ئەمساڵ هەزار و 500 پەناخواز لە دەریای ناوەڕاست خنكاون

:: PM:03:35:28/07/2018 ‌

ساڵانە بە هەزاران كەس بە ئامانجی گەیشتن بە ژیانێكی بەختەوەرتر لە رێ گیان لە دەست دەدەن و ئەمساڵیش رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد تا ئێستە هەزار و 500 كەس لە دەریای ناوەڕاست خنكاون.

هەڵبەت هەمووی ئەوانەی روویان لە ئەوروپا كردووە گیانیان لە دەست نەداوە، بەڵام بە پێی ئەو رێژەیەی رێكخراوەكە خستوویەتەڕوو، لە هەر 19 پەناخواز كە روویان لە ئەوروپا كردووە، یەكێكیان گیانی لە دەست داوە و بەگشتی سەرووی 5%ی پەناخوازان هەرگیز بە ئامانجەكەیان ناگەن.

پێشتر یەكەم وڵات كە پەناخوازان لە رێی دەریاوە روویان تێ دەكرد ئیتاڵیا بوو، بەڵام ئێستە ئەم شوێنە بۆ ئیسپانیا گۆڕاوە و بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو وڵاتە، ئەمساڵ 21 هەزار پەناخواز ناوەكانیان تۆمار كراوە.

بەگوێرەی "دەنگی ئەمەریكا" بە گشتیش 55 هەزار پەناخواز گەیشتوونەتە كەنارەكانی ئەوروپا و هێشتا پێنج مانگ ماوە ساڵی زاینی كۆتایی پێ بێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەكە بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرز ببێتەوە.

هەڵبەت چوونی پەناخوازان بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە و ساڵی 2017 لە حەوت مانگی یەكەمدا سەرووی 111 هەزار كەس روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كرد.

زۆربەی ئەو كەسانەی روو لە ئەوروپا دەكەن، هی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقان و لەشەڕ و بێكاری رادەكەن.





وشە - سلێمان تاشان