سەرۆك بارزانی پیرۆزبایى له‌ کوردستان تیڤی ده‌كات

:: PM:01:15:17/01/2020 ‌
ئه‌مڕۆ سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادی 21 ساڵەی دەستبەکاربوونی کەناڵی (کوردستان تیڤی) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستاڤ و کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤى کرد.

سه‌رۆك بارزانى په‌یامه‌كه‌ى بۆ بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تی ڤی  ناردووه‌، تێدا هاتووه‌، "بەبۆنەی 21 ساڵەی دەستبەكاربوونی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و هەموو ستاف و كارمەندانی دەزگای سەته‌لایتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم."

له‌په‌یامه‌كه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "‎تەلەڤزیۆنی كوردستان دەستپێكی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بوو لەنێو میدیای هەرێمی كوردستان و نموونەی میدیای نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەردەمیش پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و هەست بەبەرپرسیارێتی بووە. كوردستان تیڤی لە ماوەی كاركردنی خۆیدا ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆشەویستیی نیشتیمان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و لەم بوارانەشدا جێگەی دەستی دیارە و ئەو ڕۆڵە هەمیشە جێگەی پێزانین بووە."

‎سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌، "ئەو چاوەڕوانییەش لە دەزگەی سەتەلایەتی كوردستان و كوردستان تیڤی هەیە كە بەتەكنیكی تازە، كاری پڕۆفیشناڵ ئاوێتەی گیانی نیشتیمانپەروەری و وڵاتپارێزی بكات و پێشەنگ بێت بۆ كار و پیشەی ڕاگەیاندن لەكوردستان، دووبارە پیرۆزبایتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی".


وشە - محەمەد میران