خۆپێشاندان لە سەماوەیش دەستی پێ كرد

:: AM:11:24:29/07/2018 ‌
سەدان خەڵك لە دانیشتووانی شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا، بەرەو گۆڕەپانی كۆرنیشی سەماوە دەڕۆن، لە دۆخێكی توندی تەناهی و بە سەربازكردنی شارەكە، دەستیان بە خۆپێشاندان كردەوە.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە خۆپێشاندەران پۆل پۆل بەرەو گۆڕەپانی كۆڕنیشی سەماوە دەڕۆن و لەوێ گەورەترین خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی خۆپێشاندەران بۆ ئەنجامدانی گەورەترین گردبوونەوە و شەپۆلی ناڕەزایی لە شارەكە، هێزەكانی تەناهی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سوپا و میلیشیاكان بە چڕی لە ناوچەكە بڵاوەیان پێ كراوە و دۆخێكی نالەبار لە شارەكە بەرپا بووە.

دەست پێكردنی خۆپێشاندان لە سەماوە لە كاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ لە شارۆكەی زوبێری سەر بە پارێزگای بەسڕە و شاری ناسڕیەیش خۆپێشاندانەكان دەستیان پێ كردەوە و خەڵكێكی زۆر دروشم دژی حكوومەت و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان دەڵێنەوە.

خۆپێشاندانەكان لە هەشتی ئەم مانگەوە لە بەسڕە دەستیان پێ كرد، دواتر لە نۆ شارەكەی باشوور و بەغدایش خۆپێشاندان ئەنجام درا، ئەمەیش ترسی لە دڵی سیاسییەكان دروست كردووە، لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی خۆپێشاندانیش لە شارە جیاجیاكانی عێراق 15 كەس كوژراون و نزیكەی هەزار كەسیش بریندار بوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د