
ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه كه "له‌م رۆژانه‌دا كه‌سێك به‌ناوی حه‌سه‌ن والی خه‌ڵكی گوندی نارین، له‌لایه‌ن داعشه‌وه ئازاد كرا، پێش ئازادكردنی من وه‌ك سه‌رۆك هۆز قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن، سه‌ره‌تا بۆ ئازادكردنی داوای 25 هه‌زار دۆلاریان كرد، پاش هه‌فته‌یه‌ك مامه‌ڵه و هه‌وڵی ئازادكردنی هاتنه 15 هه‌زار دۆلار، ئیتر پێم گوتن كه‌سوكاری زۆر به ئه‌سته‌م شه‌ش هه‌زار دۆلاریان بۆ كۆ كراوه‌ته‌وه، رازی بوون به‌و بڕه پاره‌یه و ئازادیان كرد".
مام فایه‌ق باس له شێوه‌ی تیرۆریستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "كاتێك ده‌چی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌سی رفێنراو، هه‌موویان ده‌مامكیان پۆشیوه و به زمانی عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن، هاوكات له ناوچه‌یه‌كی فراوان و چۆڵدان و هیچ هێزێكی لێ نییه، بۆیه به ئاسانی كه‌سانی رفێنراو به چه‌ند رۆژ لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه".
ئه‌و پێی وایه تیرۆریستان ئه‌گه‌ر هه‌موویان خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌بن، هه‌ندێكیان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن چونكه زۆر شاره‌زان.
له گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی تیرۆریسته‌كان درێژه‌ی به‌قسه‌كانی دا و ئه‌وه‌ی دركاند، "له كاتێكدا هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ ده‌ده‌یت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت، ده‌بێ رێزی زۆریان لێ بگری، چونكه كوشتنی رفێنراو به‌لایانه‌وه ئاساییه، بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه ئه‌زموونمان هه‌یه و رفێنراو هه‌یه كوشتوویانه".
ئه‌و سه‌رۆك هۆزه زیاتر گوتی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێكه حه‌سه‌ن والی به پاره ئازاد كراوه، به‌ڵام كه‌سێكی تریان رفاندووه به ناوی جه‌لال بابان، چاوه‌ڕوانن پێوه‌ندییان پێوه بكرێ و بزانن چه‌ند پاره‌یان ده‌وێت بۆیان دابین بكه‌ن، تا ئه‌و رفێنراوه‌ش ئازاد بكه‌ن.
كه‌نال ئیبراهیم به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، داعش به‌هۆی بۆشایی ته‌ناهی و سوودوه‌رگرتن له نه‌بوونی هێزی سوپا و میلیشیا و نه‌مانی پێشمه‌رگه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌رده‌وامن له ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و رفاندن.
زیاتر گوتی، "هێزه عێراقییه‌كان به سوپا و پۆلیس و میلیشیاكانی شیعه‌وه، له ناوچه‌كه ناتوانن پارێزگاری له خۆیان بكه‌ن، ئیتر چۆن پارێزگاری له هاووڵاتییان بكه‌ن.
پێداگری له‌وه‌ش كرد كه تا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان، كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان و رفاندنیش به‌رده‌وام ده‌بن.
ئه‌گه‌رچی داعش وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی مه‌ترسیدار، ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه نه‌مانی مه‌ترسییه‌كانی راگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام به‌گوته‌ی خه‌لیل خوداد به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنی جه‌له‌ولای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێشتا ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان گرتووخانه‌ی نهێنیی هه‌یه و خه‌ڵكی تێدا حه‌شار ده‌دا.
له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان له ماوه‌ی ساڵی رابردوو و ئه‌مساڵ، نزیكه‌ی حه‌وت گرتووخانه‌ی نهێنیی داعش له سنووری حه‌مرین و قه‌ره‌ته‌په و سه‌عدیه ئاشكرا بوون.
به‌پێی ئاماری پۆلیسی پارێزگای دیاله، له دوو ساڵی رابردوودا له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله نۆ هاووڵاتی رفێنراون.
نیهاد محه‌مه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله، بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، داعش زیاتر جووتیار و كاسبكار ده‌كاته ئامانجی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی و به ئاسانی ئه‌و دوو توێژه‌ی بۆ ده‌ڕفێنرێت، چونكه شوێنی كار و كاسبیان له حه‌شارگه‌كانی داعش نزیكه.
وشه/به‌دواداچوونی سه‌بری هۆرینی